ئهمڕۆ یەکشەممە 6/8/2023، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازیى له كاردینال لویس ساكۆ، پاتریارك و سەرۆكی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان و شاندێكی یاوەری كرد کە لە ژمارەیەک لە مەتڕانەکان پێک هاتبوو.
له دیدارەکەدا، پاتریارک کاردینال لویس ساکۆ، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆکی حکوومەت و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی بۆ ئەو پێشوازی و پشتیوانییەی لێی کراوە و ستایشی دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتە جیاوازەکانیشی لە هەرێمی کوردستان کرد.
سەرۆکی حکوومەت نیگەرانیی خۆی لەبارەی کشاندنەوەی مەرسوومی کۆماریی سەرکۆماری عێراق تایبەت بە پاتریارک کاردینال لویس ساکۆ و کەنیسەی کلدانی دووپات کردەوە و هیوای خواست ئەو هەڵەیە ڕاست بکرێتەوە.
سەرۆکی حکوومەت هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە مەڵبەندی پاراستنی مافی گشت پێکهاتەکان و ئازادیی ئایینی دەبێت و پاڵپشتی لە پێکهاتەی کریستیانەکان دەکات کە بەناهەق لەلایەن هەندێک لایەنی نابەرپرسەوە، ڕووبەڕووی پاکتاوی ئایینی دەبنەوە و داکۆکی لە پاراستنی مافی هەموو نەتەوە و ئایینەکان دەکەینەوە و دژی گۆڕینی دیمۆگرافیی بەزۆر دەوەستینەوە.