نوێترین هەواڵ
سەرەتا / کوردستان / ئەنجوومەنی وەزیران داوای خەرجکردنی مووچەی هەردوو مانگی 5 و 6ی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش دەکات

ئەنجوومەنی وەزیران داوای خەرجکردنی مووچەی هەردوو مانگی 5 و 6ی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی تەممووزی 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، دەرئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو حکوومەتی فیدراڵ و هەرێم سەبارەت بە دەروازە سنوورییەکان کە لە 2024/7/1 لە بەغدا ئەنجام درا لەلایەن ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ خرایەڕوو.

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بەپێی دەستوور کرایەوە.

ئەنجومەنی وەزیران پشتگیریی خۆی بۆ لیژنەی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ڕایسپاردن کە لە چوارچێوەی دەستور و یاسا بەرکارەکان، درێژە بە گفتوگۆ لە گەڵ حکوومەتی فیدراڵ بدەن و لیژنەیەکی یاسایی پسپۆڕیشی ڕاسپارد بۆ ڕێککەوتن لە سەر داڕشتنی میکانیزمی هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە فیدراڵییەکان تاوەکوو یاسای تایبەت بە دەستەی دەروازە سنوورییەکان هەموار دەکرێتەوە .

پاشان لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبونەوەکە، ئەنجوومەنی وەزیران بەدواداچوونی بۆ بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە شێوەیەکی گشتیی و بە تایبەتیش مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش كرد کە بەداخەوە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵیی تا ئێستا مووچەی مانگی 5 و6 ی خەرج نەکردووە سەرەڕای ئەوەی کە لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە پێشکەش بە تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵ کراوە بۆ وردبینی و پێداچوونەوە، لەمبارەیەوە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی وئابووری ڕاپۆرتێکی وردی خستەڕوو.

لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکە، دوا پێشهاتی بابەتی وردبینی و پێداچوونەوەی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و فیدراڵی تاوتوێ کرا و جەختکرایەوە لە بەردەوامی ئاسانکاریی وەزارەتەکان بۆ پرۆسەی وردبینی، هەروەها گفتوگۆ لەبارەی کارەکانی تیمی هاوبەشی هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ سەبارەت بە پرۆسەی هاوبەشی یەکخستنەوەی ڕێکارە داراییەکان و ڕێکارەکانی وەرگرتنی باج لە نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵ کرایەوە بە ڕەچاوکردنی دەسەڵاتە دەستوورییەکان و بە ئاراستەی برەودان بە هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی دارایی.

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای جەختکردنەوە لە هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە خوازیاری چارەسەری ڕاستەقینەی سەرجەم بابەتە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵە، لەم ڕووەوە، دامەزراوەکانی هەرێم پابەندییەکانی خۆیان بەجێگەیاندووە و ئەرکی حکوومەتی فیدڕاڵیشە کە شایستەکانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات هاوتای ناوچەکانی دیکەی عێراق و چیتر خەرجکردنی مووچە دوانەکەوێت.

ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە حکوومەتی فیدڕاڵ دەکات هەرچی زووە مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی هەرێم بۆ هەردوو مانگی 5 و6 خەرج بکات، هەروەها داوا دەکات شایستەکانی دیکەی هەرێم لە تەرخانکراوەکانی تەشغیلیی و پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان خەرج بکات کە لە خشتە پەسەندکراوەکانی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2024 پارەیان بۆ تەرخانکراوە کەچی تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ هەرێم خەرج نەکردووە و لە سەرەتای 2024 یشەوە، هەرێمی کوردستان بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی بە کاش بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ناردووە و مانگانەش لیستی مووچەی مووچەخۆران و تەرازوویی پێداچوونەوەی مانگانەی داهات و خەرجی سەرجەم وەزارەتەکان ،بە شێوەیەکی ڕوون و شەفافانە ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کراوە.

بەپەلە

دەربارەی کارەبای 24 کاتژمێری وەزیری كارەبا دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان

وەزارەتی کارەبا دەربارەی کارەبای 24 کاتژمێری و دوای دروستبوونی دەنگۆکان لەسەر گرانبوونی نرخەکەی، دڵنیایی دەداتە …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *