نوێترین هەواڵ
سەرەتا / کوردستان / سەرۆکی حکوومەت: دوای ئەوەی ئەركی سەرۆكایەتیی كابینەی حكوومەتم پێ سپێردرا، هەوڵێكی جددیم دا بۆ ئەوەی سەرچاوەكانی داهاتی ئابووریی هەرێمی كوردستان فرەچەشن بكەین

سەرۆکی حکوومەت: دوای ئەوەی ئەركی سەرۆكایەتیی كابینەی حكوومەتم پێ سپێردرا، هەوڵێكی جددیم دا بۆ ئەوەی سەرچاوەكانی داهاتی ئابووریی هەرێمی كوردستان فرەچەشن بكەین

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکی گرنگ و تایبەتدا، لەگەڵ کەناڵی (العربیه) باسی لە بارودۆخی هەنووكەییی ھەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی حكوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق و گفتوگۆکانی ھەردوولا بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و کۆمەڵێک بابەتی دیکە کرد. ئەمەش دەقی وەرگێڕدراوی بەشی دووەمی چاوپێكەوتنەکەیە:

العربیە: هەرێمی كوردستان ئارامە، زۆر لە عەرەبەكان كاتێك داعش هێرشی كرد، هاتنە هەرێمی كوردستان، كامانەن گرنگترین پرۆژەكانی ئابووری و وەبەرهێنان كە ئێستا لە هەرێمی كوردستانی عێراق كاریان لەسەر دەكەن؟

سەرۆكی حكوومەت: دوای ئەوەی ئەركی سەرۆكایەتیی كابینەی حكوومەتم پێ سپێردرا، هەوڵێكی جددیم دا بۆ ئەوەی سەرچاوەكانی داهاتی ئابووریی هەرێمی كوردستان فرەچەشن بكەین، ئێمە تەنیا پشت بە وزە یان نەوت و غاز نابەستین وەك تاكە سەرچاوەی ئابووریی هەرێمی كوردستان، بەڵکوو هەوڵمان داوە كە كەرتەكانی كشتوكاڵ و گەشتیاری و پیشەسازی پێش بخەین، هەروەك كارمان لەسەر پێشخستنی كەرتەكانی پەروەردە و فێركردن و تەندروستی كردووە. هەموو ئەوانە بە ئامانجی فرەكردنی سەرچاوەكانی داهات و زیادكردنی ئەو خزمەتگوزارییانەیە كە پێشكەش بە هاووڵاتیان دەكرێت. ئەمانە ئەو كەرتانەن كە سەرنجمان خستوونەتە سەر.
هەروەها زۆر چاكسازیمان كردووە كە گرنگترینیان ئەوەیە لە سیستەم و خزمەتگوزارییەكاندا پشت بە شێوازی ئەلیكترۆنی ببەسترێت، هەروەها سیستەمی بانكیش بۆ ئەلیكترۆنی بگۆڕدرێت، لەگەڵ ڕێكخستنی ئەو خزمەتگوزارییانەی كە لە لایەن وەزارەتەكانەوە پێشكەش دەكرێن و خەرجییە حكوومییەكان كەم بكرێنەوە و كارەكانی حكوومەت دووبارە ڕێك بخرێنەوە بە شێوەیەكی زانستی لەسەر بنەمای داتا و زانیاریی دروست. ئەمانە ئەو كارانە بوون كە هەنگاوی زۆر باشمان بۆ ناوە و دەستكەوتیشمان هەبووە، بەڵام هێشتا ئێمە بە قۆناخی دوایی نەگەیشتووین.

العربیە: دەوڵەتی سەرۆك وەزیران، چۆن پەیوەندیتان لەگەڵ شانشینی عەرەبیی سعوودی هەڵدەسەنگێنن؟ هەروەك دەزانن ئەمڕۆ كونسوڵخانەی سعوودیە لە هەرێمی كوردستان هەیە و پاشكۆی بازرگانیی سعودیە لە هەرێمی كوردستان هەیە و هەروەها سێ ملیار دۆلار لە لایەن سندووقی وەبەرهێنانی سعوودییەوە بۆ عێراق تەرخان كراوە و چاوەڕوان دەكرێت سەردانێك هەبێت لە لایەن وەزیری وەبەرهێنانی سعودیە لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە پیاوانی كار، چین ئەو هەلە بازرگانییانەی كە دەكرێت لەگەڵ شانشینی عەرەبیی سعودی بڕەخسێندرێت و چۆن پەیوەندییەكەتان لەگەڵیان هەڵدەسەنگێنن؟

سەرۆكی حكوومەت: بێگومان سعودیە یەكێكە لە وڵاتە هەرە گرنگەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەیوەندییەكی بەهێز و مێژووییمان بە شانشین و گەلی سعودیە و خانەوادەی شاهانە هەیە و ئێمە زۆرمان پێ خۆشە كە ئەو پەیوەندییانە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو پێشتر بچن.
بوونی ئەوان و بوونی كونسوڵخانەی گشتیی شانشینی عەرەبیی سعودیە لە هەرێمی كوردستان ئاماژەیە بۆ بوونی پەیوەندییەكی بەهێز لە نێوان هەرێم و شانشین، بە تایبەتیش لەبارەی ئەوەی باست كرد لەسەر تەرخانكردنی بڕێك پارە بۆ بەهاناوەچوونی عێراق، هیوادەخوازین هەرێمی كوردستانیش پشكی لەم بڕە هەبێت و ئێمە ویستی ئەوەمان هەیە كە ئەو پەیوەندییە بەهێز پێش بخەین و چاوەڕێی سەردانی هەر شاندێكیش دەكەین كە لە شانشینەوە بێت و بە دڵنیاییەوە ئێمە زۆر بە خۆشحاڵییەوە پێشوازییان لێ دەكەین و ئێمە حەز دەكەین كە پەیوەندییەكانمان ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو پێشتر بچێت.

العربیە: كامانەن ئەو پرۆژانەی وەبەرهێنان كە ئامانجتان لێی ئەوەیە سەرەنجی دەرەكییان پێ ڕابكێشن؟ گرنگترین ئەو پرۆژانەی كە دەتانەوێ بۆ وەبەرهێنەران بێت کامەنانە؟ ئایا یاسای وەبەرهێنانتان ڕاكێشەری وەبەرهێنەرانە؟

سەرۆكی حكوومەت: زۆر بوار هەن كە وەبەرهێنەران دەتوانن سوودی لێوەربگرین و وەبەرهێنانی تێدا بكەن، بۆ نموونە لە كەرتی كشتوكاڵیدا پێگەیەكی زۆر گرنگ و سرووشتێكی باشمان هەیە بۆ زۆر لە كێڵگە كشتوكاڵییەكان. نموونەیەكی سادەت بۆ باس دەكەم، لە سەرەتای دروستكردنی ئەم كابینەیەدا بەرهەمی پەتاتەی هەرێمی كوردستان گەیشتبووە 520 هەزار تەن، بەڵام بە بایەخدانی زیاتر بەو بوارە، ئەمڕۆ زیاتر لە 650 هەزار تەن بەرهەم دەهێنین و بەشێكی بۆ دەرەوە هەناردە دەكەین، ئەمە جگە لە بەرهەمهێنانی گەنم و برنج و سەوزە و میوە. ئێمە هەم خۆمان سوودی لێ دەبینین، هەم دەكرێ بۆ ناوچەكانی تری عێراق، جگە لەوەی ئێمە هەناردەكردنی بەرهەمە ناوخۆییەكانمان بۆ وڵاتانی دونیا و بە تایبەتیش وڵاتانی كەنداو دەست پێكردووە كە وڵاتانی كەنداو دەرگای خۆیان بۆ بەرهەمە ناوخۆییەكانمان كردۆتەوە تاوەكوو بۆ ئەوان و وڵاتانی عەرەبی هەناردەی بكەین، هەروەك دەستیشمان بە هەناردەكردنی بەرهەمەكانمان بۆ ئەورووپا و هەموو وڵاتانی دونیا كردووە و هیوادارین ئەم دەرگایە فراوان بكرێت.
هەروەها بواری دیكەش هەن وەك كەرتی پیشەسازی، هەرێمی كوردستان لە كانزاكان دەوڵەمەندە و دەكرێ وەبەرهێنان لەو بوارەدا سەركەوتنی تێدا بەدەست بهێندرێت، ئەمەش سوود بە وەبەرهێنەر و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانیش دەگەیەنێت.
یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان یاسایەكی زۆر باشە و بەرژەوەندیی وەبەرهێنەر رەچاو دەكات، بۆیە بوارەكانی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان زۆرن و ئێمەش هەموو هەوڵێكمان خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەی هەست بە ئەمان بكەن و متمانەیان بەرامبەر بە سیستەمی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان هەبێت. حكوومەت بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیكردنی وەبەرهێنەران، هیوادارین ئەوانیش لەو ماوەیەی لێرەدا ئیش دەكەن، مورتاح بن و دڵنیا بن لەوەی كە پشتیوانیی حكوومەتیان لەگەڵدایە.

العربیە: بەشێك لەو كێشانەی كە ڕووبەڕووی وەبەرهێنەران دەبێتەوە، گەندەڵییە، ئایا توانیوتانە بەسەر ئەو دیاردەیەدا زاڵ بن؟

سەرۆكی حكوومەت: هەروەكوو باسم كرد یاسای وەبەرهێنانمان هەیە، تێیدا هەموو ڕێنمایی و ڕێوشوێنەكانی تایبەت بە وەبەرهێنەری تێدایە، ناتواندرێت بە هیچ شێوەیەك گەندەڵی و بەرتیل ڕیگەپێدراو و قبوڵکراو نییە. ئێمە هەموو هەوڵێكمان خستۆتە گەڕ بۆ ڕێگەگرتن لەپێش هەر ڕەفتارێكی نایاسایی كە لە دەرەوەی یاسای وەبەرهێنان بێت. ئەگەر هەر وەبەرهێنەرێك هەر بەڵگەیەكی هەبێت كە بیسەلمێنێت مامەڵەكردن لەگەڵیدا تەندروست نەبووە، حكوومەت ئامادەیە پێداچوونەوە بەو بابەتە بكات و پشتیوانیی دەكات بۆ ڕێگەگرتن لە گەندەڵی. ئێمە پێداگرین لەسەر چاكسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بەڵام بابەتەكە بەو ئاسانییە نییە و ناتواندرێت ئەم كێشەیە بە شەو و ڕۆژێك چارەسەر بكرێت. شتێكی ئاساییشە كە ئێمە هەموو ئامانجەكانمان بەدی نەهێنابێت، بەڵام لانی كەم ڕێگەمان نەداوە بە بەردەوامبوونی گەندەڵی و تا ئاستێكی زۆر گەورەش بەرەنگاری بووینەتەوە و شەڕی گەندەڵیمان كردووە و كەمتەرخەمیش لە هیچ هەوڵێك ناكەین بۆ داخستنی ڕێگە بە ڕووی گەندەڵیدا.

العربیە: تا چ ئاستێك هێرشەكانی توركیا و هێرشەكانی ئێران و هێرشی میلیشیاكان كاریگەرییان لەسەر بابەتی ڕۆیشتنی وەبەرهێنەر و گەشتیاران لە هەرێمی كوردستان هەبووە؟

سەرۆكی حكوومەت: زۆربەی ئەو ناوچانەی كە ڕووبەڕووی پرۆسە سەربازییەكان دەبنەوە، ناوچە سنوورییەكانن كە بە جوانترین ناوچە لە ڕووی سرووشتییەوە لە هەرێمی كوردستان دادەنرێن. دەمەوێ ئەوەتان وەبیر بێنمەوە كە زۆرینەی دانیشتوانی ئەو ناوچانە لە سەردەمی رژێمی سەدام حوسێن، گوندەكانیان ڕووبەڕووی وێرانكاری بوونەوە، لەو ماوەیەشدا 4500 گوند وێرانكران. بەڵام ئێمە نەمانتوانیوە هەموو ئەو گوندانە ئاوەدان بكەینەوە، بەهۆی ئەو ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییانەی كە ئەمڕۆ دەیانبینین. زۆربەی دانیشتوانی ئەو گوندانە ئاژەڵدار و جووتیارن، ئەوان ناتوانن جارێكی دیكە بچنەوە گوندەكانیان و سوود لە زەوییەكانیان یان لە سرووشتی ئەو ناوچانە وەربگرن.كەرتی كشتوكاڵی لە هەموو كەرتەكانی تر زیاتر لە ناوچە سنوورییەكان زەرەرمەند بووە، چونكە زۆر لە ناوچەی سرووشتیی جوان لەخۆی دەگرێت، هیوادارم بگەڕێینەوە بۆ ئەو ناوچانە و ئاشتی و ئارامیشی بۆ بگەڕێنینەوە و شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەكان كۆتاییان بێت و ڕێز لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەروەریی عێراق بگیرێت و ئێمە بتوانین وەبەرهێنەرانیش بگەڕێنینەوە بۆ ئەو شوێنانە تا وەكو پێویست كاری تێدا بكەن.

العربیە: ئەو ڕێوشوێنە ئەمنییانەی كە لە دەروازەكانی هەرێمی كوردستان دەگیرێنە بەر، وەك دەزانن هەزاران گەشتیاری عەرەبی پارێزگاكانی دیكەی عێراقتان هەیە، ئایا هیچ بڕیارێك هەیە بۆ كەمكردنەوەی ئەو ڕێوشوێنانە تاوەكوو ژمارەیەكی زیاتری گەشتیار بێنە ناوەوە؟

سەرۆكی حكوومەت: بێگومان زۆر پلانمان هەیە بۆ ئەوەی ئاسانكاریی زیاتر بكەین، سەرەڕای سوودوەرگرتن لە تەكنەلۆژیا تاوەكوو ئەو كەسەی دێتە نێو هەرێمی كوردستانەوە، بتوانێت بەوپەڕی ئاسانییەوە لە ڕێگەی دەروازە فەرمییەكانەوە بێتە ناوەوە، بەڵام دەبێ ئەوەمان لەبیر نەچێت كە ئێمە ناتوانین بابەتە ئەمنییەكان و ئاسایشی ناوچەكەمان لەپێناو شتی دیكە بكەینە قوربانی.
هەموو ئەوانەی ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن، هۆكاری خۆیان هەیە، ئەوان دێنە هەرێمی كوردستان بەهۆی سەقامگیریی ئاسایشەكەی. ئەوان هەرێمیان خۆش دەوێت و بە تەواوی متمانە و دڵنیاییەوە لە هەرێمی كوردستان هاتوچۆ دەكەن، بۆیە وەك گوتم، ئێمە نامانەوێ ئاسایش و سەقامگیریی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و گەشتیارانی پارێزگاكانی دیكەی عێراق و وڵاتانی تر، بكەینە قوربانیی شتەكانی دیكە، بەڵام ئێمە بەردەوام دەبین لە پێشكەشكردنی هەموو ئاسانكارییەك كە خزمەتگوزاریی ئاسان دەكات بە سوودوەرگرتن لە تەكنەلۆژیای سەردەم، هەروەها زۆر پلانمان لەمبارەیەوە هەیە و بە كردەییش دەستمان بە جێبەجێكردنی هەندێكیان هەیە و ئینشائەڵا لە جێبەجێكردنی ئەوەی ماوەش بەردەوام دەبین.

العربیە: ژێرخانی هەرێمی كوردستان بەرگەی وەبەرهێنان و گەشتیاران دەگرێت؟، لە كاتی هاتنم بۆ ئێرە بینیم كە بایەخ بە دروستكردنی بەنداو دەدەن، بۆچی هەموو ئەو بایەخدانە؟

سەرۆكی حكوومەت: ئێمە هەست بە گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا دەكەین، ڕاستە عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی كە لە وڵاتانی دیكە كەمتر زەرەری بە ژینگەی جیهان گەیاندووە، بەڵام عێراق لە هەمان كاتدا لە ڕێژەی پێنجەمیندا دێت لە ڕیزبەندیی ئەو وڵاتانەی كە لە گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا زیانمەند بووە. بۆیە عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی كە دەبێت ئەم بابەتە بە هەند وەربگرێت.
ئێمە لە هەرێمی كوردستان بە كردەیی دەستمان بە هەنگاونان لەمبارەیەوە كردووە، لە هەندێك وەرزدا ڕێژەی بارینی باران و بەفر زیاتر دەبێت، ئێمە هیوا دەخوازین لە ڕێگەی ئەو ڕێوشوێنانەی گرتوومانەتە بەر، بە دروستكردنی زۆر بەنداو، سوود لەو ئاوە وەربگرین كە پێشتر بەهەدەر دەچوو، بتوانین كۆی بكەینەوە تاوەكوو لە بوارەكانی گەشتیاری و كشتوكاڵیدا بەكار بهێندرێن و بخرێنە خزمەتی هاووڵاتیان. ئەمە بەشێكی گرنگی پلانەكەمانە، بەڵام بەشەكەی دیكە لە كەرتی گەشتیاریدا كورت دەكرێتەوە، ئەم بابەتەش سوود بە هەموان دەگەیەنێت، چونكە هەر كەسێك كە دەچێتە هەر ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان، مەبەستم زۆرتر لە وەبەرهێنەرانە بە شێوەیەكی تایبەت، دەبینێت كە ژینگەیەكی زۆر گونجاو بۆ گەشتوگوزار و ژینگەیەكی گونجاو بۆ وەبەرهێنان هەیە.

العربیە: كەرتی بانكی، ئایا بایەختان بەم كەرتە داوە؟ ئەمڕۆ كاتێك وەبەرهێنەر دێت، لە بانكێكی بەهێز دەگەڕێت كە بتواندرێت سەرمایەکەی بپارێزرێت، ئایا بیرتان لەم هەنگاوە كردۆتەوە و كارتان لەسەر كردووە؟

سەرۆكی حكوومەت: بەڵێ بەداخەوە تا ئێستاش ئابووریی عێراق پشت بە پارەی كاش دەبەستێت و لەسەر ئەو بنەمایە کار دەکات .بەڵام ئێمە کارمان لە سەر بەئەلیكترۆنیکردنی بانكەکان کردووە. لە هەرێمی كوردستاندا، پێش ماوەیەك هەڵمەتێكمان راگەیاند بۆ پرۆژەی (هەژماری من) تاوەكوو هەموو هاووڵاتیەك ئەگەر فەرمانبەر بێت یان لە كەرتی تایبەت بێت، هەژماری تایبەتیی خۆی هەبێت، ئەم بابەتەش سوودی زۆرە، چونكە زۆر خزمەتگوزاری و ئاسانكاری پێشكەش بە هاووڵاتیان دەكات، لەنێویاندا قەرز. هەروەها گەرەنتیی شەفافیەت دەكات و دەبێتە هۆی ڕێگەگرتن لە گەندەڵی و نەهێشتنی سپیكردنەوەی پارە، لە ڕووی خزمەتگوزارییەكان و تێكەڵبوون لەگەڵ بازاڕەكانیش جیهانی ئاسانکارییەکی زۆر دەکات. ئێمە بیرمان لە هەموو ئەم بابەتانە كردووتەوە، داوامان لە هەموو ئەو بانكانە كردووە كە مۆڵەتیان لە بانكی ناوەندیی عێراقی هەیە، بەشداریی لەم پرۆژەیە بكەن. زۆر بانك لە عێراق لەم پرۆژەیە بەشدارییان كردووە، داوامان لە هەموو ئەوانە كردووە كە تێبینی و رەخنە و كێشەیان نییە، كە بەشداریی لە پێشخستنی كەرتی بانكی و ئابووریی هەرێمی كوردستان بكەن.

العربیە: دەوڵەتی سەرۆك، پەیامی تۆ بۆ وەبەرهێنەرانی عەرەب و وڵاتانی كەنداوی عەرەبی و گەشتیاران چییە ئەگەر حەز بكەن بێنە هەرێمی كوردستان؟ ئایا ئاسانكاری هەیە بۆ پرۆسەی پێدانی ڤیزا؟

سەرۆكی حكوومەت: ڤیزا لە هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی ئەلیكترۆنی دەدرێت، هەر كەسێك دەتوانێت ئەو ڤیزایە بەدەست بهێنێت و بە ئاسانترین شێوە و لە ماوەیەكی زۆر کەمدا، بۆیە داوا لە هەمووان دەكەم لە وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی دۆست و وڵاتانی دونیا، بێن سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن.
ئێمە وڵاتێكی جوان و گەلێكی میواندۆستمان هەیە، ئێمە چاوەڕێیان دەكەین تاوەكوو چێژ لە جوانیی سرووشت لە هەرێمی كوردستان وەربگرن و بەشداریی لە ئاوەدانكردنەوەی ئەم هەرێمە و لە بونیادنانی ئەم هەرێمە بكەن، تا ببێتە وڵاتی دووەم بۆ هەموو ئەوانەی كە نیازی برایەتی و دۆستایەتییان لەگەڵ ئێمەدا هەیە.

العربیە: ئایا پرۆژەی خزمەتگوزاری و ژێرخانیتان لە ناوچە چیاییەكان هەیە؟

سەرۆكی حكوومەت: بەڵێ زۆر پرۆژەی گەورەمان هەیە، تۆ باست لەوە كرد كە ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان لە ئاستی داواكراو نەبووە، بەڵام ئێمە هەنگاوی جددی و گرنگمان ناوە بۆ دووبارە بونیادنان و زیندووكردنەوەی ژێرخانی ئابووریی هەرێم.
كێشەی ئاو كێشەیەكی جددییە، لەم ڕووەشەوە دەستمان بە زۆر پلان كردووە بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە، پێش چەند ڕۆژێك بەردی بناخەی دوو پرۆژەی ئاویی زۆر گرنگمان دانا كە بەشداریی دەكەن لە كۆتاییهێنان بە كێشەی کەمئاوی هەولێر بۆ ماوەی سی ساڵی داهاتوو. هەروەها هەمان پرۆژەمان بۆ شارەكانی دیكە هەیە. هەروەك پرۆژەی زۆرمان هەیە تایبەت بە دابینكردنی وزەی كارەبا بە شێوەیەكی بەردەوام بۆ هاووڵاتیان، هەروەها زۆر پرۆژەی جیاوازمان لە ناوچە چیاییەكان هەیە. بەڵام هەر ناوچەیەك لە هەرێمی كوردستان تایبەتمەندیی خۆی هەیە، ناوچە هەیە دەتواندرێت لە كەرتی گەشتوگوزار سوودی لێوەربگیرێت، هەندێكیشیان بۆ پیشەسازی، ناوچەی دیكەش هەن كە دەتوانین لە بواری كشتوكاڵیدا سوودیان لێوەربگرین.
ئێمە رەچاوی تایبەتمەندیی ناوچەكان دەكەین، بۆیە پرۆژەكانمان و بایەخدانێكی تایبەتمان لەسەر بنەمای ئەو تایبەتمەندییانە پێداون. ناوچە چیاییەكانیش بە هەمان شێوە پشكیان لە وەبەرهێنانەكان هەیە، چونكە ناوچەی راكێشەری گەشتیارن، پرۆژەی گەشتیاریی زۆر گەورەمان هەیە كە لەم نزیكانەدا رایدەگەیەنین، بە تایبەتیش لە سۆران و بە دیاریكراویش لە گەلی عەلی بەگ، ئەو پرۆژەیەش دەبێتە یەكێك لە گرنگترین و گەورەترین پرۆژەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

العربیة: زۆر سوپاس جەنابی سەرۆک وەزیران.

 ..لینكی بەشی یەكەمی چاوپێكەوتنەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان

سەرۆکی حکوومەت: بەرەو پڕۆسەی هەڵبژاردنێکی نوێ دەچین و گەلی كوردستان بڕیاری خۆی دەدات کە خۆبەدەستەوەدان و وێرانكردنی دەوێت یان بنیاتنان و پێشكەوتن (basnews.com)   

بەپەلە

سەرۆکی حکومەت: بە گەشبینییەوە لە داهاتوو دەڕوانین و کار دەکەین لەپێناو زیاتر پێشخستن و بووژانەوەی ئابووريی کوردستان

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دیدارێکی لەگەڵ ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی پاریزگای هەولێر لە چوارچێوەی بەرنامەی …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *