سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 11ـەمین لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی، پەیامێکی روونی بە سەرکردە و وڵاتانی جیهان گەیاند و دووپاتیکردەوە کە کورد داوایەکی رەوای هەیە بۆ بڕیاردان لە مافی چارەی خۆنووسین.
رۆژی دووشەممە (12ـی شوباتی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان وتارێکی گرنگی پێشکەشکرد و هاوشانی سەرکردە جیهانییەکان و بڕیاربەدەستانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تیشکی خستەسەر کێشە و ئاڵنگارییە سیاسیی، ئابووریی، ئەمنی و ژینگەییەکانی ناوچەکە و جیهان.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێشکەشکردنی وتارەکەی لە لوتکەیەکی جیهانی و لەسەر سەکۆیەک لەبەردەم سەرکردە و بڕیاربەدەستانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان کە زوومی کامێرای راگەیاندنە جیهانییەکانیش بە گرنگییەوە رووماڵی ئەو رووداوە گرنگە دەکەن کە وڵاتی ئیمارات لەخۆی گرتووە، باسی ماف و داوای رەوای گەلی کورد و مەترسی و ئاڵنگارییەکانی بەردەم پاراستنی ئەو دەستکەوت و پێشکەوتنە ئابوورییانەی لە ماوەی 20 ساڵی رابردوو هەرێمی کوردستان بەدەستیهێناوە کرد.
لە پەیامەکەیدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەبارەی پرسی فەڵەستین دووپاتکردەوە و پشتگوێخستنی مافەکانیانی لە رابردوو، بەستەوە بە چیرۆکی کورد کە چۆن پرسەکانیان پشتگوێ خراوە و ئێستا ئاڵۆزتر بووە.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتی: “كێشه و بنه‌ما ریشه‌ییه‌كانی كێشه‌ی فه‌ڵه‌ستین، ماوه‌ی هه‌شتا ساڵه جێبه‌جێ نه‌كراون، ئه‌گه‌ر جێبه‌جێ بكرابان، ئه‌و تراژیدییه‌ی ئێستامان نه‌ده‌بینی، له‌بری ئه‌مه پرسه‌كه پشتگوێ خراوه و ئاڵۆزتر بووه و له‌كاتێكدا خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان ئه‌م بۆشاییانه‌یان بۆ وه‌ك ده‌رفه‌ت بۆ ئه‌جێندای خۆیان به‌كارهێناوه”.
هاوکات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد: “ده‌كرێت هه‌مان پێناسه‌ش بۆ گه‌لی كورد هه‌بێت، ئێمه‌ش داوایه‌كی ره‌وامان هه‌یه، بۆ بڕیاردان بۆ مافی چاره‌ی خۆنووسین، دۆست و هاوپه‌یمانه‌كانیشمان دانیان به‌وه داناوه، هه‌روه‌ها داوامان لێده‌كرێت ئه‌و نادادپه‌روه‌رییه قبوڵ بكه‌ین، له‌كاتێكدا نادادپه‌روه‌ری بووه‌ته خۆراكێك بۆ نایه‌كسانی، هه‌ژاری و گه‌نده‌ڵی و ناسه‌قامگیری سیاسی”.
لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە: “پێویسته رێگه بدرێت به گوێره‌ی مه‌رجه تایبه‌ته‌كان نه‌خشه‌ی ئایینده‌ی خۆمان بكێشین، نابێت هیچ كه‌سێك له رێزگرتن له‌مافی نه‌ته‌وه‌یی بترسێت، یاخود وه‌ك حاڵه‌تێك ئێمه له مافی گه‌لان بترسین، رێزگرتن لەو مافانە سەقامگیری بەهێز دەکات و بەرەوپێشچوون بەدیدێنێت”.