نوێترین هەواڵ
سەرەتا / جیهان / ڕۆژنامەی شرق الاوسط

ڕۆژنامەی شرق الاوسط

فەزاحەتی هۆکاری مووشەک نانی ئێران بە هەولێر ئاشکرا دەکات

گەرداوێک لە فنجانی (اربیل)
مصطفى فحص
وەڕگێڕانی: فازیل شەوڕۆ ــ دوبلن

ئێران، ئەمجارەیان بۆ نیشانەگرتن لە هەولێر،  پێویستی بە مووشەکی بالستی بوو، بۆ ڕاستکردنەوەی ئاراستەی سیاسی لە بەغدا، فەزاحەتکە لێرەدا ئەوەبوو کە ئاستی قەیرانەکانی ناوەخۆ و دەرەوەی، ناچاریان کرد مووشەکی کاتیوشا  بگۆڕێ بە مووشەکی بالستی و لە بریکارەوە بگەڕێتەوە بۆ دیوەخانی ئاغای ڕەسەن، بە ئومێدی چارەسەکردنی زۆربەی ئەو دۆسییانەی کە بەرژەوەندە بایەخدارەکانی ئەو لەخۆ دەگرن.  جیاوازیی لە جۆریی  مووشەکەکانی هاویشتوویەتی، بەڵگەی ئەوەیە کە قەیرانەکانی گەیشتوونەتە ئاستێک کە پێشتر نەیبینیون، نەک هەر لە عێراق، بەڵکوو لە هەرێمەکانی سوریا و یەمەن و لەڕەنگدانەوەی نەرێنییان لە ناوەخۆیدا، ناوەخۆیەک کە ئاوسە بە قەیرانان. بۆیە ئێران بە ڕاستیی عەوجە بە نمایشکردنێکی بالستی بوو بۆ ئارایشتکردنی وێنە و  هەیبەتی ڕژێمەکەی دوای چەندان نشووستیی هێنانی، لە بوارەکانی  ئەمنی و سەربازیی لە ناوەخۆ و  لە دەرەوە.
 هەیبەت و سەڵتەنەتی ڕژێمی ئێران لە مەحەکد دابوو، ئاخر نووشستییە ئەمنی و سەربازییەکانی یەکجار حەیابەربوون،  فەزاحەتە ئەمنییە  هەرە ئابڕووبەرەکەی ئەمدواییەی ئەوبوو، کە ژنە ــ جاسووسی ئیسرائیلی، کاترین بیرز شکدم، پەردەی لەسەر ڕاماڵی، ئەو ژنە بۆ چەندان ساڵ، گۆیا ڕۆژنامەوانێکی فەرەنسییە، لە دامودەزگا میدیایەکانی ئێران کاری کرد و سەرکەوتووانە توانی پتر لە سەت کەسیەتیی ئێرانی لە خشتەبەرێ و زانیاری ورد و دەقیقیان لێ دەربێنێ، بەتایبەتی کە زۆرانی گیرۆدەی عێشق و ئەڤینی خۆی کرد. ئەو بێ پێچ و پەنا ئاشکراکرد کە توانییەتی موڕشیدی ئیرانی لە یەکەم زیارەتی بۆ ئێران بینێت و ببێتە یاوەری  ئیبراهیم ڕەئسی، لە زۆبەی گەڕان و سووڕانەکانیدا لە کاتی هەڵبژارندا. تەنانەت لە ئاشانسی (تسنیم)ی سوپای پاسداراندا کاری کردووە.

لەو ڕاپۆرتانەی، هەرچەندە دەرفەت نەبووە پشت ڕاست بکرێنەوە، کە لە هێندێک دامودەزگای ئەمنی ئێرانییەوە دەزیان کردووە، نیشانی دەدەن کە ئیسرائیل بە تەواوەتی خۆی خزاندووەتە نێو دامودەزگاکانی ئەمنی و سەربازیی دەوڵەت و توانیویەتی بە سەدان کەس لە ئاستی وەزیفی یەکجار باڵا لە تۆڕی ئاڵۆزوپاڵۆزدا بکاتە بەکرێگیراوی خۆی. دەڵێن، لە ڕێی ئەو تۆڕانەوە، ئیسرائیل توانیویەتی ئەرشیفی وزەی ئەتۆمی ئێران بدزێت و گەورە زانای ئەتۆمی ئەو وڵاتە بکوژێ. ئەوان یارمەتی و کۆمەکی ئیسرائلیان کردووە لە ئەنجامدانی چەندان چالاکی برنجی لە ناو کوورە و دامودەزگاکانی ئەتۆمی و شوێنە بایەخدارەکانی دیکەی ئێران. لەمدوایەشدا، تەل ئەبیت، خراپ دەستی لە گەورەترین جبەخانەی فڕۆکە بێ فڕۆکەوان لە فڕۆکەخانەی کرماشان وەشاند و زەبرێکی گەورەی لێدا. ئەو ڕووداوانە لە لایەک و ئەو دۆسییە ئەمنی و سەربازیانەی سووریا کە چەندان ساڵە ئیسرائیل دەستیان تێدادەگێڕێ لە لایەکی دیکە. ئەو کەتنانەی لە لوبنانیش بەسەری دێ، کەمتر نییە لە ئەوانی دیکە.
بۆیە دەکرێ بڵێین، مووشەکەکانی هەولێر، کاردانەوەیەکی پووچ و بۆش بوو، بۆ پەردەپشکردنی نسکۆ ئەمنی و سەربازییەکانی بوو کە ڕژێمی ئێرانی ئیحراج کرد و هەیبەتی برد و ئەو هاوار هاوارەی ئەو دواییەی پۆچەلکردەوە کە گۆیا خاوەن پارسەنگی هێزی تۆقێنەرن بەرانبەر هێزی ئیسرائیلی. بەتایبەتی، کە ئێران هەردەم دەستەوەستان بووە لە بەرپەرچدانەوەی ئیسرائیل، ئەسڵەن هێزی بەربەرەکانی و تۆقاندنی هەر نییە. هەر ئەمەش وای کردوە تەل ئەبیب، لە ناو ماڵی ئێران و لە دەرەوەیدا، بێمنەتانە، دەستی خۆی بوەشێنێ. باشترین بەڵگەش بۆ ئەم قسەمان ئەوەیە، وێنەکانی ئەو خانوبەرەی کە لە هەولێر درایە بەر مووشەکان و (بە گوێرەی ریوایەتی ئێران) مەکۆیەکی بایەرخدار بووە، هەر دەڵێی بە یارییە ئاگرینەکان بۆمباران کراوە، نەک ٦ مووشيکی بالستی ئێرانی بەرکەوتبێ!

  ئێستا، دوای ئەو هەڵچوون و خۆ گیڤکردنەوەی ئێران لە هەولێر، پرسیارە سیاسییەکەی یاخەمان دەگرێ ئەوەیە: ئایا قەبارە و کێش و هێزی یاخیبوون لە ئێراق گەیشتووەتە ئەو ڕادەییەی پێویستی بە مووشەکی بالستییە، بۆ ئەوەی ئێراقییەکان تێبگەن کە (خۆی ـ ئێران) هەر ئاغا و کوێخوایە؟ بەڵام ئاخۆ ئەو کەچە مووشەکانە  توانیان ئەدای خراپ و لاوازی وان لە عێراق ڕاست کەنەوە؟ پێدەچێ، پێچەوانەکەی درووست بێ: ئەو مووشەک وەشاندنە، ئەزمە سیاسییەکەی وەخەبەر هێناوە و ئەو باوەڕەی لە لای خەڵک دروست کرد کە فەشەلی هێنا، لە ئاوجۆشدانەوەی هەڵوێستی  گرووپە پشتیوانەکانی خۆیان و نەشی توانی عەزیمەتی نەیارەکانی تێک بشکێنی لە سووربوونیان لەسەر هەڵوێستی خۆیان. نە ئەو هەولێرەی کە  بە پەڵپ و بیانۆی هیچ و پۆچ دەستی لێوەشێندرا، پەشیمان بۆوە، نە (الحنانة) لە دڕووشمەکەی  کە حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانییە، هەڵگەڕایەوە. بە پێچەوانە، ئەو مووشەکانە، یاریدەدەر بوون بۆ  جفتکردنەوەی ئەو درزانەی هاوپەیمانیی سێقۆڵی داڕووشاندبوو و گەرموگوڕی خستەوە ئەو پەیوەندییانەی ساردییەکی تێکەوتبوو لەگەڵ سەرۆک وەزیران، مستەفا کازمی و ئامۆزا و خوارزاییەکانی. لە ئاکامدا، ئەو دەستدرێژییەی ئێران  کردیە سەر هەولێر، سەلماندی کە ئێران چەندە نەزۆکە  لەوەی تاران حاڵی بکات لە گۆڕانکارییەکانی ئێراقیدا. بریکارەکانی خۆشی تووشی ئیحراجی و زمان کورتی کرد کە نەیوانی  بە ڕەوایەتی فیعلەکەی خۆی، قەناعەتیان پێ بێنێ. ئەمەش هێز و ورەیەکی باشتری بە نەیارەکانی دا بۆ یەکلاکردنەوەی ڕێڕەوی کارەکانی ناوەخۆیان... بەڵام بایەختدرین خاڵ ئەوەبوو، کە کازمی گەڕایەوە هەولێر و دۆسیەی هاوسەنگیی ناوخۆی و دەرەکی، لە نێو کەشکۆڵەکەی دابوو.   

لە ڕۆژنامەی شرق الاوسط
الجمعة – 15 شعبان 1443 هـ – 18 مارس 2022 مـ رقم العدد [15816]
https://aawsat.com/home/article/3537831/%D9%85%D8%B5%D8%B7%D9%81%D9%89-%D9%81%D8%AD%D8%B5/%D8%B2%D9%88%D8%A8%D8%B9%D8%A9-%D9%81%D9%8A-%D9%81%D9%86%D8%AC%D8%A7%D9%86-%C2%AB%D8%A3%D8%B1%D8%A8%D9%8A%D9%84%C2%BB

بەپەلە

بەپەلە.. ماکرۆن لە داڤۆس کۆبونەوەی گرنگمان لەگەڵ مەسرور بارزانی هەبووە پشتیوانی حکومەتی هەرێمین

ئیمانوێل ماکرۆن: پشتگیری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین و بەردەوام دەبین لە هاوکاری کردنی پێشمەرگە ئەمڕۆ …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *