نوێترین هەواڵ
سەرەتا / کوردستان / مەسرور بارزانی: هەرێمی كوردستان بەبێ هیچ جیاوازییەك میوانداریی سەدان هەزار پەنابەری كردووە

مەسرور بارزانی: هەرێمی كوردستان بەبێ هیچ جیاوازییەك میوانداریی سەدان هەزار پەنابەری كردووە

ئەمڕۆ چوارشەممە 10/7/2024، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە گوتارێكدا، لە ڕێورسمی ڕاگەیاندنی ڕێنمایی ڕێکخستنی کاروباری پەناخوازان لە هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: چەندین ساڵە هەرێمی كوردستان بێ هیچ جیاوازییەكی ئایینی و رەگەزی و نەتەوەیی، میوانداریی سەدان هەزار پەناخواز و پەنابەری وڵاتانی دەوروبەر و هەروەها ئاوارەكانی ناوخۆی عێراق دەكات.

دەقی گوتارەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

بەڕێزان باڵوێزی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا

نوێنەری یو ئێن

ئامادەبوانی هێژا

مێوانانی قەدرگران

زۆر زۆر بەخێر بێن، خۆشحاڵم ئەمڕۆ لێرە بەم بۆنەیەوە لەگەڵ یەكین لە خزمەت ئێوەی بەڕێز.

زۆر بەخێربێن و سوپاس بۆ بەشداریتان لەم بۆنەیە كە تایبەتە بە راگەیاندنی رێنمایی كارگێڕی بۆ بارودۆخی پەناخوازان لە هەرێمی كوردستان. چەندین ساڵە هەرێمی كوردستان بێ هیچ جیاوازییەكی ئایینی و رەگەزی و نەتەوەیی، میوانداریی سەدان هەزار پەناخواز و پەنابەری وڵاتانی دەوروبەر و هەروەها ئاوارەكانی ناوخۆی عێراق دەكات، بە تایبەت لە سەرەتای دەست پێكردنی هێرش و پەلاماری تیرۆریستانی داعش، بە هەزاران كەس ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كرد. ئەمە لە كاتێكدا بوو كە لەم قۆناغەدا رووبەڕووی بارودۆخێكی دژوار و قەیرانی داراییش بووینەوە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم دۆخە سەختەش، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەركی سەرەكیی مێوانداریكردنی دەیان كەمپی ئاوارە و پەنابەرانی لە ئەستۆ گرت و زۆربەی بارگرانییەكەش لەسەر شانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان مایەوە.

ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە پاراستن و حەواندنەوەی سەدان هەزار پەناخواز و ئاوارە و پەنابەر كە بەهۆی ترس و نەبوونی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەكانیان هەڵاتوون و ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و بەداخەوە تا ئێستا بارودۆخی وڵات و ناوچەكانیان ئاسایی نەبۆتەوە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە.

بێگومان كەس پێی خۆش نییە لە ئاوارەیی و پەنابەریدا بژیت. حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش هەمیشە لەگەڵ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی هەموو ئاوارە و پەنابەرانە لە ڕێگەی ئاساییكردنەوەی بارودۆخی ناوچەكانیان بۆ ئەوەی بە سەربەرزی بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و شوێنەكانیان.

وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی كاركردنیدا بۆ ڕێكخستنەوەی كاروباری پەناخوازان، ماوەیەكە بە هاوكاریی كۆمسیاری باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران (UNHCR) خەریكی ئامادەكردن و داڕشتنی ڕێنمایی كارگێڕی بووە سەبارەت بە بارودۆخی پەناخوازان لە هەرێمی كوردستان.

ئەم ڕێنماییە بەشێكە لە بەرنامەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری كارگێڕی و یاسایی بە ئاراستەی پاراستنی مافەكانی پەناخوازان و پەنابەران و دیاریكردنی ئەركەكانیان. بە تایبەت لە بواری رێكخستن و یەكخستنی ڕێكارەكانی هاتن و پێشوازیكردن لە پەنابەخوازان و چەسپاندنی ماف و ئەركەكانیان لە هەرێمی كوردستان.

دەستخۆشی لە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و تیمی ئامادەكردنی ئەم ڕێنماییانە دەكەم كە بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ كۆمسیاری باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران، ئەم ڕێنماییەیان ئامادە كردووە.

لێرەدا دووپاتی دەكەمەوە كە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە، بە نموونەیەكی گەشی میواندۆستی و پەناگەیەكی ئارام دەمێنێتەوە بۆ هەموو ئەوانەی لە ترسی زوڵم و ستەم و تیرۆر و تۆقاندن و چەوساندنەوە ڕووی تێدەكەن.

لێرە هەوڵمان داوە بەپێی توانای دارایی بەردەستمان، ئاوارە و پەنابەران و پەناخوازان سوودمەند بن لە خزمەتگوزارییە گشتییە گرنگەكانی وەكوو خوێندن و چاودێریی تەندروستی و ئاسایش و ئارامی و پێداویستییەكانی ژیانیان. هیوادارین حكوومەتی فیدڕاڵ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هاوكار و یارمەتیدەری هەرێمی كوردستان بن بۆ خزمەتی زیاتری ئەو پەناخواز و ئاوارە و پەنابەرانە تا ئەو كاتەی بارودۆخی ناوچەكانیان یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی بە ویستی خۆیان و بە سەربەرزی بگەڕێنەوە بۆ شوێنەكانیان.

ئیتر هەر شاد و سەركەوتوو بن. زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونتان.

بەپەلە

سەرۆکی حکومەت: بە گەشبینییەوە لە داهاتوو دەڕوانین و کار دەکەین لەپێناو زیاتر پێشخستن و بووژانەوەی ئابووريی کوردستان

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دیدارێکی لەگەڵ ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی پاریزگای هەولێر لە چوارچێوەی بەرنامەی …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *