گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، رایگەیاند، بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی بە بڕیارێکی سیاسیی دەیبینین و لە حکوومەتی ھەرێمی كوردستان بە ئاشکرا ئەم بڕیارەمان رەتکردەوە و لەلای ئێمە قبوڵکراو نییە.
د.جووتیار عادل، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئاژانسی (ئانادۆڵ)ی توركی راگەیاند: “هەرچەندە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی تانەی لێ نادرێت چونکە دەسەڵاتی باڵایە، بەڵام لەگەڵ حکوومەتی عێراق بەردەوام دەبین لە گفتوگۆکردن، ئێمەلە حکوومەتی هەرێم بە ئاشکرا ئەم بڕیارەمان رەتکردووەتەوە قبوڵکراو نییە.
جووتیار عادل دەشڵێت: “بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی لە چەند رۆژی رابردوودا لەبارەی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان، ئێمە بە بڕیارێکی سیاسیی دەیبینین، بەتایبەت لەم کاتەدا، چونکە ئەم دۆسیەیە لە ساڵی ٢٠١٢ەوە لە دادگایە، لەماوەی ١٠ ساڵدا ئەم دۆسیەیە خەوێنرابوو، بەڵام بۆچی لەم کاتەدا، بێگومان ئەمە پەیوەستە بە چەند هۆکارێکی دیکە و چەند رەهەندێکی سیاسیی هەیە،ئەم جۆرە بڕیارانە لە بەرژەوەندی ئایندەی سیاسیی عێراقیشدا نیە.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیاییدا بە کۆمپانیاکانی بواری نەوت و پابەندبوونی حکوومەت بە ئەرکەکانی بەرامبەر بە کۆمپانیاکان و وڵاتانی هاوبەشیش دووپاتکردەوە و گوتی: “ئێمە پابەندین بەو ئەرکانەی لەبەرامبەر ئەو کۆمپانیا و وڵاتانەی کە هەمانە.