نوێترین هەواڵ
سەرەتا / کوردستان / سه‌رۆكی حكوومه‌ت گرنگی به‌ كه‌رتی وه‌به‌رهێنان ده‌دات وه‌به‌رهێنه‌رانی بیانی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ كوردستان

سه‌رۆكی حكوومه‌ت گرنگی به‌ كه‌رتی وه‌به‌رهێنان ده‌دات وه‌به‌رهێنه‌رانی بیانی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ كوردستان

رێباز حەملان باسی لە هەمواركردنەوەی یاسای وەبەرهێنان كرد و گوتی: “پڕۆژەی هەموارکردنەوەی یاساكە دراوەتە هەموو وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و دەستەی وەبەرهێنان، هەموو لایەك بۆچوون و پێشنیازی خۆیان داوەتەوە ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان و دەستەی وەبەرهێنان، بۆ ئەوەی هەموو لایەك لە هەموارکردنەوەی یاساکە بەشدار بن، پاشان لە ئەنجوومەنی وەزیران و بۆ پەسندكردنی دەنگی پێ دەدرێت و رەوانەی پەرلەمانی كوردستان دەكرێ”.
روونیشی كردەوە، یاسای وەبەرهێنان هەندێك كەموكوڕیی تێدا بووە و لە ساڵی 2006وە دەرچووە، بەپێی هەموارکردنەوەکە، كەموكوڕییەكانی چاك دەكرێن، گوتیشی: “هەموارەكە بۆ خزمەتگوزاریی باشتر و برەودان بە كەرتی وەبەرهێنان لە كوردستان كاریگەریی باشیشی دەبێت بۆ هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات”.
حەملان جەختی كردەوە، ئەو تێبینییانەی وەبەرهێنەران و كەرتی تایبەت هەیانبووە، بەهەند وەرگیراوە: “رای یەكێتیی وەبەرهێنەران و كۆمەڵێك لە شارەزایان وەرگیراوە، ئەوانەیشی چەندین ساڵە لە كوردستان پڕۆژەیان هەبووە، رایان وەرگیراوە، وێڕای دەزگا پەیوەندارەكانی حكوومەت”.
ئاماژەی بەوەش دا، كەلێنێكی یاسای وەبەرهێنان ئەوە بووە، قازانجی خێرا هەبووە و بیر لە ژێرخان نەكراوەتەوە، دەشڵێت: “هەندێك وەبەرهێنەر قازانجێكی خێرا و زۆریان كردووە، بەڵام نەبووەتە هۆی ئەوەی ژێرخانێكی باشی ئابووری بۆ هەرێمی كوردستان بنیات بنرێت، هەندێك جاریش خەڵكی كەمدەرامەت لەو پڕۆژانە سوودمەند نەبوونە، بۆیە كۆی یاساكە پێویستی بە چاوپێداخشاندنەوە هەبوو”.
یاریدەدەرەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هاتە سەر دۆخی وەبەرهێنان لەدوای هاتنی كۆرۆنا و قەیرانی دارایی و گوتی: “قەیرانی كۆرۆنا گەورەترین قەیرانی دارایی بۆ وڵاتانی جیهان دروست كردووە، لەنێویاندا عێراق و هەرێمی كوردستانیش، بۆیە هەموو كەرتەكانی بازرگانی و دارایی و نەوت و كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری بەم هۆیەوە زیانیان پێكەوتووە، وەبەرهێنەرانیش بەهۆی كۆڕۆنا تووشی زیان بوونە، بۆیە نابێت مل بۆ كۆڕۆنا بدەین و دەبێت كارەكانمان رێك بخەینەوە و خۆمان لەگەڵ دۆخەكە بگونجێنین، ئەگەر چاوەڕێی ڤاكسین و چارەسەری كۆڕۆنا بین، لە زۆر شت دوا دەكەوین، بۆیە جەنابی سەرۆكی حكوومەت دەستی كردووە بە كردنەوەی پڕۆژەكان و دانانی بەردی بناغەی پڕۆژە تازەكان، بۆ ئەوەی بكەوینەوە سەر پێی خۆمان”.
زیاتر گوتیشی: “پشتیوان بە خودا، لە چەند مانگی داهاتوودا كەرتی وەبەرهێنان باشتر برەوی پێ دەدرێت، وەبەرهێنەرانی بیانی لە توركیا و وڵاتانی عەرەبی و گەڕاونەتەوە هەرێمی كوردستان و كارەكانیان دەست پێ كردووەتەوە، حكوومەتیش هەموو كارئاسانییەك دەكات، بۆ ئەوەی كەرتی وەبەرهێنان ببووژێتەوە”.
رێباز حەملان، باسی لە فرەچەشنیی ئابووری و زیادكردنی داهات كرد و گوتی: “لە كارنامەی كابینەی نۆیەمدا باس لەوە كراوە، سەرچاوەكانی داهات هەمەجۆر و زیاد بكرێن، بۆیە دەرگا بە رووی كەرتی تایبەتدا واڵا دەکرێن، هەروەها كەرتی تایبەت و حكوومی پڕۆژەی هاوبەشیان هەبێت، وا بكەین لە داهاتوودا ژێرخانێكی پتەو دروست بكرێت و هەموو پشتبەستنێكمان تەنیا بە نەوت و باج و گومرگ نەبێت، بەڵكوو برەو بە كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵی و گەشتیاری و بازرگانی بدەین، لەسەرووی هەموویانەوە، ئێستا كار بۆ سێكتەری وەبەرهێنان دەكەین”.
ئەو بەرپرسەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەش دا، وەبەرهێنەران لە دۆخی قەیرانی دارایی زۆر هاوكاری حكوومەت بوونە، دەشڵێت: “لە هەموو دۆخەكانی بەسەر هەرێمی كوردستاندا هاتوون، لە شەڕی داعش، لە قەیرانی دارایی لە ساڵی 2014، لەدوای هاتنی كۆڕۆنا، وەبەرهێنەران و سەرمایەداران هەمیشە لە هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان و خەڵك و كیانی هەرێمی كوردستان پێشەنگ بوونە”.

بەپەلە

مەسرور بارزانی: شەهیدانی بۆردومانی قەڵادزێ هەمیشە لەیادمانن

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی لە 50یەمین ساڵڕۆژی بۆردومانی قەڵادزێ بڵاو كردەوە. ئەمڕۆ چوارشەممە 24/4/2024، …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *