عادل باخەوان
ماوەی چەند ڕۆژێکە کۆمەڵێک هاوڕێی زۆر نزیک داوادەکەن کە چەند تێبینیەک لەسەر تراژیدیای هەژاری لە فەرەنسادا
بنوسم و بۆ وەڵامدانەوەی ئەو خۆشەویستانە ئەم خاڵانەی خوارەوە تۆماردەکەم.
- تەنها ساڵی ٢٠٢٠ و بەپێی ڕێکخراوی کاریتاتیڤ، یەک ملیۆن فەرەنسی هاتە سەر ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە فەرەنسادا بەدەست هەژاریەوە دەناڵێنن.
- تەنها لەم ساڵدا حەوت ملیۆن فەرەنسی لە تاو هەژاری و بۆ ئەوەی سێ ژەم نانبخۆن، پەنایان بردوەتە بەر ئەو ڕێکخراوانەی کە خواردن بەسەر هەژاراندا دابەشدەکەن. واتە ڕىژەی 10% هاوڵاتیانی فەرەنسی. لە کاتێکدا لە ٢٠٠٨ دا تەنها سێ ملیۆن بوون.
- لە کاتێکدا بەس تەنها لەم ساڵدا، گروپە دەوڵەمەندەکەی فەرەنسا، بیست و پێنج ملیار ئیرۆ هاتوتە سەر مڵۆی سەرمایەکەیان و زیاتر لە ساڵی ڕابوردو دەوڵەمەدن بوون.
- تەنها لەم ساڵدا سەدو پەنجا هەزار فەرەنسی دیکە چونەتە سەر سیستمی یارمەتی کۆمەڵایەتی کە لە نێو یادەوەری دەستەجەمعی فەرەنسیەکاندا بە بەرنامەی نەمردن لە برسانا ناوبانگی دەرکردوە و زیاتر لە دوو ملیۆن فەرەنسی لەسەر ئەم بەرنامەیە دەژین.
- بەپێی تازەرین ڕاپۆرتی دەزگای INSEE کە حکومەتی فەرەنسی بە فەرمی مامەڵەی لەگەڵدا دەکات و پشت بە داتاکانی دەبەستێت، 35 % ئەو خێزانانەی جیابونەتەوە لە ژێر هێڵی هەژاریەوەن.
- لەم ساڵدا ژمارەی ئەو ژنە فەرەنسیانەی کە کاردەکەن و داهاتەکەیان ڕێگایان پێنادات کە هێڵی هەژاریی بەجێبێڵن گەیشتە دوو ملیۆن و سێسەد هەزار کەس.
- ڕێژەی هەژاریی لەنێوان گەنجاندا، ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان ١٨ بۆ ٢٩ ساڵدایە، 50 % زیادی کردوە و ژمارەیان گەیشتوەتە دوو ملیۆن و پێنجسەد هەزار کەس.
- بەپێی دوا ڕاپۆرتی ئۆبسێرڤاتواری نیشتمانی، ڕێژەی ئەو خوێندکارانی کە ناتوان لە ڕۆژێکدا سێ ژەم نانبخۆن دەگاتە 23% و بەشێکی زۆریشیان دەڵێن کە مەرجنیە هەر کاتێک برسیانبوو بتوانن خواردن بکڕن.
- لەهەمانکاتدا تەنها خەرجیەکانی سێ شەوی ئاهەنگی زەواجی کچەکەی خاوەنی شەریکەی مێتال، لە کۆشکەکانی لویسی چواردەهەم لە پاریس یەکسانبوو بە هەزار و حەوت سەد ساڵی موچەی کرێکارێکی فەرەنسی کە بۆ ئەو شەریکەیە کاردەکات.
- هەر بەپێی دوا ڕاپۆرتی ئینسێ، مناڵانی چینی کرێکارانی فەرەنسا، 82,70% ڕیسکی ئەوەیان هەیە کە شەشی ئامادەیی تەواو نەکەن و واز لە قوتابخانە بێنن.
- ژنانی فەرەنسا تەنها لە بەر ئەوەی ژنن، جیاوازی نێوان موچەکانیان لەگەڵ پیاواندام بۆ هەمان کار و بەهەمان بڕوانامەوە دەکرێت بگات بە 20,20% لە کەرتی تایبەتدا، 14,60% لە کەرتی گشتیدا، 21,20% لە کەرتی تەندروستیدا.
- هەروەها بەپێی داتاکانی نۆ ئیگسۆزتیڤ، لە ساڵی ٢٠٢ دا پێنج سەد و هەشتا و حەوت کەس لە فەرەنسادا و لە سەر جادەکان مردوون و هۆکاری یەکەمیشی سەرما و برسیەتیبوە پێکەوە.
- هەروەها بەپێی دوا داتای فەرمی، تەنها لە ناوچەی پاریسدا، دە هەزار و دوو سەد و هەشتا خێزان شوێنی حەوانەوەیان نیە و چاوەڕوانی ئەوەدەکەن کە شوقەیەکیان پێبدرێ و بەلای کەمەوە هەر یەکێک لەم خێزانانەش ٣ مناڵیان هەیە.