نوێترین هەواڵ
سەرەتا / کوردستان / حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داوا له‌ حكومه‌تی فیدرال ده‌كات به‌ زووترین كات به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم خه‌رج بكات

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داوا له‌ حكومه‌تی فیدرال ده‌كات به‌ زووترین كات به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم خه‌رج بكات

ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/9/30 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن کۆبووەوەوە .

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە بەداخەوە تا ئێستاش ژمارەی تووشبووان و گیان لە دەستدان بە هۆی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان لە زیادبوونە ، بۆیە داوا لە هەموو  دامودەزگا و فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم  کە پابەند بن بە گشت ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان. لە هەمانکاتدا داوا لە هاووڵاتییانیش دەکەم خۆیان بپارێزن.

پاشان جێگری سەرۆکی ئەنجومەن، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە وتەیەکی دەربارەی کۆچی دوایی خوالێخۆشبوو سەلاح کوێخا سەرپەرشتیاریی پێشووی ئیدارەی گەرمیان پێشکەش کرد و  باسی لە‌ جوامێری و دڵسۆزی سە‌ڵاح كوێخا كرد و گوتی كاك سە‌ڵاح وە‌ك چۆن لە‌شاخ پێشمە‌رگە‌یە‌كی ئازا و خە‌باتگێڕێكی دڵسۆز بووە‌، ئاوھاش لە‌ سە‌ردە‌می سە‌رپە‌رشتی كردنی ئیدارە‌ی گە‌رمیان، دڵسۆز و لە‌خە‌می خزمە‌تكردنی گە‌رمیانی پایتە‌ختی ئە‌نفال و گە‌رمیانییە‌كان بووە‌، جومێرانە‌ و مە‌ردانە‌ كاری كردووە‌ و ھاوسە‌نگی حوكمڕانی پاراستبوو، بە‌ناوی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیرانە‌وە‌ پرسە‌ وسە‌رخۆشی ئاراستە‌ی كە‌سوكار و گە‌رمیانییە‌كان دە‌كە‌ین.

هەروەها ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان  سەرەخۆشی لە خەڵک و بنەماڵەی میريی کوێت دەکات بۆ کۆچی دوایی ميری کوێت شێخ ( صباح الاحمد الجابر الصباح)، کە پەیوەندییەکی دۆستانەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبوو.

ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە پاراستنی سەقامگیریی دۆخی عێراق و هەروەها گرنگیی پاراستنی ئاسایشی باڵیۆزخانە و نووسینگە و نێردە دیپلۆماسییەکان لە بەغدا کردەوە ، چونکە تێکچوونی دۆخی عێراق لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی عێراق بە گشتی نییە. 

پاشان هەر یەک لە ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستان ، ڕاپۆرتێکیان دەربارەی دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدرالی سەبارەت بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد، کە لە لایەن لیژنەی دانوستانەوە ئامادەکرابوو،  ئەنجومەنی وەزیران نەخشەڕێگا و پلان و ڕاسپاردە پێشنیارکراوەکانی پەسەندکرد و لیژنەکەشی ڕاسپارد بۆ دەستپێکردنی جێبەجێکردنی و بەردەوامیدان بە ھەوڵەکانی پێشوو لەم دۆسیەدا و سەردانكردنی دەسەڵاتە فیدڕاڵیيەکان لە بەغدا لە نزیکترین دەرفەتدا و کارکردنی جدی بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 ی دەستوور، بەو پێیەی بابەتی خاک وئەو ناوچە ناکۆکی لەسەرانە کاری لە پێشینەی ئەم کابینەیە و جێی بایەخ و گرنگیی ھەرێمی کوردستانە و بابەتە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەرێم وبەغدا، تەنیا بریتی نین لە بواری بوودجە و وزە.

لە کۆتاییدا د.ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکدا بە ژمارە و داتای پێویست، ڕوونکردنەوەی یاسایی و دارایی دەربارەی مووچە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان خستەڕوو. تیایدا جەختکرایەوە لەوەی مووچە و شایستەی دارایی، بە یاسا چەسپێندراوی مووچەخۆرانە و ئەنجومەنی وەزیران، بابەتی دابینکردنی شایستەی دارایی مووچەخۆران لە ئەولەویەتی کاری ئەم کابینەیە داناوە، ئەنجومەن داوا لە حکومەتی فیدڕاڵی دەکات ھەرچی زووە بەشە بودجەی ھەرێم خەرج بکات تا لە نزیکترین دەرفەتدا، لەگەڵ داھاتی ناوخۆی ھەرێم، مووچە دابەش بکرێت. لە ھەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری وەزارەتی دارایی و ئابووریشی پەسەندکرد بۆ زیادکردنی تەمویلی مووچەی داھاتوو  بۆ 82٪‏ لە بری 79٪‏ و کەمکردنەوەی ڕێژەی ڕاگرتنی تەمویل لە 21٪ ‏بۆ 18٪‏.

بەپەلە

مەسرور بارزانی: لە هەموو ناڕەحەتییەكانی تووشبووانی ئۆتیزم و خێزانەكانیان تێدەگەم

سەرۆكی حكوومەت نیو ملیۆن دۆلاری بۆ كردنەوەی سەنتەرێكی ئۆتیزم تەرخان كرد… ئەمڕۆ هەینی مەسرور بارزانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *