نوێترین هەواڵ
سەرەتا / کوردستان / لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا باسی مووچە كرا

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا باسی مووچە كرا

لە تەوەرێكی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان باسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كرا و جەخت لەوە كرایەوە كە پێویستە حكوومەتی فیدڕالی هاوشێوەی مانگی رابردوو لەگەڵ مووچەی ناوچەكانی دیكەی عێراق، مووچەی هەرێمیش بنێردرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە دا کە ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە یادی پەنجا ساڵەی شەهیدانی بۆمببارانکردنی قەڵادزێ و قوتابییانی زانکۆی سلێمانی لە ساڵی 1974 و گولـله‌بارانکردنی خۆپێشاندانێکی ئەو شارە لە ساڵی 1982 دەکەینەوە کە لە سایەی خوێن و قوربانیدانەکانی شەهیدەکانمان ئەو دەسکەوتانەی ئێستا بەدەستهاتوون. سەرۆک وەزیران دووپاتی کردەوە کە هەمیشە خەبات و قوربانیدانی شەهیدەکانمان لەیادە.

پاشان سەرۆک وەزیران کورتەیەکی دەربارەی سەردانی سەرۆک کۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ بەغدا و هەولێر خستەڕوو و ئاماژەی بەوە کرد کە سەردانێکی گرنگ بوو و کاریگەریشی لە سەر پێشخستن و پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە دەبێت.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری ڕاپۆرتێکی لە بارەی هەنگاوەکانی وەزارەتەکەی خستەڕوو بۆ مووچەی مانگی نیسان کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، بە فەرمی لیستی وردبینیکراو و پەسەندکراوی مووچەخۆرانی هەرێم بە زانیاری پێویستەوە بۆ مانگی نیسان ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کراوە، کە چاوەڕوان دەکرێت هاوشێوەی مانگی ڕابردوو لەگەڵ مووچەی ناوچەکانی دیکەی عێراق بنێردرێت.

دواتر وەزیری دارایی و ئابووری لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکدا کە بە هاوبەشی لەگەڵ شاندی دانوستانکار ئامادە کرابوو، چەند میکانیزمێکی خستەڕوو بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکانی حکوومەتی هەرێم لە بواری داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم و چۆنیەتی هاوبەشیپێکردنی لەگەڵ بەغدا بە گوێرەی دەستوور و یاسای بودجەی فیدراڵ و یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵ، ئەمەش وەک دەستپێشخەری حکوومەتی هەرێم بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم بابەتە، بەجۆرێک کە بابەتی داهاتەکان، نەبێتە ڕێگر لەبەرامبەر خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە پێش هەمووشیانەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی بۆ ئەم دەستپێشخەرییە، جەختی کردەوە کە نابێت هیچ بیانوو و پاساوێک بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بهێڵرێتەوە تا بکرێتە بيانوو بۆ خەرج نەکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم، هەر بە ئەم ئاراستەیەش ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری و شاندی دانوستانکاری ڕاسپارد، ئەوەی لە یاسا بەرکارە فیدڕاڵیيەکان دەستنیشان کراوە وەک بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتی نانەوتی بەدەستهاتوو لە هەرێم، بخرێتە سەر ئەژمێری وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ.

سەبارەت بە بابەتی بەبانکیکردنی مووچەخۆرانی هەرێميش، ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە ئەم بابەتە بە گرنگ دەزانێت و حکوومەتی هەرێم هیچ کات دژی بە بانکیکردنی (تەوتین)ی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەبووە و نابێت، لە مێژە وەک لە کارنامەی کابینەکە هاتووە بە کردارەکیی پرۆسەی بەبانکیکردن (تەوتین) لە ڕێگەی ( هەژماری من)ەوە لە هەرێم دەستپێکراوە وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ پتەوکردنی ژێرخانی ئابووری و برەودان بە چالاکی بانکی و شەفافیەت لە چالاکییە داراییەکان وسوودمەندبوونی هاووڵاتیان لە هەموو ئەو ئیمتیازات و ئاسانکارییانەی بانکەکان بۆ هاووڵاتییان دەستەبەری دەکەن بەو جۆرەی لە دونیای پێشکەوتوو پەیڕەو دەکرێت، بۆیە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ زیاتر لەسەر میکانیزمی بەبانکیکردنە نەک خودي پرۆسەکە، ئەم بابەتەش شایەنی چارەسەرە لە ڕێگەی دۆزینەوەی لێکتێگەیشتنی هاوبەش بە جۆرێک لە بەرژەوەندی مووچەخۆر بێت و بە ئاسانی پرۆسەکە تەواو بکرێت لە ڕێگەی ئەو بانکە باوەڕپێکراوانەی لە ژێر سەرپەرشتی و مۆڵەتی بانکی ناوەندیی، سەرقاڵی پرۆسەی تەوتینن لە چوارچێوەی پڕۆژەی تەوتینی هەرێم بە ناوی (هەژماری من) کە گشت مەرج وپێداویستییەکانی بانکی ناوەندیان جێبەجێ کردووە و حکوومەتی هەرێم تەنيا ڕۆڵی ئاسانکاریی دەگێڕێت، ئەگینا پڕۆژەکە بانکە ڕێپێدراوەکان ئەنجامی دەدەن کە هەندێکیان لە پرۆسەی تەوتینی ناوچەکانی دیکەی عێراقیش بەشدارن.

سەبارەت بە بابەتی هەناردەکردنەوەی نەوتیش، حکوومەتی هەرێم خوازیاری هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمە وەک لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی لەسەری ڕێکەوتبووین کە لە لایەن کۆمپانیای سۆمۆ نەوتی هەرێم بفرۆشرێت و داهاتەکەشی بچێتەوە ناو گەنجینەی گشتی فیدڕاڵ لە دوای یەکلاکردنەوەی ئەو بابەتانەی کە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، ئەمەش پێویستە لە چوارچێوەی دوا کۆنووسی هاوبەشی هەردوولادا بێت کە لە مانگی یەکی ئەمساڵ ئیمزاکراوە بەڕەچاوکردنی بنەما دەستوورییەکان.

لە بەرامبەر ئەم پابەندییانەش، ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات هاوتای ناوچەکانی دیکەی عێراق، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت لە ناویشیاندا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و تەرخانکراوەکانی دیکەی هەرێم لە بودجەی بەکاربردن و بودجەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی پارێزگا و هەرێمەکان هاوتای ناوچەکانی دیکەی عێراق.

بڕگەی دووەم تایبەت بوو بە خستنەڕووی چەند پێشنیارێک سەبارەت بە ئاسانکاریکردن بۆ گەڕاندنەوەی پێشینەکانی بانکە پسپۆڕییەکان لای هاووڵاتییان (پێشینەکانی خانووبەرە، كشتوكاڵی ، نیشتەجێبوون، پیشەسازی، گەشتوگوزار، هاوسەرگیری).

هەروەها پەسەندکردنی چەند پێشنیارێک سەبارەت بە یەکلاكردنەوەی قەرزی بانکە بازرگانییەکان و بابەتی ڕێژەی سوودی بانکیی سەر ئەم قەرزانە و ڕێکارەکانی وەرگرتنەوەی ئەم قەرزانە بە گوێرەی یاسای چاکسازی.

لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد کە پێداچوونەوەی پێویست بکات لە چوارچێوەی ئەو پێشنیارانەی لە کۆبونەوەکە خرانەڕوو، لەگەڵ پۆڵێنکردنی پێشینەکان، بەجۆرێک کارئاسانیی پێویست بکرێت بۆ هاووڵاتیيان کە ڕەچاوی پاراستنی بەرژەوەندی گەنجینەی گشتی و ڕێگەگرتن لە بەهەدەردانی پارەی گشتی بکرێت.

لە بڕگەی سێیەمدا، دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان ڕەشنووسی پەیڕەوی (پۆلێنکردنی بەڵێندەران و دانان لە لیستی بێبەشکردنی لە بەشداربوون لە هەرێمی کوردستان) خستەڕوو.
لە دوای گفتوگۆ، ئەنجوومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ پەیڕەوەکەی پەسەندی کرد کە ئامانج لەم پەیڕەوە، پۆلێنكردنی بەڵێندەرانە لە هەرێم بەپێی پێوەرە کارپێکراوەکان لە بواری پسپۆریی و توانا و لێهاتوویی تەکنیکی و دارایی و دوورخستنەوەی بەڵێندەری نالێهاتوو كە توانا و كارامەیی نییە بۆ جێبەجێكردنی كارەكان، هەروەها مسۆگەركردنی هێنانەكایەی دادوەریی و شەفافییەت لە کێبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی پڕۆژەکان و بێبەشکردنی ئەو بەڵێندەرانەی کە پابەندییەكانی گرێبەست پێشێل دەکەن لە بەشداریكردن لە گرێبەستە حكوومییەكان

بەپەلە

جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیران: ئامانجی سەرەکیی حكوومەت لە پرۆژەی (هەژماری من) ئەوەیە کە هاووڵاتییان سەرپشک بن لە هەڵبژاردنی ئەو بانکانەی کە دەیانەوێت مامەڵەی لەگەڵدا بکەن

عەزیز ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بۆ كەناڵی NRT رای …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *