نوێترین هەواڵ
سەرەتا / کوردستان / ئەنجوومەنی وەزیران پشتگیریی لە سەرژمێریی دانیشتووان دەکات

ئەنجوومەنی وەزیران پشتگیریی لە سەرژمێریی دانیشتووان دەکات


ئەنجوومەنی وەزیران پشتگیریی لە سەرژمێریی دانیشتووان دەکات

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، لەسەر پرسی سەرژمێری و هەناردەکردنەوەی نەوت و مووچەی خەڵکی کوردستان کۆبووەوە.
چوارشەممە 6ی تشرینی دووەمی 2024، بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان کرد بە بۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و بە سەرکەوتنی خەڵکی کوردستانی ناوبرد و گوتی: “پرۆسەکە بە پێی هەڵسەنگاندنی چاودێرەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە شێوەیەکی سەرکەوتوو و لە کەشێکی ئارام و لە چوارچێوەی ڕێزگرتن لە بنەماکانی دیموکراسی بەڕێوەچوو، کە ئەمەش دەستکەوتێکە بۆ خەڵکی کوردستان و پرۆسەی دیموکراسی و نیشانەی ئاستی بەرزی هوشیاری خەڵکی کوردستانە.”
سەرۆک وەزیران هەروەها جەختی کردەوە “کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی ئەرکە سەرەکیيەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان بێ جیاوازی، تا پێکهێنان و دەستبەکاربوونی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم.”
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، دوا پێشهاتی تایبەت بە پرسی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق لەلایەن دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان خرایە ڕوو. کە ئاماژەی بە دەرەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ لە بەغدا لە 2024/10/31 بە ئامادەبوونی سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و وەزیری پلاندانانی فیدراڵ و وەزیرە کوردەکانی حکوومەتی فیدراڵ کرد.
لە بەشێکی دیکەی ئەم تەوەرەدا، ئاماژە بە بڕیاری کۆبونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ درا سەبارەت بە پرسی سەرژمێریی دانیشتووان و هەڵسەنگاندن بۆ بڕگەکانی بڕیارەکە کرا.
لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشیی لە وەزیری پلاندانان و شاندنی حکوومەتی هەرێم کە شێلگيرانە داکۆکیان لە مافە دەستووریەکانی خەڵکی کوردستان کردووە، لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ پرۆسەی سەرژمێری دانیشتووان بۆ مەبەستی گەشەپێدان دووپات کردەوە، هەروەک جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، چەندین سەرنج و تێبینی لە سەر پرۆسەیە تۆمارکردووە تاوەکوو سەرژمێریەکە جێی ڕەزامەندی هەموو پێکهاتەکان بێت و بەلاڕێدا نەبرێت بۆ مەبەستی دیکەی جگە لە مەبەستی گەشەپێدان. هەروەها جەخت کرایەوە کە دەبێت ئەم سەرژمێرییە، بە هیچ شێوەیەک، بۆ مەبەستی سیاسی بەکار نەهێنرێت و هیچ کاریگەرییەکی نەرێنیشی لەسەر جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور و یەکلاکردنەوەی پرسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ( ناوچە کێشە لەسەرەکان) نەبێت و بەهیچ جۆرێک نابێت ببێتە جێگرەوەی ئەو میکانیزم و ڕێکارە دەستووریانەی لە ماددەی 140ی دەستووری عێراق جێگير کراون ، هەروەک دادگای باڵای فیدراڵیش لە بڕیاری ژمارە 73ی ساڵی 2010 جەختی لێ کردووەتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش، ئەنجوومەنی وەزیران لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە ئەو پێشنیارانەی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر ئەم پرسە پەسەندکران، بگەیەننە حکوومەتی فیدراڵ و داواش لە هەموو لایەنە کوردستانییە پەیوەندیدارەکان لە هەرێم و بەغدا کرا کە لەمبارەیەوە، پشتیوان و هاوکاربن.
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لە بارەی دوا پێشهاتەکانی بارودۆخی دارایی و مووچە و بابەتی ژمارەی وەزیفی فەرمانبەران و هەندێک ڕێکاری نوێی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2024 ، کە لەلایەن ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون خرایە ڕوو.
ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی پێویستە حکوومەتی فیدراڵ لە ژێر هیچ پاساو و بیانوویەک، مووچەی هەرێمی کوردستان دوانەخات یان لێی ببڕێت و ڕێگری نەکات لە دابینکردنی شایستەی مووچەخۆرانی هەرێم ، بەڵکوو پێویستە هاوشێوەی مووچەخۆران لە ناوچەکانی دیکەی عێراق ، مووچەی هەرێمیش لە کاتی خۆی و بە بێ کەموکوڕی خەرج بکات هەر وەک دادگای باڵای فیدراڵ بە ڕوونی لە بڕیارەکانیدا داوای کردووە بابەتی مووچە تێکەڵی هیچ ناکۆکیيەکی نێوان هەردوو حکوومەت نەکرێت، بەو پێیەی شایستەی یاسایی مووچەخۆرانە و دەبێت بە دوور بگیرێت لە هەر ناکۆکیەکی سیاسی، تەنانەت ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ لە دوا بڕیاری خۆی، وەزارەتی دارایی عێراقی پابەند کردووە کە بەردەوام بێت لە خەرجکردنی مووچەی هەرێم تا کۆتایی ئەمساڵ. هەروەها وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم، لە ماوەی ڕابردوودا، سەرجەم کەموکورتی لیستەکانی مووچەیان ڕاست کردووەتەوە و ناردویانە بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ، بۆ ئەوانەشی کە تا ئێستا بایۆمەترییان نەکردووە یان ژمارەی وەزیفیی بێ هاوتایان نییە، ڕۆژی 20ی ئەم مانگە وەک دوا وادە دەستنیشان کراوە، بۆیە ئەنجومەنی وەزیران داوا لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەکات کە بە زووترین کات، مووچەی مانگی 10 خەرج بکات و ڕێکاریی جیاکاریی بەرامبەر هەرێمی کوردستان نەگرێتە بەر لە جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ڕێکارە داراییەکان.
لە بڕگەی کۆتاییدا، گفتوگۆ لەبارەی نوێترین پێشنیاری حکوومەتی فیدراڵ سەبارەت بە هەموارکردنەوەی ماددەی 12ی تایبەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت کرا و ئەنجامی دوا کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و کۆمپانیا نەوتییەکان، لەلایەن کەمال محەممەد ساڵح وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت و شاندی دانوستانکار خرایە ڕوو.
ئەنجوومەنی وەزیران هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دووپات کردەوە کە دەبێ هەرچی زووە، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمو دەست پێ بکاتەوە کە ئەمەش لە بەرژەوەندی حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێم و تەنانەت کۆمپانیا نەوتیەکانیشە، ئەنجومەنی وەزیران هیواخوازە کە هەموارکردنەوەی ماددەی 12 لە یاسای بودجەی عێراق، ببێتە دەرفەتێک بۆ چارەکردنی ئەم کێشەیە و هەرچی زووە نەوتی بەرهەمهێنراوی کوردستانیش، هەناردەی بازاڕە جیهانیيەکان بکرێتەوە کە بێگومان ڕۆڵی سەرەکی دەبێت لە زیادکردنی داهاتی گشتیی وڵات و برەودان بە وەبەرهێنان لەم بوارەدا.

بەپەلە

لە شەقڵاوە کەسێک دایک و خوشکی خۆی کوشت

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ڕایدەگەیەنێت: لە شەقڵاوە کەسێک تەققەی لە دایک و خوشکی خۆی کردووە و …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *