بڕیارە هەفتەی داهاتوو هەریەك لە رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن، كە لە حەوت كەس پێك دێن بێنە هەڵبژاردن، دوو رۆژە دەست بە دابەشكردنی فۆرم بۆ پۆستەكانی بزووتنەوەكە كراوە.
نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، راگەیاند، دوو رۆژە دەست بە پڕكردنەوەی فۆرم بۆ پۆستی رێكخەری گشتی و خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان كراوە، نامانەوێ تا رۆژی دەنگدان ناوی ئەوانە ئاشكرا بكەین كە لە ناو جڤاتی نیشتمانی هەڵدەبژێردرێن.
گوتی، بۆ پۆستی رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن، هەر كەسێك كە گۆڕان بێت و لە بەرژەوەندیی گۆڕان كار بكات، دەتوانێت فۆرم پڕ بكاتەوە، ئێستە دانا ئەحمەد مەجید، كاندیدی بەهێزە بۆ پۆستی رێكخەری گشتیی بزووتنەوەكە، كە قسەی لەگەڵ كراوە بۆ ئەوەی ببێتە رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، مستەفا سەید قادریش قسەی لەگەڵدا كراوە، بەڵام دەڵێت خۆی بۆ پۆستەكە كاندید ناكات.