سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریی کۆڕبەندی (دایەلۆگی مەنامە 2021 ) دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئەورووپا و وڵاتانی ناوچەکە کۆدەبێتەوە.
ئەمڕۆ هەینی 19/11/2021، مهسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، به یاوهری شاندێکی حکوومی بەرەو مەنامەی پایتەختی شانشینی بەحرەین بەڕێکەوت بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی (دایەلۆگی مەنامە 2021) کە ڕۆژانی 19 تا 21/11/2021، بە ئامادەبوونی چەندان سیاسەتکار و بیرمەند و خاوەنکار و کەسایەتيی ناسراوی جیهانی بەڕێوەدەچێت و گفتوگۆ دەربارەی بابەتەکانی پەیوەندیدار بە ئاسایش و بەرگری و کێشەکانی ناوچەکە و جیهان دەکرێت.
بڕیارە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەش چەندین کۆبوونەوە و دیداری گرنگ، لە گەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمەریکی و ئەورووپی و وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی ئەنجام بدات.
شاندی یاوەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە لە شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.