نوێترین هەواڵ
سەرەتا / بیروڕا / كە دژی سەربەخۆیی بوویت كەواتە دەتەوێ كۆیلە بیت

كە دژی سەربەخۆیی بوویت كەواتە دەتەوێ كۆیلە بیت

چەند سەیرە ئەم ئەم رەوشەی كوردستان، دز داوای گرتنی خاوەن ماڵ دەكات، جاش و خۆفرۆش داوای دادگاییكردنی نیشتمانپەروەران و سەربەخۆییخوازان دەكەن، كاڵفامان داوای سەركۆنەكردنی فامداران دەكەن، ئەوەی حەز دەكات حەشدی شەعبی بهێنێتە سەر ماڵ و خێزانەكەی خۆی، سووكایەتی بەو پێشمەرگە و شەهیدانە دەكات كە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ لە داستانەكانی پردێ و سحێلا و مەحموودیە و تەلسقۆف، بەرگرییان لە خاكی كوردستان كرد. ئەوەی لە فەیسبووك و تویتەر و تۆڕەكانی تردا، ئاڵای كوردستان و سروودی ئەی رەقیب و وێنە و ڤیدیۆی قارەمانیەكانی پێشمەرگە دادەنێت، عەوامی نەزان و خەڵەتاو و خۆفرۆشەكان پێی دەڵێن (كۆیلە و جاش!)، ئەوەی شانازی بە كەرنەڤاڵەكانی رۆژانی ریفراندۆمەوە دەكات، جاشولكەكان لە تۆڕەكانەوە جنێوبارانی دەكەن و دەنووسن (بژی عێراق!).

نەڵێن ئەمە بەهۆی ئەوەوەیە كە لە كوردستان گەندەڵی هەیە، مووچە نییە، خزمەتگوزاریی ئاو و كارەبا و نەخۆشحانە و جادەوبان نییە! چونكە تۆ كە لەگەڵ سەربەخۆیی كوردستاندا نیت، داوا دەكەیت لەسەر عێراقێك بمێنیتەوە كە لە ریزبەندی یەكەمی وڵاتانی گەندەڵدایە و قەبارەی گەندەڵی لە عێراقدا لانی كەم دووسەد هێندەی گەندەڵیی هەرێمی كوردستانە، داوا دەكەیت لە عێراقێكدا بیت كە دەوڵەمەندترین شاری وەكوو بەسڕای، ئاوی خواردنەوەی نییە، ململانێی تایەفەگەرایی و هێزی میلیشیای نەخوێندەوار، بینەقاقایان گرتووە و لەسەر ناوی عومەر و عەلی خەڵك دەكوژرێت، هەموو باشوور و ناوەڕاستی عێراق شەقامێكی وەكوو سەدوبیست مەتریی هەولێری تیا نییە، دەتەوێ لە عێراقێكی بێ سیادە و وێرانە و كاولبوو و پاشكەوتوودا بمێنیتەوە.

جا گوڵەكەم تۆ كە دژی سەربەخۆیی كوردستانیت، دەتەوێ كۆیلە و ملكەچی ئەو كاولگەیە بیت، خۆ تۆ كەتەلۆنیەك نیت كە دەیەوێ لە وڵاتێكی وەكوو ئیسپانیادا بمێنیتەوە، سكۆتلاندییەك نیت كە بتەوێ لەگەڵ وڵاتێكی وەكوو بەریتانیادا بمێنیتەوە. تۆ دەتەوێ لەگەڵ عێراقێكدا بمێنیتەوە كە بەدرێژایی مێژووی سەد ساڵی، باووبابیرانت، ئەگەر جاش نەبووبن! ئەوە خوێن و فرمێسك و عارەقی چەوساندنەوەیان لێ رژاوە.

بۆیە تۆ كە لەگەڵ جیابوونەوەی عێراق و كوردستاندا نیت، لە كورتترین و باشترین پێناسەدا، فریودراو و لەخشتەبراو و هەڵخەڵەتاویت، هۆكاری چەواشەبوونەكەشت ئەوەیە كە عەوام و نەزانیت و خاوەن دیدگا و فكر و بۆچوونی خۆت نیت و تەسلیم بە ئیرهابی فیكری و وتاری پۆپۆلیستی بوویت، دەنا ئێستا چۆلەكەیەك، مارێك، مریشكێك، كەنارییەك، كەرێك، مانگایاك، پشیلەیەك، سەگێك، لە قەفەزێكدا دانێ، پاشان دەرگای قەفەزی لێ بكەوە و سەرپشكی كە: ئاخۆ ئازادی و سەربەخۆیی دەوێ یان مانەوە لە قەفەزەكەدا؟ بێگومان ئازادی و سەربەخۆییەكە هەڵدەبژێرێت، ئەی ئیتر تۆی ئینسان و تۆی كورد بۆچی خواستی مانەوەی ناو قەفەزەكە و ملكەچی و سەرشۆڕیت هەیە؟!

ساڵانە كە یادی ریفراندۆم دەكەینەوە، چەند كەسێك بە لێداون، یان پۆستی فەیسبووك و تویتەر، یاخود لایڤ كردنەوەی تۆڕەكان، یان لە رێی نووسین و دیمانە و دیدار و لێدوانی میدیاییەوە، دادەبەزنە سەر ریفراندۆمچییە سەربەخۆییخوازەكان. سەرنجم داوە، هیچ كەس لەم (گەجەر و گوجەرانە)، لە یادی خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەردا كە ماوەیەكی كەم دوای یادی ریفراندۆمە، شەكرێ ناشكێنن! نقەیان لێوە نایە! ورتەبڕ دەبن، وەك تەیرەكە وان هیچ ناخوێنن و كە خوێندیشیان دەڵێن گوو! چونكە هەندێ لەوانە كە بە قسەی خۆیان (بێلایەنن!) لە یادی خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەریشدا، ناوێرن هیچ بە خیانەتكاران بڵێن و دیسان دادەبەزنەوە سەر ریفراندۆمچییان، لەكاتێكدا ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بووە و خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر بۆ تەسلیمكردنی خاكی كوردستان بووە.

جا گوڵەكەم نە خۆت هەڵبخەڵەتێنە و نە ئێمەش بە نەزان بزانە، تۆ كە دژی ریفراندۆم و سەربەخۆیی بوویت، كەواتە بتەوێ یان نا، دەكەویتە بەرەی خیانەتكارانی ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە و هاوڕای ئەوان دەبیت و ئاو دەكەیتە ئاشی ئەوانەوە. تۆ كە دژی سەربەخۆیی بیت، كەواتە حەز دەكەیت كۆیلە بیت، چونكە لەنێوان (سەربەخۆیی و ژێردەستەیی)دا بژارەی سێیەم نییە، یان ئەمیانیت یان ئەویان.

ئەوە دوو رۆژە، ئەم بەیت و بالۆرانە دەخوێنمەوە كە دژەریفراندۆمچییەكان دەیدەن بە گوێی خەڵكدا، لە قسەی هەر هەموویاندا، جگە لە بوغز و رق و كینە و نەخۆشیی دەروونی هەمبەر بە سەربەخۆییخوازان، هیچ هۆكارێكی مەنتیقی و لۆژیكی نابینمەوە تا هەست بكەم یەكێك لەوانە سووكە قەناعەتێكم پێ دەكات بەوەی ریفراندۆم بڕیارێكی هەڵە بوو، خۆزگە عاقڵێكیان تێدا بوایە ئەو كارەی پێ بكرایە!

بەپەلە

خوێندنەوەیەکی خێرا بۆ کتێبی پێنجەمی سەرۆک مەسعود بارزانی

نوسینی: هیوا ئەحمەد مستەفا بەرگی پێنجەمی کتێبی بارزانی و بزوتنەوی ڕزگاری خوازی کورد، دەرچوو،کە باس …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *