نوێترین هەواڵ
سەرەتا / بیروڕا / كێ باسی شەفافیەت دەكات؟

كێ باسی شەفافیەت دەكات؟

دوای بڕیارەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان، پێوەند بە مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەیاننامەیەكی دەركرد و هاوڕای ستافی وزاریی حزبەكەی بوو لەوەی كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە قورسیی ئەو رەوشە داراییە ناجۆرەی رووی لە هەرێمی كوردستان كردووە، تێدەگات، كە بەهۆی لێكەوتەكانی قەیرانی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و كەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆ و بڕینی ئەو بەشە كەمەی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان دەهات لە بەغداوە، هاتووەتە ئارا.


پاش چەند سەعاتێك لە بڵاوبوونەوەی ئەو بەیاننامەیەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە میدیاكاندا، لاهوور جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی، لەگەڵ ئەوەی فەرمانی دا ئەو بەیاننامەیە لە زۆربەی میدیاكانی یەكێتی و خۆیدا بسڕدرێتەوە، تویتێكیشی بڵاو كردەوە، سەیرترین دێڕی ئەو تویتەی ئەمە بوو: ”ئەگەر حكوومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا نەگاتە رێككەوتن، شەفافیەت نەبێت لە خەرجی و داهات، یەكێتی ناچێتە ژێر باری مووچەبڕین“!


سەیرە، ئێوە سەرنج بدەن بزانن كێ باسی شەفافیەت دەكات! لە كاتێكدا نەك هەر پارتی، بەڵكوو پەرلەمانتاران و بەرپرسە حكوومیەكانی حزبەكانی تریش، هەموان باس لەوە دەكەن كە ئێستا تاكە داهاتی قەبە و زەبەلاح كە رۆژانە ملیۆنان دۆلارە و هیچ شەفاف نییە و حكوومەتی هەرێم و تەنانەت خودی یەكێتییش وەك حزب، نازانن چۆن كۆ دەكرێتەوە، ئەو داهاتەیە كە گرووپی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری نێو یەكێتی لە سنووری زۆنی خۆیان دەستیان بەسەردا گرتووە.


تەحەدا دەكەم، پارێزگاری سلێمانی و ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بزانن داهاتی ناوخۆی سلێمانی بەتەواوی و بەدروستی چەندە؟ تا ئێستاش تەنیا سەدا پازدەی داهاتی سلێمانی دێتە گەنجینەی حكوومەتی هەرێمەوە لە هەولێر، كەس وردەكاریی تەواوی خەرجكردنی سەدا هەشتاوپێنجەكەی لا نییە، ئەگەر لاشی بێت، بۆی نییە وردبینیی تێدا بكات. تەحەدا دەكەم پارێزگاری هەڵەبجە و بەرپرسانی حكوومیی ئیدارەی گەرمیان، بزانن داهاتی مەرزە سنووریەكانیان چی لێ دێت! رۆژانە قاچاخچێتی و سەرانە سەندن لە مەرزە سنوورییەكانی زۆنی یەكێتی بە سەدان هەزار دۆلارە و نە حكوومەت ئاگای لێیە و نە ئەو بەرپرسە حكوومییانەی سەر بە جەماعەتی لاهوور جەنگی نین، دەزانن بۆچی ئەم سەرانەیە دەسەندرێت و داهاتی ئەو قاچاخچێتییە زۆرە چی لێ دێت!


لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە تا ئێستا، رۆژانە بە سەدان تەنكەر نەوتی دزراوی كەركووك، بە نێو زۆنی یەكێتیدا ئاودیو دەكرێت و داهاتەكەشی كە ملیۆنان دۆلارە، بۆ میلیشاكانی كەركووك و قاسەی گرووپی 16ی ئۆكتۆبەر دەڕوات، كەس ناپرسێت كوا داهاتی ئەو نەوتە قاچاخە؟


بەڕێز ئاواتی شێخ جەناب، وەزیری دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر پشكی بزووتنەوەی گۆڕان، دوای بڕیارەكەی ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە مووچە، زۆر جوان وەڵامی ئەو موزایەدەیەی دایەوە كە میدیاكانی سەر بە لاهوور جەنگی كردیان، وەزیری دارایی گوتی: ”لەجیاتی قسەی زل و موزایەدە، دەبوو ئەو موزایەدچییانە بەشداریی دابینكردنی مووچەیان بكردایە، یان هەر هیچ نەبێت، دەستبەرداری زیادەڕۆیی مەرزەكان بن“.


رزگار محه‌مه‌د، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان لە دیمانیەكدا بۆ (باسنیوز) ئاشكرای كرد: ”له‌گه‌ڵ هه‌ردوو ئه‌ندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی (محه‌مه‌دی شێخ و كه‌ریم عه‌لی) چووینه‌ مه‌رزه‌كان‌، ئه‌وه‌ی له‌و مەزانە روو ده‌دات له ‌سه‌رده‌می به‌ره‌ی كوردستانییشدا نه‌بووه‌، خه‌ڵك هه‌یه‌ بەڕێوەبەری ئاسایشی یه‌كێتییه‌، هه‌موو رۆژێك 10 ده‌فته‌ر دۆلار له‌ گواستنەوەی سووتەمەنی و به‌نزین وه‌رده‌گرێت“.


هەروەها روونی كردەوە: ”لە مەرزەكانی زۆنی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی، قاچاخی به ‌جگه‌ری ئاژەڵ، هێلكه‌، مه‌وادی به‌نزیەوە دەكرێت، من سێ خاڵی پشكنینم كردووه‌ له‌ سلێمانی، كۆمپانیایەك له‌و مه‌رزانه‌، پەنجا ملیۆنی هه‌یه‌، پاككەرەوە دانراوه‌ بۆ ته‌عقیمكردنی ئۆتۆمبێل، رۆژانه‌ هەزار ئۆتۆمبێل دێن و دەچن و پاك دەكرێنەوە، حسابمان كردووه‌ بۆ هەزار ئۆتۆمبێل‌، رۆژانە 12 ده‌فته‌ر دۆلار وه‌رده‌گیرێت. له‌ خاڵێكی دیكه‌ مه‌وادی به‌نزین هاتوچۆی پێ ده‌كرێت و داهاتەكەی رۆژانه‌ خۆی له‌ 10 ده‌فته‌ری دۆلار ده‌بینێته‌وه‌، ئه‌م پارانەش هەمووی‌ شه‌خس دەیانبات، ئەگەر ئه‌م پارانه‌ رۆژانه‌ بچێته‌ خەزێنەی حكوومه‌ته‌وه،‌ گرفتی مووچه‌ و خزمه‌تگوزاری نامێنێت“.


هەموو ئەمانە هەن، بۆیە سەعید هەركی، جیگری سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان، لە وەڵامی ئەو تویتەی لاهوور جەنگیدا گوتی: ”ئەگەر لاهوور جەنگی راست دەكات و دەیەوێت شەفافیەت هەبێت و خەمی مووچەی فەرمانبەرانیەتی، با داهاتی ئەو مەرزانە كە خۆی سەرپەرشتیی كۆكردنەوەیان دەكات، بگەڕێنێتەوە بۆ حكوومەت، ئیدی پارەی پێویست بۆ مووچە دەستەبەر دەبێت“.

بەپەلە

رێكەوتننامەی ستراتیژیی سێیەم… بنه‌مایه‌ك بۆ مانه‌وه‌ و گەشەپێدانی قه‌واره‌ی هەرێمی كوردستان

دابەشبوونی هه‌رێمی كوردستان بەسەر چەند هێزێکی سیاسی، فاکتێکە نکوڵیی لێ ناکرێت. لێكترازان و ململانێی ئەم …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *