نوێترین هەواڵ
سەرەتا / کوردستان / ڕاگه‌یندراوێك له‌ ژوورى ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگاى هه‌ولێره‌وه‌

ڕاگه‌یندراوێك له‌ ژوورى ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگاى هه‌ولێره‌وه‌

ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر ئه‌مڕۆ دووشه‌م سه‌باره‌ت به‌ ڕێككاره‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆڕۆنا كۆبووه‌وه‌ و به‌هۆی ته‌شه‌نه‌كردنی ڤایرۆسه‌كه‌ چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد.

ژوورى ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگاى هه‌ولێر له‌ ڕاگه‌ێندراوێكدا ڕایگه‌یاند: ئێواره‌ى ئەمڕۆ دووشەمە به ‌سه‌رپه‌رشتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دیوانی پارێزگا کۆبووەوه‌ و پاڵپشت بە بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و لە پێناو پاراستنی سه‌لامه‌تى ته‌ندروستى گشتیى شاره‌كه‌مان و هەستیاری و مەترسیداری ئه‌و دۆخه‌ نه‌خوازراوه‌ى کە به‌هۆى هەڵکشان و تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا هاتۆته‌ ئاراوه‌، گەیشتە ئەم بڕیارانەى خوارەوە:-

یه‌كه‌م/ داوا لە هاوڵاتییانى شارەکەمان دەکەین لەپێناو پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی گشتیی، هەموو ئەو گردبوونەوە و ئاهەنگانەى لە هۆڵى مزگەوتەکان، ماڵ، شوێنە گشتییەکان، بەبۆنەى یادى لەدایک بوونى فەخرى کائینات پیشەواى مرۆڤایەتى (محمەد)(د.خ) لەسەربێت ڕابگرن، لەهەولێرى پایتەخت ئەوەى پێویست بووە بۆ ئەم یادە مەزن و پیرۆزە لەئەنجامدانى ڕێورەسم و یادکردنەوەى ئەم ڕۆژە پڕشکۆیە ئەنجامدراوە، بۆیە داوکارین هاڵاتییان و هاوشاریانى شارەکەمان پابەندبن بەم بڕیارەوە.

دووەم/ سه‌رجه‌م قائیمقام و بەڕێوەبەرى ناحییەكانى سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر، ده‌بێت تەواوى ئه‌و رێكارانه‌ى ژوورى ئۆپەراسیۆن وه‌كو خۆی جێبه‌جێ بكه‌ن، ده‌سه‌ڵاتی تەواویشیان پێده‌درێت له‌ هه‌ر شوێنێك پێویستى کرد رێكاره‌كان توندتر بكه‌ن.

سێیەم/ بەستنی ماسک بۆ ھەموو ئەو کەسانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە و ئەوانەشی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە لە شوێنە داخراوەکان دەبێتە ئیلزامی و قائیمقام و بەڕێوەبەرى ناحییەکان چاودێری دەکەن.

چواره‌م/ سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر، ده‌بێت ڕێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان و ڕێكاره‌كانى خۆپارێزى جێبه‌جێبكه‌ن به‌تایبه‌تى به‌ستنى (ماسك) و دروستنه‌كردنى گردبوونه‌وه‌ و قه‌ره‌باڵغى، هه‌روه‌ها ڕێگه‌نه‌ده‌ن هیچ هاوڵاتییه‌ك بۆ ڕاییكردنى مامه‌ڵه‌كانى به‌بێ به‌ستنى (ماسك) بچێته‌ نێو هیچ فه‌رمانگه‌ و دام و ده‌زگایه‌كى حكومى، هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى و فەرمانگە و فه‌رمانبه‌رێك سه‌رپێچى له‌و بڕیاره‌ بكات، به‌ڕێوه‌به‌ر و به‌رپرسانى ئه‌و فه‌رمانگه‌ و بەڕێوەبەرایەتییە به‌رپرسیارن.

پێنجەم/ ھەموو فەرمانبەرانی فەرمانگە و دام و دەزگاکانى حکومى لەسنوورى پارێزگاى هەولێر بە ھێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە، لە ماوەی دوو مانگدا دەبێت ڤاکسین وەربگرن، بە پێچەوانەوە بەپێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەران مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

شەشەم/ پرسەدانان لە (کۆڵان – هۆڵ – ماڵ – ژێرخێوەت – باخچە و هەرشوێنێکی تر) قه‌ده‌غه‌یه‌ و هه‌ر كه‌سێك پابه‌ند نه‌بێت سزا ده‌درێت و بنکەکانى پۆلیس ڕاسپێردراون چاودێرى سنوورەکانى خۆیان بکەن.

حەوتەم/ ھەموو ئەوانەی لە کەرتی تایبەت کار دەکەن، پێویستەکارتی ڤاکسینیان ھەبێت.

هه‌شته‌م/ مامۆستا و فەرمانبەرانی قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگەکان و ئەو قوتابیانەی کە تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵەوەیە، دەبێت تاوەکو 2021.12.1 ڤاکسینیان وەرگرتبێت.

نۆیه‌م/ داواده‌كه‌ین هه‌روه‌ك چۆن لە ڕابردوودا مامۆستایانی ئایینی هاوکارمان بوونە، بە هەمان شێوە ھاوکاربن لە بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری تەندروستیی و رێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانى خۆپارێزى

دەیەم/ دایکان و باوکان دەتوانن تاوەکو 2021.10.31 بڕیار بدەن کە منداڵەکانیان بچنە قوتابخانە یان بەشێوەی ئۆنلاین بخوێنن.

یازده‌یه‌م/ لە کۆڕوکۆبوونەوەکاندا دەبێت بەشداربووان یان کارتی ڤاکسینیان پێ بێت، یاخود پشکنینی کۆرۆنایان کردبێت، بۆ ئەو مەبەستەش خاوەنى (هوتێل، هۆڵ، شوێنەکان) بەرپرسیارن و لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە چاودێرى دەکرێن.

دوازدەیەم/ له‌ دواى بڵاوبوونەوەى ئەم ڕاگەیندراوە، ژوورى ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگاى هه‌ولێر، هێزه‌كانى پۆلیسى هاتووچۆى ڕاسپاردووە ڕێکارى تایبەت بەرامبەر شوفێران و سەرنشینانى بگرنەبەر کە پابەند نین بە ڕیکارەکانى خۆپارێزى و ڕێنماییە تەندروستییەکان، بەتایبەتى بەستنى (ماسک).

سێزدەیەم/ ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، بەڕەچاوکردنی کار و کەسابەت و بژێوی ژیانی هاوڵاتییان، بژاردەی کەرەنتین و قەدەغەی تەواوەتی هاتووچۆی هەڵنەبژارد، بەڵام ئەگەر لەهەر قەزا و ناحییە و شوێن و گەڕەک و کۆڵانێک هاوڵاتییان پابەندی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان نەبن و مەترسیەکان پەرەى سەند، ئەوا لەپێناو پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی گشتیی شاره‌كه‌مان، رێكاره‌كان توندتر دەکرێن، بۆیە داوا لەهەموولایەک دەکەین پابەندبن، تاوەکو بارودۆخەکە و ڕەوشی تەندروستیی لەوەی هەیە سەختر نەبێت.

چوارده‌یه‌م/ ئه‌م رێكارانه‌ له‌كاتژمێر 12ى ئه‌مشه‌و 25 له‌سه‌ر 26ى 10ی 2021 دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

ژوورى ئۆپه‌راسیۆنى پارێزگاى هه‌ولێر 

بەپەلە

مەسرور بارزانی فەرمان بۆ تەرخانكردنی گوژمەی پێویست بۆ پڕۆژەی ماستەرپلانی هەڵەبجە دەردەكات

ئەمڕۆ پێنجشەممە 28/3/2024، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “مەسرور بارزانی، …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *