قەیس محەمەداوی بە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراقی ڕاگەیاندووە کە هێزە ئەمنییەکان دەتوانن عێراق بپارێزن و بۆ هەموو ئاڵنگارییەک ئامادەن.
محەمەداوی ڕاشیگەیاندووە کە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، پابەندی پاراستنی عێراقن.
پێشتر فەرماندەی هێزە سنوورپارێزکانی عێراق فەریق محەممەد عەبدولوەهاب سکر سەعیدی ڕایگەیاندبوو، ڕێکاری ئەمنی بەهێزیان لەسەر سنوورەکانی نێوان عێراق و سووریا گرتووتە بەر.
فەرماندەی هێزە سنوورپارێزکانی عێراق وێڕای ئاماژەکردن بە گرتنەبەری ڕێکاری ئاسایشی توندتر لەسەر سنوورەکان، جەختی لەوەش کردبوویەوە کە سنوورەکان لە ئاسایشی تەواودان و هیچ پێشێلکارییەک هەستی پێنەکراوە.
جەختی لەوەش کردەوە کە هێزێکی پتەو لەسەر سنوورەکان جێگیر کراون.
هەروەها وەزیری بەرگریی عێراق سابت عەباسی ڕایگەیاندبوو کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر چەشنە هێرشێک لە ئاسمان و زەوییەوە لە ئامادەباشی تەواو دان.