نووسینی: بزاڤ ھیوا احمد
ھەر لەسەرەتای دەست نیشانکردنی بەڕێز (مەسرور بارزانی)ـەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، دەنگۆی بە پۆلیسی کردنی حکومەت دەستی پێکرد و بووبە وێردی سەر زمانی چەند لایەنێک.
بەھۆی ئەوەی کە بەرێزیان راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایش بووە و سەرۆکایەتی دەزگا ھەوڵگریەکانی کردووە، کەسانێکی زۆر لەناو لایەنە سیاسیە جیاوازەکان و تەنانەت ھەندێ کەس لەناو خودی حزبەکەی مەسرور بارزانی وایان بیردەکردەوە کە دیموکراسی ماڵ ئاوایی دەکات و چیتر ئەو ئازادیەی لە ئارادایە بوونی نامێنێت!
خەڵکانێک پێیان وابوو کە لەمەودوا ئازادیەکانی ڕۆژنامەوانی، گەڕان، قسەکردن، کارکردن، کاری حزبی و سیاسی، بازرگانی کردن، کاری پەرلەمانی و ئازادی بە ھەموو جۆرەکانی تریەوە سنووردار دەکرێن.
لە دوای دەست بەکاربوونی ستافی ئەم کابینەیە ئەوەی کە تا ئێستا دەرکەوتووە بریتیە لەوەی کە ئەو ئازادیانەی باسکران ھەموویان ماون و تەنھا ئازادی گەندەڵی کردن، کاری چەتەیی و دزیکردن سنووردارتـرکراوە.
دواین جوڵەی سیاسی پرۆسەی دیموکراسی بەرێزیشیان سەردانکردنی پەرلەمان بوو لەسەر داوای خۆی، ھەروھا بە مانەوە بۆ ئەوکاتە زۆرە بۆ گوێگرتن لەپرسیار و رەخنەی گشت پەرلەمانتاران و وەلامدانەوەی یەک بەیەکی پرسیارەکان، مەسرور بارزانی توانی نموونەیەکی پێشکەوتو و سەردەمیانەی دیموکراسی پیشانی وڵاتانی چاودێری عیراق و ھەرێمی کوردستان بدا.
بیرمان نەچێت کە ئەو ھەموو قونسوڵخانە و نوێنەرایایەتیانەی ولاتانی دەرەوە و ئەو ژمارە بەرچاوەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان چاودێری چڕی بارودۆخی سیاسی کوردستان دەکەن و ئەم ھەنگاوی بایەخدانە بە دیموکراسیەت دەگەیەنن بە شوێنی مەبەستی خۆیان.
لەپاڵ ئەمەشدا نزیک کردنەوەی پەرلەمان و حکومەت بەم شێوەیە ڕوانگەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە سیستمی سیاسی کوردستان ئەرێنی تر دەبێت. گرنگە بیرمان بێت کە حکومەتی ھەرێم لە سەرەتای پێکھێنانی یەکەم کابینەیەوە لەسەر بنەما و بنچینە دیموکراسیەکان دامەزراوە.
ئەگەرچی ئەم پرۆسەی بە دیموکراسیکردنە لە ھەرێم بەھەوڵی گشت کابینەکان گەشەی زۆری بەخۆیەوە بینیوە بەلام، ھێشتا پێویستی بە پێشکەوتنی زیاتر ھەیە و ئەرکی حکومەت، پەرلەمان، پارتەسیاسیەکان و تاکی کۆمەڵگەی کوردستانە کە لەوبارەیەوە ھاوکاربن.