نوێترین هەواڵ
سەرەتا / کوردستان / ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی حكوومەت راگەیەنرا

ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی حكوومەت راگەیەنرا

بە سەرپەرشتی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوە، گفتوگۆكردن بوو لەسەر ڕەشنووسی بڕیـاری ئەنجـوومەنی وەزیـران سـەبارەت بە (پـڕۆژەی ڕوونـاكی) بـۆ دابینكـردن و دەستەبەركردنی خزمەتگوزاریی كارەبای 24 سەعاتی بۆ هاوبەشانی تۆڕەكـانی كارەبـای نیشـتمانی بە شــێوەیەكی فــراوان و بە بەردەوامــی و كەمكــردنەوەی تێچــووی بەكارهێنــان و ڕێگــریكردن لە بەهەدەردان و هاوسەنگی لە دابەشـكردن و پاراسـتنی ژیـنگە و تەندروسـتی گشـتی و جێبەجێكردنـی ئەم پـڕۆژە نیشتمانییە، لەلایەن كەرتی گشتیی و وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەبێت.

بۆ ئەم بڕگەیەی كارنامەی كۆبوونەوەكە، وێڕای وەزیری كارەبا میوانداریی هەردوو بەڕێوەبەری گشتی دیوان و دابەشكردنی كارەبای هەرێم كرا بوو بۆ خستنەڕووی وردەكاریی پڕۆژەكە و وەڵامدانەوەی پرسیار و سەرنجەكان.

سەرۆك وەزیران لە سەرەتادا، ئاماژەی بە گرنگیی ئەم پڕۆژەیە كرد و ئاماژەی دا بەوەی كە ئەم پڕۆژەیە، بڕگەیەكی پەسەندكراوی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە كە لە لایەن پەرلەمانی كوردستانەوە لە مانگی تەمووزی 2019 پەسەندكرا و لەسەر بنەمای ئەو بەرنامەیە متمانە بە كابینەكە درا.

سەرۆك وەزیران، ئەم پڕۆژەیەی بە یەكێك لە دەسكەوتە گرنگەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی ناوبرد كە داوا و خواستی چەندین ساڵەی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بووە و مافێكی ڕەوا و سەرەتایی هاونیشتمانیانیش بوو كە بكرێتە ئەركی لە پێشینەی ئەم كابینەیە بۆ ڕێكخستنەوە و ڕیفۆرمیی جیددی لە كارەبادا.

سەرۆك وەزیران دووپاتیشی كردەوە كە دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری، پڕۆژەیەكی نیشتیمانییە كە خاوەندارێتی بۆ وەزارەتی كارەبایە و بە هێزی كاری خۆماڵی كەرتی گشتیی جێبەجێ دەكرێت و چەندین قازانج و سوودی گشتیی هەیە لە ڕووی ژینگەیی و تەندروستی و هەروەها خەرجییەكەشی بۆ زۆرینەی خەڵك كەمترە لەو پارەیەی كە هاووڵاتییان بە موەلیدە و پارەی كارەبای نیشتمانی پێكەوە، دەیدەن.

سەرۆك وەزیران داواشی لە هاووڵاتییان كرد كە بە شێوەیەكی بەرپرسیارانە و بە پێی پێویستیی خۆیان كارەبا بە كاربهێنن و بەفیڕۆی نەدەن، بەو پێیەی بڕی بەكارهێنانی كارەبا، لێرە بە دواوە لە ژێر كۆنتڕۆڵی هاووڵاتییان دەبێت و بە پێی بەكارهێنان پارە دەدەن، ئەمەش لە كۆتاییدا هاوكار دەبێت بۆ كەمكردنەوەی تێچووی كارەبا و بەكارهێنانەوەی داهاتی بەدەستهاتوو لە پاڵپشتی زیاتری هاوبەشانی تۆڕی كارەبای نیشتیمانی و سەرخستنی پڕۆژەكە و فراوانكردنی كە وا بڕیارە تا كۆتایی ساڵی2026 ، تەواوی هاوبەشانی هەرێمی كوردستان سوودمەند بن لە خزمەتگوزاریی كارەبای بەردەوامی بیست وچوار كاتژمێری.

پاشان كەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەبا، ڕاپۆرتێكی بەرفراوان و بە داتا و زانیاریی وردی پێشكەش كرد و باسی لە وردەكارییەكانی پڕۆژەكە و قازانجەكانی بۆ هاووڵاتییان كرد، هەروەها ئاماژەی بەو چاكسازیانە كرد كە لە قۆناخی ئەزموونیی پڕۆژەكە ئەنجامدرا، بە ئاراستەی كەمكردنەوەی نرخی تێچووی كڕینی كارەبا لە لایەن هاووڵاتییان و پێشكەشكردنی پاڵپشتی دارایی بۆ ئاسانكاریی لە پێناوی خۆگونجاندنی هاووڵاتیان لەگەڵ پڕۆژەكەدا.

دواتر ڕەشنووسی بڕیـاری ئەنجـومەنی وەزیـران سـەبارەت بە پڕۆژەی كارەبای بیستوچوار كاتژمێری ( پـڕۆژەی ڕوونـاكی ) و وردەكارییەكانی بۆ ئەنجومەن خرایەڕوو بەمەبەستی گفتوگۆ و بڕیاردان.

لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و وەڵامدانەوەی پرسیارەكانی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژە بڕیارەكەی بە كۆی دەنگ پەسەند كرد و وەزارەتی كارەبای ڕاسپارد بۆ دەركردنی ڕێنمایی پێویست بۆ ئاسانكاری جێبەجێكردنی بڕیارەكە كە هەر بە گوێرەی بڕیارەكە، لیژنەیەكی باڵا لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بە سەرپەرشتی سەرۆك وەزیران و بەشداریی جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیرە پەیوەندیدارەكان پێكهات بۆ بەدوادچوون و هەڵسانگاندنی بەرەوپێشچوونەكانی پڕۆژەكە وسەرخستنی بە ئاراستەی خزمەتكردنی هاووڵاتییان و ڕەچاوكردنی بارودۆخیان بە تایبەتیش كەمدەرامەتان.

لە بڕگەی دووەمدا ، گفتوگۆ لەبارەی ڕاسپاردنی وەزارەتەكان و لایەنەكانی نەبەستراو بە وەزارەت لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە كرا بۆ هاوئاهەنگی و هاریكاری دەستەی هاوبەشی وردبینی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان كە ئێستە سەرقاڵی ئامادەكردنی ڕەشنووسی ڕاپۆرتی هاوبەشن لە سەر وردبینی دارایی هەرێمی كوردستان لەبەر ڕۆشنایی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ بۆ ساڵەكانی 2023 ، 2024 ، 2025 .

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دووپات لە بەردەوامبوونی هاریكاری و هاوئاهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ ، لە هەمانكاتدا دووپاتی كردەوە كە دەبێ حكوومەتی فیدراڵ وەك هەرێمێكی فیدراڵ و قەوارەیەكی دەستووری ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكات و ڕێز لە مافە یاسایی و دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بگرێت و بەشە بودجەی هەرێم وشایستە داراییەكانی لە بودجەی گشتی فیدراڵ بێ كێشە دابین بكات بە تایبەتیش كە هەرێمی كوردستان سەرجەم داواكارییە تەكنیكی و ژمێریاریی و یاساییەكانی حكومەتی فیدڕاڵیی سەبارەت بە لیستی مووچە و خانەنشینیی و تەرازووی پێداچوونەوە و دابینكردنی ژمارەی كەسی بێهاوتا بۆ سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم لە سەرجەم كەرتە جیاوازەكانی خزمەتی وەزیفیی جێبەجێكردووە و هیچ كەموكوڕییەكی تەكنیكی لەم ڕووەوە نەماوە تا بكرێتە بەهانە بۆ ڕاگرتنی خەرجكردنی شایستە داراییەكانی مووچەخۆرانی هەرێم كە مافێكی یاسایی ڕەوای مووچەخۆرانە و دادگای باڵای فیدڕاڵیش بە ئاشكرا دووپاتی لەم مافە كردووەتەوە.

بەپەلە

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی نوێی هیندستان دەکات

ئەمڕۆ یەکشەممە 6/22، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بریجیش کۆمار، کونسوڵی گشتیی …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *