
ڕۆژی سێشەممە 10ی 6ی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای لە حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد، کار بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکەن لە ڕێگەی “دیالۆگی بنیاتنەر و بەردەوام”، هۆشداریشی دا لەوەی بەردەوامبوونی قەیرانەکە ڕەنگە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر کەشی وەبەرهێنانی عێراق هەبێت.
تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەمیانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە واشنتۆن، ڕایگەیاند: “ئەمریکا لە نزیکەوە چاودێریی قەیرانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکات”، جەختیشی لەوە کردەوە “چارەسەرکردنی ناکۆکیی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر ئەم پرسە دەبێت لە ڕێگەی گفتوگۆی بنیاتنەرەوە ئەنجام بدرێت کە لەگەڵ بەرپرسیارێتییە دەستوورییەکان بگونجێت”.
ئاماژەی بەوەش کرد، چارەسەرکردنی قەیرانی مووچە ئاماژەیەکی ڕوون دەنێرێت کە عێراق کەشێکی لەبار بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنان دروست دەکات، لەنێویاندا لەلایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە. سەرکەوتن لەم پرۆسەیەدا یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەهێزکردنی هاوکاریی فراوانتر لەنێوان هەردوو لایەن، وەک دووبارە کردنەوەی بۆریی عێراق-تورکیا و فراوانکردنی گەڕان بەدوای وزەدا”.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە کە مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەکانی ئەمدواییەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق، “پشتیوانی واشنتۆنی بۆ هەرێمی کوردستانی بەهێز و یەکگرتوو دووپات کردەوە”، ئاماژەی بەوەش کرد “ئەمە ڕەگەزێکی سەرەکی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق پێکدەهێنێت.”