بەپێی ئەو بڕیارەی دەرچووە، سبەی ڤیزا لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران هەڵدەگیرێ. بەرپرسێكی دەروازەی حاجی ئۆمەران دەڵێت، هاووڵاتی تەنیا هەڵگری پاسپۆرتی عێراقی بێت و ماوەكەی لە شەش مانگ كەمتر نەبێت، كارتی ڤاكسینی دوو ژەمی كۆرۆنا هەبێت، دەتوانێ سەردانی ئێران بكات.
سیروان حوسێن گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، راگەیاند، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پێوەندییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران، ئاگادار كراینەوە كە بەیانی بەشێوەی فەرمی، ڤیزای ئێران لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران هەڵدەگیرێت.
باسی لەوەش كرد، هەر هاووڵاتی و گەشتیارێك بە نیازە گەشت بۆ ئێران بكات، لە بەیانییەوە مەرجی هەبوونی ڤیزا هەڵدەگیرێت، تەنیا هەڵگری پاسپۆرتی عێراقی بێت و ماوەكەی شەش مانگ كەمتر نەبێت، لەگەڵ بوونی كارتی ڤاكسینی دوو ژەمی كۆرۆنا (ڤیزا كارت) یان بڕوانامەی پشكنینی نێگەتیڤی ڤایرۆسی كۆرۆنای هەبێت، دەتوانێ لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران گەشت بۆ ئێران بكات.