
یەکشەممە، 09-03-2025، سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووس بەشدار بازیانی, لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە سەرکۆنە کرد.
سەندیکای ڕۆژنامەنووسان جەختی لەوە کردووەتەوە “دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووس بەشدار بازیانی, لەلایەن ئاسایشی سلێمانی، بەبێ ئاگاداری پێشوەختە و بەبێ بڕیاری دادگا، پێشێلکردنی یاسای کاری ڕۆژنامەوانییە.”
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە “ڕێگەنەدان بە کەسوکارەکەی بۆ سەردانیکردنی، پێشێلێکی زەقی یاساییە و دوورە لە ڕێزگرتن لە بنەماکانی ئازادی بیروڕا و ڕۆژنامەگەریی .”
ئەنجوومەنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان داوای ئازادکردنی دەستبەجێی ڕۆژنامەنووس بەشدار بازیانی دەکات و “داواکارین دۆسیەی دەستگیرکردنەکەی بەلاڕێدا نەبرێت.”
ڕۆژی هەینی، 28-02-2025، ڕۆژنامەنووس بەشدار بازیانی، لەلایەن هێزەكانی ئاسایشى سلێمانی لەگەڵ سێ هاوکاری دیکەی دەستگیر کرا، دواتر هاوکارەکانی ئازاد کران، بەڵام خۆی تاوەکوو ئێستە لە زینداندا ماوە.