
ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ی 5ی 2025، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سکرتێر و مەکتەبی سکرتارییەتی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان کرد بە بۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەکەیان. ئەمەش دەقی پەیامەکەیە: بەڕێزان سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتارییەتی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەکەتان، کۆنگرەی یەکگرتن و هەڵبژاردنتان بە سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتارییەتی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکەم و هیوای سەرکەوتن و پێشەکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم.
یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، خاوەنی مێژووییەکی پڕ لە شانازییە لە خەباتی ڕێکخراوەیی و داکۆکیکردن لە ماف و داخوازییەکانی قوتابیان و لاوان و خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیی و نیشتمانیمان.
هیوادارم لەم قۆناغە نوێیەی ڕێکخراوەکەتاندا، بە شێوازێکی پێشکەوتووتر و لە ڕێگەی زانست و هزری داهێنەرانەوە، زیاتر کار لە پێناو پيشخستنی هەوڵ و تواناکانی قوتابیان و لاوانی کوردستان بکەن و وەک هەمیشە پشتیوانیی پرس و دەسکەوتە نیشتمانییەکان و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بن.
پیرۆزبایی سەرکەوتنی کۆنگرەی یەکگرتنەوەتان لێ دەکەم و هەموو پشتیوانییەکی خۆمتان بۆ دووپات دەکەمەوە.