ئەحمەد موفتی بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند: شاندێكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەسەر فەرمانی وەزیری سامانە سروشتییەكان بەسەرپەرشتی ئەحمەد موفتی بریكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان گەیشتنە كێڵگەی كۆرمۆڕ و لەگەڵ بەرپرسانی كۆمپانیای دانە غاز كۆبوونەوە.
ڕاشیگەیاند: لە نزیكەوە لە زیانەكانی هێرشە موشەکییەکە بۆ سەر كێڵگەكەیان كۆڵییەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە هاووڵاتییانی كوردستان دڵنیا دەکەنەوە كە هێرشەكە زیانی گیانی نەبووە و بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە كێڵگەكە بەردەوامە و كۆنتڕۆڵی زیانە ماددییەكان كراوە، هەناردەكردنی گازیش بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا ئاساییە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیاری دامەزراندنی ژوورێكی ئۆپەڕاسیۆنەكان درا بەسەرپەرشتی بریکاری وەزارەت و ئەندامبوونی لایەنە پەیوەندارەکان.