به ئاماده‌بوونی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له دیپلۆمات و به‌رپرسان، له شاری هه‌ولێر، ڕێوڕه‌سمی یادی ده‌یه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی زانكۆی ئه‌مه‌ریكی كوردستان-دهۆك به‌ڕێوه‌چوو.
له ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا، مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئه‌میندارانی زانكۆی ئه‌مه‌ریكی-كوردستان له دهۆك گوتارێكی پێشكه‌ش كرد و تێیدا دووپاتی له‌وه كرده‌وه كه زانكۆی ئه‌مه‌ریكی، زانكۆیه‌كه به ئامانجی هێنانی باشترین به‌رهه‌مه‌كانی بۆ وڵاته‌كه‌مان دامه‌زراوه و له بنه‌ڕه‌تدا له پێناو به‌هێزكردن و په‌ره‌پێدانی تواناكانی لاوانی كوردستانه، چونكه لاوان ناوه‌ند و بنه‌ما و پایه‌ی سه‌ره‌كی فه‌له‌سه‌فه‌ی زانكۆكه‌ن.
ده‌قی گوتاره‌كه:
به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كاك نێچیرڤان بارزانی،
به‌رپرسان ، دیپلۆماتكاران، میوانه به‌ڕێزه‌كان، مامۆستایان، قوتابیان، ده‌رچووان و هاوڕێیانی زانكۆی ئه‌مه‌ریكی كوردستان،
ئێواره‌تان باش.
ئه‌مڕۆ، بۆ یادكردنه‌وه‌ی ڕووداو و ده‌ستكه‌وتێكی به‌رچاو كۆبووینه‌ته‌وه، كه ده‌یه‌مین ساڵیادی كردنه‌وه‌ی زانكۆی ئه‌مه‌ریكی كوردستان – ه له دهۆك. كه بووه‌ته جێگه‌ی شانازی و ئیلهامبه‌خشێكی بێ ئه‌ندازه‌یه بۆ هه‌موومان و ساتێكه كه بۆ چه‌ندین نه‌وه‌ی داهاتوومان یادی ده‌كرێته‌وه.
به‌ناوی خۆم و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، پیرۆزباییه‌كی گه‌رم ئاراسته‌ی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه ده‌كه‌م كه به‌شێك بوون له‌م گه‌شت و سه‌ركه‌وتنه ناوازه‌یه.
ئه‌و كاته‌ی درێژه‌م به خوێندن له زانكۆیی ئه‌مه‌ریكی له واشنتن دی سی ده‌دا، به‌رده‌وام بیر و خه‌یاڵم لای ئه‌و قوتابییه زیره‌ك و به‌هره‌مه‌ندانه‌ی كوردستان بوو، كه ده‌رفه‌تی ده‌ستگه‌یشتنیان به سیسته‌مێكی خوێندنی نێوده‌وڵه‌تی ئاست به‌رز نه‌بوو؛ بۆیه به‌رده‌وام هه‌وڵم ده‌داو خه‌ونم به داهاتوویه‌ك ده‌خواست كه ئه‌وانیش ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان بۆ بڕه‌خسێت و له سیسته‌مێكی خوێندنی ئاست به‌رزی جیهانی سوودمه‌ند ببن به بێ ئه‌وه‌ی پێویست بكات نیشتیمان جێبهێڵن. له‌و كاته‌دا ئه‌مه له خه‌ونێكی گه‌وره ده‌چوو، به‌ڵام من ده‌ستم پێوه‌گرت و ده‌ستبه‌رداری نه‌بووم.
دوای 30 ساڵ، هه‌ست به خۆشحاڵیی ده‌كه‌م كه ده‌بینم ئه‌و خه‌ونه له دروستكردنی زانكۆی ئه‌مه‌ریكی كوردستان هاتووه‌ته‌دی، به سوود وه‌رگرتن له نموونه‌ی په‌روه‌رده و خوێندنێكی ئه‌مه‌ریكی؛ زانكۆی ئه‌مه‌ریكی، زانكۆیه‌كه به ئامانجی هێنانی باشترین به‌رهه‌مه‌كانی بۆ وڵاته‌كه‌مان دامه‌زراوه و له بنه‌ڕه‌تدا له پێناو به‌هێزكردن و په‌ره‌پێدانی تواناكانی لاوانی كوردستانه، چونكه لاوان ناوه‌ند و بنه‌ما و پایه‌ی سه‌ره‌كی فه‌له‌سه‌فه‌ی زانكۆكه‌ن.
پێویسته هه‌موومان شانازی به‌و ئاست و قۆناخه‌وه بكه‌ین كه پێی گه‌یشتووین. كاتێك زانكۆی ئه‌مه‌ریكی كوردستان-مان دامه‌زراند، ڕووبه‌ڕووی به‌ربه‌ستی به‌رچاو بووینه‌وه. تیرۆریستانی داعش ته‌نیا 12 كیلۆمه‌تر له باڵاخانه و كامپسی زانكۆكه‌وه دوور بوون، ئێمه‌ش له‌كاتێكدا له به‌ره‌كانی پێشه‌وه بووین بۆ به‌رگریكردن له نیشتمان و زێدی خۆمان ، به‌ڵام له هه‌مانكاتدا كۆبوونه‌وه‌ی بێشومارمان ئه‌نجام ده‌دا بۆ دامه‌زراندنی زانكۆكه. تیرۆر و دواتریش په‌تای كۆڤید 19، به‌ربه‌ستی مه‌ترسیدار بوون له به‌رده‌ممان . به‌ڵام به‌هۆی خۆڕاگریی و پابه‌ندییمانه‌وه، له درێژه‌دان به گه‌شته زانستییه‌كه‌مان به‌رده‌وام بووین.
له ساڵی 2018 ده‌ستمان به هه‌نگاوه‌كانی به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌پێكردنی ئاستی خوێندنی باڵای ئه‌مه‌ریكی كرد. سه‌ره‌ڕای ئاسته‌نگه‌كان، توانیمان باوه‌ڕ به ده‌سته‌ی خوێندنی باڵای ( نیو ئینگلاندNew England ) بهێنین تا بێنه كوردستان و ده‌ست به پرۆسه‌ی متمانه‌پێدانی ئه‌كادیمی بكه‌ن. ئه‌مڕۆ به شانازییه‌وه ده‌ڵێم كه زانكۆی ئه‌مه‌ریكی كوردستان، تاكه دامه‌زراوه‌یه له هه‌موو عێراقدا، كه له قۆناخی پاڵێوراوبووندایه بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و متمانه ئه‌كادیمییه، واته نمره و متمانه‌پێكردنه ئه‌كادیمییه‌كه‌ی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی خوێندنی ئه‌مریكاوه دانپێدانراوه و قوتابیان ده‌توانن نمره و ده‌ستكه‌وته زانستییه‌كانیان بگوازنه‌وه هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌كی تری جیهان. ئه‌م ده‌ستكه‌وته ته‌نیا داننان نیه به پێوه‌ره ئه‌كادیمییه‌كانمان، به‌ڵكو به‌ردی بناخه‌ی ڕوانگه‌ی فراوانتری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه بۆ دامه‌زراندنی ده‌زگایه‌كی متمانه‌پێكردنی نیشتمانی، كه ده‌سته‌ی متمانه‌به‌خشینه به دامه‌زراوه‌كان و پڕۆگرامه‌كانی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا له هه‌رێمی كوردستان.
به‌م ده‌سكه‌وته ناوازه‌یه، زانكۆی ئه‌مه‌ریكی كوردستان، ده‌توانێت ڕۆڵێكی كاریگه‌ر له ژینگه‌ی سیسته‌می خوێندنی باڵا له ئاستی هه‌رێمیی و نیشتیمانیدا بگێڕێت. هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ دیدگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ ساڵی 2030، زانكۆی ئه‌مه‌ریكی كوردستان، شانازی به‌وه ده‌كات كه سه‌رپه‌رشتی ده‌سته‌یه‌كی كاركردن ده‌كات له‌سه‌ر نموونه و ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی خوێندن به ناوی خوێندنی K19، كه تایبه‌ته به به‌رزكردنه‌وه‌ی پێوه‌ره ئه‌كادیمییه‌كان، به‌هێزكردنی دڵنیایی جۆریی و پێشنیاركردنی چاكسازییه بنچینه‌ییه سیاسییه‌كان بۆ پێشڤه‌بردنی خوێندن و په‌روه‌رده بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو.
زانكۆی ئه‌مه‌ریكی كوردستان، بووه‌ته چرای نمونه‌ییبوون، نه‌ك ته‌نیا له بواری خوێندن به‌ڵكوو له بواری ته‌ندروستیشدا. كۆلێژی په‌رستارییمان له پێشه‌نگی داهێناندایه، پسپۆڕه‌كانی داهاتووی چاودێری ته‌ندروستی، به زانیاریی پێشكه‌وتوو و لێهاتوویی پڕچه‌ك ده‌كات. ده‌رچووانمان كه به به‌هاكانی پیشه‌ییبوون ئاوێته بوون و به به‌هره و لێهاتووییه‌كانی سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌م ئاماده كراون، له شوێنی كاره‌كانیان و ده‌ره‌وه‌ش، سه‌رمه‌شقی گۆڕانكارییه‌كانن. وێڕای ئه‌وه‌ش، ئێمه له دابینكردنی پرۆگرامی په‌ره‌پێدانی پیشه‌یی بۆ خاوه‌ن پیشه‌كان له هه‌ردوو كه‌رتی گشتی و تایبه‌تیش به‌شدارین.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، زانكۆی ئه‌مه‌ریكی كوردستان، رۆڵێكی گرنگ له به‌ره‌وپێشبردنی ئابورییه‌كه‌مان ده‌گێڕێت، ئه‌وه‌ش له ڕێگه‌ی ئاماده‌كردنی هێزی كار و بازاڕی كار كه توانستی هاوتابوون و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئاسته‌نگه هاوچه‌رخه‌كانیان هه‌بێت. ئه‌مه هاوته‌ریبه له‌گه‌ڵ ئامانجی زانكۆی ئه‌مه‌ریكی كوردستان بۆ په‌ره‌دان نه‌ك به سیسته‌می په‌روه‌رده‌كه‌مان، به‌ڵكو به‌ره‌وپێشبردنی ژینگه‌ی ئابووری نه‌ته‌وه‌كه‌مان.
خۆشحاڵم كه ڕایبگه‌یه‌نم نزیكه‌ی 70%ی قوتابیانمان سوود له سكۆله‌رشیپ و ده‌رفه‌تی خوێندنی جیاجیا ده‌بینن، ئه‌مه‌ش له ڕێگه‌ی هاوكاریی و به‌خشه‌نده‌یی به‌خشه‌ره‌كانمان، ئه‌مه وێڕای پاڵپشتی و هاوكاریی به‌خشه‌ر و هاریكار و دامه‌زراوه و ڕێكخراوه نێوه‌خۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان و هاوبه‌شه دامه‌زرێنه‌ره‌كانمان. له پێناو دڵنیابوون له به‌رده‌وامیی توانستی دارایی، سندووقی هاریكارییمان له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا دامه‌زراندووه، جیا له‌مه‌ش، پلانی فراوانترمان بۆ گه‌شه‌ی زیاتر له ساڵانی داهاتوو هه‌ی.
هیچ كام له‌م ده‌سكه‌وتانه، به بێ هه‌وڵ و ماندووبوون و پاڵپشتی بۆردی ئه‌مینداران نه‌ده‌هاتنه دی. له ماوه‌یه‌ی ده‌یه‌ی ڕابردوو، ڕوانگه و پابه‌ندییه‌كانیان، رۆڵێكی كارای له سه‌ركه‌وتنی ئه‌م دامه‌زراوه‌یه هه‌بووه. لێره‌وه زۆر سوپاسی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی زانكۆكه ده‌كه‌م كه سه‌ركردایه‌تی زانكۆكه‌یان له كاته سه‌خته‌كاندا كردووه و كاریان بۆ گه‌شه و نمونه‌ییبوونی زانكۆكه كردووه.
ئه‌مڕۆ كه به بۆنه‌ی ده‌یه‌مین ساڵیادی كردنه‌وه‌ی زانكۆكه ئاهه‌نگ ده‌گێڕین، با ته‌نیا له ده‌ستكه‌وته‌كان نه‌ڕوانین، به‌ڵكو ڕوو بكه‌ینه داهاتوویه‌كی ڕووناكتریش. به‌یه‌كه‌وه ده‌توانین زانكۆی ئه‌مه‌ریكی كوردستان بكه‌ینه وێنه‌یه‌كی نمونه‌یی تا داهاتووی خوێندنی باڵا له وڵاته‌كه‌مان وه‌كو پایه‌یه‌كی پرۆسه‌ی دروستكردن و داڕشتنی ده‌وڵه‌تسازیی بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌مان دابڕێژێت.
به پێویستی ده‌زانم لێره‌دا، سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراسته‌ی به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كاك نێچیرڤان بارزانیی بكه‌م، بۆ پاڵپشتی به‌رده‌وامی له زانكۆی ئه‌مه‌ریكی كوردستان له ده ساڵی ڕابردوودا. سوپاس بۆ فاوه‌نده‌یشنی زانكۆی ئه‌مه‌ریكی كوردستان بۆ خۆته‌رخاكردن و خه‌مخۆریی و پابه‌ندبوونمان به ئامانجه‌كانمان.
له كۆتاییدا، سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆم ئاراسته‌ی حكومه‌تی فیدراڵی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌م بۆ ئه‌و پاڵپشتییه به‌خشنده و به‌رده‌وامه‌ی له ماوه‌ی چوارساڵی رابردوودا، پێشكه‌شی زانكۆی ئه‌مه‌ریكی كوردستان-ی كردووه.
زۆر سوپاس و دووباره پیرۆزبایی له هه‌موو ئه‌وانه ده‌كه‌م كه به‌شێك بوون له چیرۆكی ئه‌م سه‌ركه‌وتنه.