عه‌بدول غه‌نی براده‌ر جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌ته‌كه‌ی تاڵیبان ڕایگه‌یاند، پاش كۆبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ تاكاشی ئۆكادا باڵیۆزی ژاپۆن، داوایان كردوه، باڵیۆزخانه‌ی ژاپۆن له كابوڵی پایته‌خت بكرێته‌وه.
عه‌بدول غه‌نی براده‌ر ڕایگه‌یاند، پاش كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ تاكاشی ئۆكادا باڵیۆزی ژاپۆن، داوایه‌كی ئاراسته‌ی ئه‌و ولاته كردوه، به‌مه‌به‌ستی گێڕانه‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌ی ژاپۆن بۆ كابوڵی پایته‌خت.
ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، “پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌منیه‌ت و ئاسایش بۆ ته‌واوی ئه‌فغانستان، بڕیاردراوه كه داوا له زۆربه‌ی وڵاتانی زلهێزی جیهان بكرێت، باڵیۆزخانیان له كابوڵی پایته‌خت بكه‌نه‌وه، پاشانیش ده‌ستبكرێته‌وه به هه‌ماهه‌نگی و دروستكردنی په‌یوه‌ندی پته‌و، بۆ به‌ره‌وپێشبردنی ئه‌فغانستان و به‌رقه‌راركردنی ئازادی و ئاسایش.
له‌لای خۆشیه‌وه، به‌رپرسێكی باڵا له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ژاپۆن بێ ئه‌وه‌ی ناوه‌كه‌ی ئاشكرابكرێت رایگه‌یاندوه، “حكومه‌تی ژاپۆن ته‌واوی هه‌ڵبژارده‌كان له‌به‌رچاو ده‌گرێت، به‌ڵام تا ئێستا كاره‌كانیان له‌ڕێگه‌ی كارمه‌ندانی ئه‌فغانستانه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، گه‌ڕانه‌وه‌ی باڵیۆزی فه‌رمیش، په‌یوه‌سته به دانوستاندنی نێوان ژاپۆن و وڵاته‌كانی دیكه‌وه”.
له 15ی (ئاب/8)ی 2021، پاش ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی بزوته‌نه‌وه‌ی تاڵیبان ده‌سه‌ڵاتیان له ئه‌فغانستان گرته ده‌ست، به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی حكومه‌تی ژاپۆن باڵیۆزی خۆی شان به‌شانی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا، له‌و وڵاته كشانده‌وه.