مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له ڕێی ڤیدیۆ كۆنفرانسه‌وه، سه‌رپه‌رشتیی یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی بۆردی باڵای په‌ره‌پێدانی كه‌رتی كشتوكاڵ له هه‌رێمی كوردستان كرد.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌نراوێكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت و ژماره‌یه‌ك له وه‌زیره پێوه‌ندیداره‌كان به‌شدار بوون، گفتوگۆ له‌باره‌ی په‌ره‌پێدانی كه‌رتی كشتوكاڵ و پلان و پڕۆژه‌كانی حكوومه‌ت له بواری گه‌شه‌پێدانی كشتوكاڵدا كرا.
وه‌ك له راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه، وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو بێگه‌رد تاڵه‌بانی راپۆرتێكی وردی له باره‌ی پلانه‌كان و ستراتیجی وه‌زاره‌ت بۆ په‌ره‌پێدانی كشتوكاڵ خسته‌ڕوو، به‌تایبه‌تی پڕۆژه‌ی به بازاڕكردنی گه‌نمی كوردستان به هاوكاری كه‌رتی تایبه‌ت و هه‌روه‌ها چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی زیده‌ڕۆیی بۆ سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان.
هه‌روه‌ها سه‌رۆكی حكوومه‌ت ئاماژه‌ی به گرنگیی كه‌رتی كشتوكاڵ له هه‌رێمی كوردستان كرد كه ده‌كرێ ببێته كه‌رتێكی جێگره‌وه و به باشترین شێوه سوودی لێ وه‌ربگیرێت، وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگی داهات له ڕێی پاراستنی به‌رهه‌می خۆماڵی و پشتیوانیكردنی جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان و ڕه‌خساندنی بازاڕی گونجاو له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم بۆ به‌رهه‌مه‌كانیان.
بۆردی باڵای په‌ره‌پێدانی كه‌رتی كشتوكاڵ له هه‌رێمی كوردستان 19ی ئایاری ئه‌مساڵ دامه‌زراوه، سه‌رۆكی حكوومه‌ت سه‌رۆكی بۆرده‌كه‌یه و جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت و وه‌زیرانی دارایی و ئابووری، كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو، بازرگانی و پیشه‌سازی، پلاندانان، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان ئه‌ندامی بۆرده‌كه‌ن.