ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان داوا دەکات حزبەکەی لەبارەی داخستنی پەیج و هەژمارە ساختەکانەوە بە فەرمی وەڵامی کۆمپانیای (فەیسبووک) بداتەوە.
کۆمپانیای (فەیسبووک) بە فەرمی داخستنی ٢٣٤ پەیج، ٧١ ئەکاونت، پێنج گرووپ و ٣١ ئەکاونتی ئینستاگرامی راگەیاند کە لە لایەن دەزگای زانیاریی یەکێتییەوە دروست کراون و سەرجەمیان ٤ ملیۆن و نیو فۆڵۆوەر و فانیان هەبووە، لە سەرجەم پەیجەکاندا ٢٧٠ هەزار دۆلار خەرج کراوە. کۆمپانیاکە ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەو پەیجانە هەواڵی ناڕاست و درۆیان بڵاو کردووەتەوە و سووکایەتییان بە نەیارانیان کردووە. کۆمپانیاکە لەگەڵ هەواڵەکەیدا، دەزگای زانیاریی یەکێتی وەک بەشێک لە دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان ناساندووە.
لە بەرامبەردا عوسمان کەریم، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، راگەیاند: ”دەبێت بە فەرمی لایەنی پەیوەندیدار وەڵامی کۆمپانیای (فەیسبووک) بداتەوە و ڕوون بکرێتەوە، بەڵێ دەبێت یەکێتی بە فەرمی وەڵام بداتەوە.
هاوکات مستەفا چاڵاوی، جێگری سکرتێری ئەنجوومەنی گشتیی سەرکردایەتیی یەکێتی، لەبارەی داخستنی پەیجەکانی سەر بە دەزگای زانیاری لە لایەن کۆمپانیای (فەیسبووک)ەوە راگەیاند: ”ئێمه ئاگاداری ئهوه نین، دهبێت ئهوان لەمبارەیەوە وهڵام بدهنهوه”، بەڵام ڕوونی نەکردەوە کە ئاخۆ مەبەستی لە ”ئەوان“ دەزگای زانیاریی یەکێتییە یان خودی لاهوور جەنگی کە سەرپەرشتیی پەیجە ساختەکان و جنێو و سووکایەتیکردن بە خەڵکی کردووە.