بەپێی پێشبینیی کەشناسی، شەپۆلێکی دیکەی بەفر و باران ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەش تیمەکانی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشی بۆ کردنەوەی رێگاکان و راماڵینی بەفر.
مەریوان مەلا حەسەن، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، راگەیاند: “لە ھەموو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان تیمی راماڵینی بەفر جێگیر کراون و تیمەکانمان لە ئەرکدان بۆ خاوێنکردنەوەی رێگاکان لە بەفر، لە شەپۆلی رابردووەوە تا ئێستاش تیمەکانی ئاوەدانکردنەوە بەردەوامن لە ئەرکی خۆیان بۆ کردنەوەی رێگا سەرەکی و لاوەکییەکان”.
گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە گوتیشی، ساڵانە بودجەیەکی تایبەت بۆ ئەو تیمانەی راماڵینی بەفر خەرج دەکرێت، چونکە ھەندێ رێگەی سەرەکی ھەن پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە و راماڵینە لە بەفر و پاشماوەی بەفرو باران.
مەلا حەسەن ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، لە ئێستادا تیمەکانی وەزارەت لە ھەموو ناوچە شاخاوییەکان لە ئامادەباشیدان بۆ ھەر شەپۆلێکی بەفربارین و لەگەڵ دەستپێکردنی بارینی بەفر تیمەکانی راماڵین دەست بە کار دەکەن بۆ ئەوەی ھیچ رێگەیەک نەگیرێت و ئاستەنگ بۆ ھاتوچۆ دروست نەبێت.