نوێترین هەواڵ
سەرەتا / کوردستان / سەرۆكی حكوومەت: ئامانجمانە لە ماوەی 10 ساڵدا 20 ملیۆن گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان ڕابکێشین

سەرۆكی حكوومەت: ئامانجمانە لە ماوەی 10 ساڵدا 20 ملیۆن گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان ڕابکێشین


ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی (ڤیزت کوردستان Visit Kurdistan) ڕاگەیەنرا، کە دەستپێشخەریەکی کەرتی تایبەتە بە هاوکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ برەودان بە کەرتی گەشتوگوزاری و ڕاکێشانی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان.
لە ڕێورەسمەکەدا سەرۆکی حکوومەت گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا ئاماژەی بەوە دا کە حکوومەتی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی پلانەکانیدا بۆ بایەخدان بە هەموو کەرتەکان، گرنگی و بایەخێکی زۆریشی بە کەرتی گەشتیاریی داوە.
گوتیشی هاتنی گەشتیارانی دەرەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەرفەتێکی باش بۆ تێکەڵاوبوونی کولتوورە جیاوازەکان و زیاتر ناساندنی هەرێمی کوردستان بە دنیای دەرەوە دەناسێنێت. لە سەردەمی ئەمڕۆی شۆڕشی تەکنەلۆجیاشدا ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا دەتوانن ڕۆڵێکی کارا وکاریگەر و ئەرێنێ لە بواری زیاتر ناساندنی کوردستاندا بگێڕن.
دەقی گوتارەکەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان:-
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبووانی بەڕێز
ئێوارەتان باش
خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەی بەڕێز بەشدارم لەم ڕێورەسمەدا، کە تایبەتە بە کردنەوەی سەکۆ و پلاتفۆرمی ڤیزیت کوردستان. دەستخۆشی لە بەڕێوەبەران و گشت کارمەندانی ئەو سەکۆیە دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
ئەم سەکۆیە، دەستپێشخەریەکی دیکەیە بۆ زیاتر ناساندنی کوردستان بە دەرەوە و ڕاکێشانی گەشتیارانی بیانی بۆ هەرێمی کوردستان.
حکوومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی پلانەکانیدا بۆ بایەخدان بە هەموو کەرتەکان، گرنگی و بایەخێکی زۆریشی بە کەرتی گەشتیاریی داوە. بێگومان هەرێمی کوردستان لە ڕووی گەشتیارییەوە خاوەنی بنەما و پێگەیەکی گرنگ و شایستەیە و دەکرێ ببێتە یەکێک لە سەرچاوە هەرە گرنگەکانی داهات و دەرفەتێکی زۆری کاریش بۆ گەنجەکانمان برەخسێنێت.
کوردستان خاوەنی دیمەن و سروشتێکی جوان و دڵگەشە کە دەکرێ سوود لە هەر چوار وەرزەکە وەربگیرێت لە بواری گەشتوگوزارییەوە. لە ڕووی مێژووییشەوە ئێمە خاوەنی دەیان ناوچە و شوێن و داستانی گرنگی مێژوویی و شوێنەوارین کە گەشتیاران، بە تایبەتی گەشتیارانی بیانی، دەتوانن سەردانیان بکەن. بۆ نموونە چەندین شوێن و مەزاری کۆن و دێرین و پیرۆزی ئایینی وەک مزگەوت و کلێسا و پەرستگەی هەموو ئایینەکان لە کوردستان هەن وەک مەڵبەندێکی بەیەکەوەژیانی ئایینی و ئاشتییانەی هەموو پێکهاتەکان. هەروەها لە کوردستان سەدان شوێنەوار و شوێنی گەشتوگوزارمان هەن کە لە ئاستی جیهانیشدا، زۆر ناسراون بۆ نموونە ئەشکەوتی شانەدەر و قەڵای هەولێر، هەروەها وڵاتی ئێمە کە بە وڵاتی میزۆپۆتامیا ناسراوە نیشتمانی دەیان داستانی ئەدەبی و مێژووییە لەوانە داستانی گلگامێش (گردگامێش)ی سەردەمی سۆمەرییەکان و شەڕی گۆگامێلا و هاتنی ئەسکەندەری مەزن بۆ ئەم ناوچەیە.
هاتنی گەشتیارانی دەرەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەرفەتێکی باشە بۆ تێکەڵاوبوونی کولتوورە جیاوازەکان و زیاتر ناساندنی هەرێمی کوردستان بە دنیای دەرەوە دەناسێنێت. لە سەردەمی ئەمڕۆی شۆڕشی تەکنەلۆجیاشدا، ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا، دەتوانن ڕۆڵێکی کارا وکاریگەر و ئەرێنێ لە بواری زیاتر ناساندنی کوردستاندا بگێڕن.
ئامانجی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە بە هاوکاری کەرتی تایبەت، بتوانێت لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا، 20 ملیۆن گەشتیاری بیانی ڕابکێشین بۆ سەردانی وڵاتەکەمان. ( ڤیزیت کوردستان)یش نموونەیەکی کارکردنی هاوبەشیی کەرتی تایبەت و گشتییە بۆ هاندان و سەرنجڕاکێشانی گەشتیاران، ئەم سەکۆیە نموونەی تەواوکەری کار و پلانەکانی حکومەتە بۆ زیاتر پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری و سەرەنجام بەهێزکردنی ئابووری کوردستان.
ئامادەبووانی بەڕێز:-
وەک ئاگادارن ئێمە لە کاتێکدا ئەم ڕێورەسمە دەکەین کە بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵی، بە شێوەیەکی ناڕەوا و نایاسایی و نادەستووری، بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی خەڵکی کوردستانیان داوە، ئەمەش بەشێکە لە سیاسەتی گوشار خستنە سەر هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە کاروانی ئاوەدانیی و پێشکەوتنی خۆی بوەستێت کە بە دڵنیاییەوە لەم هەوڵەیاندا سەرکەوتوو نابن و ئێمە بە پشتیوانیی خوای گەورە و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا، چەندین دۆخی سەختمان تێپەڕاندووە، بۆیە خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە هەرگیز و لەژێر هیچ فشارێکدا، دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانمان نابین.
ئێمە هەموو پابەندییەکی دەستووری کە لەسەرمان بووە، زۆر بە زیادەشەوە جێبەجێمان کردووە. چاوەڕێشمان دەکرد لە بەرامبەردا، مافەکانی خەڵکی کوردستانیش بدرێت، بەڵام بە داخەوە ڕێز لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و تەنانەت لەو رێککەوتنناش ناگیرێت کە ئیمزایان کردووە.
بەرپرسانی بەغدا، دەبێ بزانن کە عێراق وڵاتێکی فیدراڵییە و هەرێمی کوردستانیش بە پێی دەستوور، قەوارەیەکی یاسایی و دەستوورییە و دەبێ لەو چوارچێوەیەدا، مامەڵە و هەڵسوکەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت. نەک بە عەقڵییەتی مەرکەزی و سزادانی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان کە لە سەدەی ڕابردوودا، ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی دەسەڵاتتدار لە بەغدا، بە ئاگر و ئاسن و بەکارهێنانی هەموو چەکێک، ڕووبەڕووی ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان بوونەوە، بەڵام ئەم سیاسەت و ڕەفتارانە جگە لە ماڵوێرانی و وێرانکاری هیچ سوودێکی بۆ عێراق نەبووە. بۆیە هیوادارم بەرپرسانی بەغداش واز لەو سیاسەتە چەوتەی برسیکردنی خەڵکی کوردستان و پێشێلکردنی مافە ڕەواکانی گەلی کوردسان بێنن، چونکە هیچ سوود و ئەنجامێکی نابێت.
ئێمە لە هەوڵەکانمان بۆ چارەسەری ئەم قەیرانە بەردەوام دەبین، هیوادارین لە کاتێکی زوودا بگەینە ئەنجامێک کە لەبەرژەوەندی هەموولایەکدا بێت.
جارێکی دیکەش پیرۆزبایی کردنەوەی ئەم سەکۆیە گرنگەتان لێ دەکەم و دەستخۆشی لە هەموو بەڕێوەبەران و گشت کارمەندانی ئەم دەستپێشخەرییە دەکەم و هیوادارم هەمیشە وڵاتەکەمان لە پێشکەوتنی زیاتردا بێت.

بەپەلە

پەیامێک لە بارەگای بارزانییەوە r

بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان بە توندی سەرکۆنەی تیرۆرکردنی سەفا مەشهەدانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *