
دابەشکردنی پسوولەی کارەبای مانگی پێنج لە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی دەستی پێکرد و بەمزوانەش لە دهۆك دەست پێدەکات و بەگوێرەی داتاکان زیاتر لە یەك ملیۆن هاووڵاتی لە سەرانسەری کوردستان کە یەکسانە بە 15٪ـی دانیشتووان، سوود لە پرۆژەی رووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بە نرخێکی گونجاو دەبینن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بری 1.4 ملیار دیناری گەڕاندووەتەوە بۆ ئەو هاووڵاتییانەی کە پێشتر پسوولەی کارەبایان لەسەر نرخە ئەزموونییەکە بۆ هاتبووەوە و بەمەش زیاتر لە 60 هەزار هاووڵاتی سوودمەند بوونە لەم هەنگاوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە تێکڕا بڕی پارەی گەڕێندراو لە هەندێك گەڕەك نزیکەی 80 هەزار دیناربووە و لەم ژمارەیەش زیاتر لە 10 هەزار خێزان هیچ بڕەپارەیەك بۆ پسوولەی کارەبای مانگی پێنج نادەن.
دوای ئەو بڕیارەی حکومەت گەڕەکی شادیی هەولێر کە یەکەم گەڕەك بوو پڕۆژەی رووناکیی تێدا جێبەجێ کرا بۆ مانگی پێنج 90٪ـی هاووڵاتییان هیچ بڕەپارەیەک نادەن و لە شوێنە بازرگانییەکانی پارێزگای هەولێریش کە پرۆژەی رووناکیی تێدا جێبەجێ کراوە 8٪ـیان هیچ بڕەپارەیەك بۆ مانگی پێنج نادەن.
پرۆژەی رووناکی پڕۆژەیەکی نیشتمانیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و ئامانجی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ هاووڵاتییان، لە پڕۆژەی رووناکی 80٪ـی خێزانەکان پارەیەکی کەمتر دەدەن بە کارەبا بەراورد بە پێشوو (کۆی پارەی کارەبای مۆلیدە و نیشتمانی). بەهۆی ئەم پڕۆژەی رووناکی هاووڵاتییان بە ئاسوودەیی دەتوانن هەموو ئامێرەکانیان بەکار بهێنن کە کۆنتڕۆڵی تەواوی بەکارهێنان لە دەستی هاووڵاتییانە، هەروەها بەهۆی ئەم پڕۆژەیەش ژاوەژاو و پیسکردنی ژینگە لەلایەن مۆلیدەی گەڕەکەکانەوە کەم دەبێتەوە، بۆ یارمەتیدانی زیاتری هاووڵاتییانیش حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی 50٪ بۆ مانگی یەکەم و 25٪ بۆ مانگی دووەم و 15٪ بۆ مانگی سێیەم پاڵپشتیی هاووڵاتییان دەکات.