
شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاشکرای کرد کە درەنگانی ئەمشەو بۆ کاتی بەرەبەیان ئەگەری چالاکبوونی هەورەبرووسکەی زۆر بەهێز و تاوەبارانی بەخوڕی بەهاری و بارینی تەرزە لە هەندێک شوێن هەیە.
ئەمشەو چوارشەممە 14/5/2025، هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی، شارەزای بواری کەشناسی بڵاوی کردووەتەوە: “درەنگانی ئەمشەو بۆکاتی بەرەبەیان و سبەینێش پێنجشەممە لە کاتەکانی خۆرهەڵاتن بەدواوە بەهۆی هاتنی بڕێکی باشی شێ ڕێژەیی بۆ تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ئەگەری چالاکبوونی هەورەبرووسکەی زۆر بەهێز و تاوەبارانی بەخوڕی بەهاری و بارینی تەرزە لە بەشێکی زۆر ناوچەکانی دهۆک، هەولێر، باکووری کەرکووک، موسڵ، ئیدارەی زاخۆ، ئیدارەی ڕاپەڕین، سلێمانی، هەڵەبجە و بەشێک لەناوچەکانی گەرمیان هەیە.”
ئاماژەی بەوەش داوە: “ئێوارەی سبەی پێنجشەممە ئەو کەشە ناسەقامگیرە کە ماوەی چەند ڕۆژێکە ڕوویکردۆتە هەرێمی کوردستان بەرەو لاوازبوون دەچێت و کۆتایی بەم شەپۆلی بارانبارینە دێت، بەڵام لە هەندێ ناوچەی شاخاوی تا درەنگانی شەو دەمێنێتەوە.”
ئەوەشی خستووەتە روو: “لە 17ی ئەم مانگە بەدواوە پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت و لە هەفتەی سێیەمی ئەم مانگە یەکەم شەپۆلی گەرمای پڕوکێنەر ڕوو لە تەواوی ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەکات و کاریگەری ئەو شەپۆلی گەرمایە دەگاتە هەرێمی کوردستانیش.”
ئەو شارەزایەی بواری کەشناسی راشی گەیاندووە بەهۆی زیادبوونی خێرایی باوە لەوانەیە تەپ و تۆزی ناوخۆیی یان خۆڵبارین ڕووبدات.