هەر یەکە لە فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی ئەو “بێڕێزییەی” کە بە پێشمەرگە کاکەییەکە کرا و لە لایەن گرووپێکی حەشدی شەعبییەوە سەر و سمێڵی تاشرا، راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و بە “بە تووندی” سەرکۆنەی ئەو کارەیان کرد و داواش دەکەن بەبێ سزا تێنەپەڕێت.
لە راگەیێندراوەکەیاندا کە ئەمڕۆ یەکشەممە 24-07-2022، بڵاویانکردووەتەوە، فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق کاری ئەو گرووپەی حەشدی شەعبی بە “بێڕێزییەکی بەئەنقەست” لە دژی “پیرۆزییەکانی کاکەییەکان” ناودەبەن و دەشڵێن، پێشێلکارییەکی ئاشکرای ئازادی و مافەکانی مرۆڤە و دژی پێکەوەژیان و ئاشتەواییە.
رۆژی شەممە 23ـی تەممووزی 2022 لە لایەن چەند چەکدارێکی حەشدی شەعبییەوە لە پێشمەرگەیەکی کاکەیی درا و سەر و سمێڵی تاشرا، ئەوەش ناڕەزایی گەورەی کاکەییەکانی بەدوای خۆیدا هێناوە.
ئەو پێشمەرگەیەی کە لێ درا ناوی ئەیمەن عەبد کاکەییە و تەمەنی 30 ساڵە، خێزاندارە و باوکی سێ منداڵە، ئەو جگە لەوەی پێشمەرگەیە، کرێکارە و لە کاتی کارکردن چەند چەکدارێک لەنزیک ئامرلی دەیبەن و سوکایەتیی پێدەکەن و سەر و سمێڵی دەتاشن.
ئەیمەن عەبد کاکەیی بە رووداوی گوت، “کە جامەکانی گرت، بۆکزێکی کێشا بە لووتمدا، سەرمی تاشی، هات دەست بۆ سمێڵم ببات، نەمهێشت و گوتی دەستت بێنە خوارەوە، میلی چەکی هێنایەوە و بە دوو کەسەوە دەستیان گرتم و سمێڵیان تاشیم. ئەوان سەر بە حەشدی شەعبی بوون و لە ئامرلییەوە هاتبوون و گەڕابوونەوە بۆ ئەوێش.”
هەردوو فراکسیۆنەکەی پارتی و یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق وێڕای ئەوەی بە “تووندی” سەرکۆنەی ئەو “بێڕێزییە” دەکەن، داواش دەکەن کە ئەو کارەی گرووپەکەی حەشدی شەعبی بە بێ سزادانی بکەرانی تێنەپەڕێت.