
ڕۆژی دووشەممە (1ـی نیسانی 2024) لە سەڵاحەددین، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە یان برایم، كونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر كرد.
بارەگای بارزانی بڵاویکردووەتەوە: لەدیدارەكەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بابەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم و هەڵوێست و تێبینیەكانی پارتی لەسەر هەڵبژاردن و كونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، وڵاتەكەی لەگەڵ ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان بەهێز و سەقامگیر بێت و ئاڵۆزی و نیگەرانییەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێم چارەسەر بكرێن.
هەروەها كونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر، ئامادەیی وڵاتەكەشی نیشان دا بۆ هاوكاریكردنی لایەنەكانی هەرێمی كوردستان لەپێناو تێپەڕاندنی قەیرانە سیاسیەكان و چارەسەركردنی گرفتەكان لەگەڵ حكوومەتی عێراقی فیدراڵ.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی ستایشی ڕۆڵی فەرەنسای كرد كە پشتیوانی دۆزی گەلی كوردستان بووە و پەیوەندیی نێوان گەلی كوردستان و گەلی فەرەنسای بە پەیوەندییەكی مێژوویی و بێوێنە وەسف كرد.
لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە پارتی بنیاتنەری شەرعیەت و هەڵبژاردنی هەرێم بووە، ماوەی دوو ساڵە پارتی هەموو هەوڵێكی دا كە هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت بەڵام ڕێگریی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كرا، بە ئاشكرا پەنا بۆ دەستی دەرەكی و دادگەی فیدڕاڵ بردرا بۆ ئەوەی كێشە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دروست بكرێت.
سەرۆک بارزانی گوتیشی: بێبەشكردنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیەكان لە هەڵبژاردن، بێبەشكردنی سەدانهەزار دەنگدەر لە دەنگدان، بێبەشكردنی هەڵەبجە لە ژمارەی حەقیقیی كورسیەكان و سەپاندنی ڕێوشوێنی نادروست لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، وا دەكات كە هەڵبژاردن تەعبیر لە دەنگی ڕاستەقینەی خەڵكی كوردستان نەكات.
هاوکات سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، پارتی لەگەڵ ئەوەیە كە هەڵبژاردنێكی پاك و ئازاد بە بێ دەستێوەردان و دیزاینی پێشوەختە بەڕێوەبچێت. هەڵوێستی پارتیش لەبەر ئەوە بووە كە پیلانی دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی خەڵكی كوردستان سەرنەگرێت.
لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا، سەرۆك بارزانی بە پێویستی زانی كە هەموو ئەو كەموكوڕیە تەكنیكی و پێشێلكارییە دەستووری و یاساییانە چارەسەر بكرێن و ئیرادە و دەنگی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان دوور لە پیلان و ئەنجامی پێشوەختە سەر بگرێت. داواشی كرد كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكار بێت بۆ چاودێری و گەرەنتیكردنی هەڵبژاردنێكی ئازاد و ڕاستەقینە كە لە خزمەت شەرعیەت و دەنگی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان بێت.