رێكخراوی ههنگاو بۆ مافهكانی مرۆڤ رایگهیاند ، تەشەنە سەندنی پەتای کۆرۆنا لە ناو بەندیخانەی ئورمیە بەردەوامە و گیانی بەندکراوانی ئەو بەندیخانەیە بەرەوڕوویی مەترسی جیدی بووەتەوە.
رێكخراوی ههنگاو بۆ مافهكانی مرۆڤ رایدهگهێنێت ، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا ٧ بەندکراوی بەندیخانەی ئورمیە بە هۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا گیانیان لە دەست داوە و زیاتر لە ١٠٠ بەندکراوی ئەو بەندیخانەیە تووشی ئەو پەتایە بوون.
ئاماژه بهوهش دهكات كه ڕۆژی پێنج شەممەی هەفتەی ڕابردوو، ٤ بەندکراوی بەندی ئەمن (پاک)ی بەندیخانەی ئورمیە کە تووشی پەتای کۆرۆنا ببون، دوای گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەی تاڵقانی ئەو شارە گیانیان لە دەست داوە. هەتا ئێستا تەنیا ناسنامەی یەکێکیا بە ناوی :ئەنوەر قوربان زادە“ بۆ هەنگاو بوەتەوە و هەموو ئەو بەندکراوانە لە بەندی ٣ و ٤ی بەندیخانەی ئورمیە بوون.
راشیدهگهیهنن ، پێشتر هەواڵی گیان لە دەست دانی سێ بەندکراوی دیکەی ئەو بەندیخانەیە بەناوەکانی فەریق محەمەدی، حوێن جەوادی و فاتمە عەلیزادە بە هۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا لە بەندیخانەی ئورمیە گیانیان لە دەست داوە.
هەروەها، باری تەندروستی چوار بەندکراوی دیکە کە هاوبەندی ئەنوەر قوربان زادە بوون ناجێگیرە و لە بەشی ISU نەخۆشخانەی تاڵقانی لە ژێر چاوەدێریی پزیشکیدان.
ناسنامەی ئەو چوار کەسە کە بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە بەم شێوەیە، ئەکبەر نەوزەری، سیاوەش موسازادە، ڕامین حوسێن زادە و سەعید کە هەموویان بەندکراوی بەندی ٣ و ٤ی بەندیخانەی ئورمیە بوون.
ههنگاو راشیدهگهێنێت ، لە بەندی ٣ ٢ ٤ی بەندخیانەی ئورمیە زیاتر لە ٥٠٠ بەندکراو ڕاگیراون.
لهكۆتادا رێكخراوی ههنگاو رایدهگهێنێت ، سەرەڕای ئەوەیکە بە پێی یاسا بەندیخانەکان دەبێ لە هەمبەر پاراستنی گیان و تەندرووستیی بەندکراواندا بەرپرسیار بن، بەڵام بەرپرسانی بەندیخانەی ئورومیە نابەرپرسیارانە و هێندێ کاتیش بە ئەنقەست دەبنە هۆی مەرگی ئەو بەندکراوانەی تووشی کرۆنا بوون. بە پێی ئەو بەڵگە و وتەی شایەتحاڵانە کە لەبەردەستی هەنگاوە، بڵاوبوونەوەی پەتای کرۆنا لە بەندیخانەی ئورومیە بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی گرتووە بەڵام بەرپرسانی بەندیخانەکە بەردەوام نکۆڵی لێ ئەکەن.
شایانی باسە لە رۆژانی رابردوودا هەنگاو نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە دۆخی تەندرووستی و گیانی بەندکراوانی بەندیخانەی ئورومیە دەربڕیوە و ناوی ژمارەیەک لە بەندکراوانی تووشبووی بە کرۆناشی بڵاو کردۆتەوە.