رۆسەی چاکسازی لە زۆربەی وەزارەتەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە و بریکاری وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتییش دەڵێت، تەنیا لە چاکسازیی فایلی کەمئەندامان مانگانە ٤٠٠ ملیۆن دینار بۆ خەزێنەی حکوومەت گەڕێندراوەتەوە.
زەکیە سەید ساڵح، بریکاری وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی ڕاگەیاند: “لە سەرەتای دەرکردنی یاسای چاکسازی لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی دەست بە پرۆسەی چاکسازی کراوە، لە ھەموو بەڕێوەبەرایەتی و ئەو فەرمانگانەی سەر بە کاروباری کۆمەڵایەتیش چاکسازیی تێدا ئەنجام دراوە، ھەرچەندە تا ئێستا نەگەیشتووینەتە ئەنجامێکی کۆتایی، چونکە لەسەر ئاستی باڵا و بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەزارەت کاری تێدا دەکرێت، بەڵام ئەوەی تا ئێستا ئاشکرایە لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی فەرمانبەری زیادە و دوو مووچە نییە.”
بریکاری وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی دەشڵێت: “بەشێکی فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی دەوامیان ٢٤ کاتژمێرە و ئەو فەرمانگانە پێویستیان بە میلاکە، نەک فەرمانبەری زیادی ھەبێت.”
زەکیە سەید ساڵح ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: “لە پێداچوونەوەی کەمئەندامان نزیکەی دوو ھەزار کەمئەندام دەرکەوتوون کە دوو مووچە و سێ مووچەیان ھەیە، یان کەمئەندام ھەیە کۆچی دواییی کردووە و مووچەی ماوە، ئەوانە ئاشکرا بوونە و کاری تێدا دەکرێت، تا بزانین لەو دوو ھەزارە چەندی لێ دەردەچێت، مانگانە بەھۆی ئەو چاکسازییەی لە لیستی کەمئەندامان کراوە، ٤٠٠ ملیۆن دینار بۆ حکوومەت دەگەڕێتەوە.”