ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان رای گەیاند لە ماوەی رابردوودا، پروشكەكانی کێشەکانی ناوخۆی یەکێتی، بەر حکوومەت کەوتوون، دەشڵێ ئهوهی یهكێتی لە ماوەی رابردوودا کردی، چەواشهكاری سیاسی و ههڵهیهكی كوشنده بوو.
وەیسی سەعید پەرلەمانتاری كوردستان لە وتارێكدا لە هەژماری خۆی لە (فەیسبووك) بڵاوی كردووەتەوە، نووسیویەتی: “لە دەستپێکی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەرێز مەسروربارزانی ھەوڵی زۆری دا حکوومەتی ههموو خەڵکی کوردستان بێت، لە زاخۆ تا خانەقین به بیروبۆچوونی جیاوازەوه، هیچ دهستێكی حزبی و كهسی نهیهته ناو کارەکانیەوه، بۆ ئهوهی بە باشترین شێواز خزمهتی خهڵك بکرێت، بەڵام بەھۆی کێشەکانی ناوخۆی یەکێتی، بۆ بەلاڕێبردنی ململانێکانیان، پڕوشکەکانی بەر حکوومەت کەوتووە و رێگرییەکی زۆر کرا، لەپێناو بەرژەوەندییەکانیان دەستیان خستە ناو کاروباری حکوومەت، ھەر زوو ههندێك كهس خۆیان کردە بەدیلی حکوومەت و، رێگر بوون لهوهی به یهك شێواز حوكمی یاسا و رێنماییهكان جێبهجێ بكرێن، لە جیاتی حکوومەت و لەبری یاسا و پۆلیس و ئاسایش بریار دەدەن و تەداخول لە ورد و درشت دەکەن.”
دەشڵێ: “ئەگەر یەکێتی لە حکوومەتیش نەبوایە و ئۆپۆزسیۆن بووایە، هەر هێندەی ئێستا دژی حکوومەت کاریان دەکرد، لە کاتێکدا دەبوایە پاڵپشت و پشتیوانی کارەکانی حکوومەتی کردبا، چونکە لەبەرکەوتەی خۆی زیاتر پۆستی پێدراوە نەک بەم شێوازەی ئێستا مامەڵە بکات و گرفت بۆ دامودەزگاکانی حکوومەت دروست بکات، بەتایبەت لە کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆدا”.
وەیسی سەعید ئەوەشی نووسیوە كە ئهوهی یهكێتی لە ماوەی رابردوودا کردی، چەواشهكاری سیاسی و ههڵهیهكی كوشنده بوو بۆ خودی گیانی خۆی، دەمێکە ئەم سیاسەتەیان شکستی ھێناوە، خەڵکی کوردستان ھۆشیارە و راستییەکان دەزانێت چۆنە و چی دەکرێت، بۆچی گرفت لەبەردەم کار و پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی حکوومەت دروست دەکرێت.
دووپاتیشی كردووەتەوە كە دوایین پەیامی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان، گرنگ و پێویست بوو، پەیامی دەوڵەتمەداریی و ھەستکردن بە بەرپرسیارییەتی بوو، چیتریش نەدەکرا ھەروا بێدەنگ بێت و موجامەلەی سیاسی بکات، خەڵکی کوردستان دەمێکە بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارانەوە بوو، کە زۆر راشکاوانە وەڵامی دانەوە و،پەنجەی خستە سەر گشت کەموکورتییەکان، لێرە بەدواوە گرنگە خەڵکی کوردستان خۆیان بریار بدەن.