شێخ عه‌لی شێخ ئلیاس، بابه‌شێخی ئایینی ئێزیدی راگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ی گرژی و ئاڵۆزییه‌كانی نێوان چه‌كدارانی په‌كه‌كه و سوپای عێراق له سنووری شنگال راگه‌یاند و داوای پارێزگاریكردن له گیانی هاووڵاتییانی سڤیلی له حكومه‌تی عێراق كرد.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا بابه‌شێخ گوتی: “داوا له حكومه‌تی عێراق و لایه‌نه‌كانی دیكه ده‌كه‌ین، پارێزگاریكردن له گیانی هاووڵاتییانی سڤیل و خه‌ڵكی بێتاوانی قه‌زای شنگال له‌به‌رچاو بگرن و ره‌چاوی یاسا مرۆییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بكه‌ن و ململانێ چه‌كدارییه‌كان له سه‌نته‌ری شاره‌كان و شوێنه‌كانی نیشته‌جێبوونی هاووڵاتیان دووربخه‌نه‌وه، به‌تایبه‌ت كه زۆرێك له‌و خێزانانه به‌مدواییانه گه‌ڕاونه‌ته‌وه سه‌ر زێدی خۆیان”.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، “داوا له ته‌واوی لایه‌نه‌كان ده‌كه‌ین، گرنگی به زمانی گفتوگۆ بده‌ن، له‌پێناو كۆتاییهێنان به به‌ریه‌ككه‌وتنه چه‌كدارییه‌كان و بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاشتی و سه‌قامگیری بۆ ناوچه‌كه”.
بابه شێخ جه‌ختی كرده‌وه، “له هه‌مان كاتدا داوا له هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و عێراق ده‌كه‌ین، چاره‌سه‌رێكی ریشه‌یی بۆ ناوچه‌ی شنگال بدۆزنه‌وه، كه تا ئێستاش به‌ده‌ست لێكه‌وته‌كانی كۆمه‌ڵكوژی و كاریگه‌رییه‌كانی هێرشی داعشه‌وه ده‌ناڵێنێت”.