نوێترین هەواڵ
سەرەتا / ڕاپۆرت / هه‌واڵگری جیهانی داعش له‌ عێراق سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌

هه‌واڵگری جیهانی داعش له‌ عێراق سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌

ده‌زگه‌ی هه‌واڵگری وڵاتانی جیهان دووپات له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ تا ئێسته‌ ناتوانن چاره‌نووسی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش له‌ عێراق و سووریا یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌ و بگه‌ن به‌و ئه‌نجامه‌ی كه‌ ڕێكخراوه‌ له‌و دوو وڵاته‌ بوونی نه‌ماوه‌ و به‌ ته‌واوی ڕیشه‌كێشكراوه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌یش ده‌كه‌ن، كه‌ مه‌ترسییه‌كان به‌رده‌وامیان هه‌یه‌ و چاوه‌ڕوانی چوونی ڕێكخراوه‌كه‌ بۆ وڵاتێكی تر و ناوچه‌یه‌كی تری جیهان ناكرێ، به‌ڵكو هه‌میشه‌ مه‌ترسی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ و فره‌وانبوونه‌وه‌ی كرده‌ تیرۆریستییه‌كان له‌ ئارادایه‌، به‌ تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق ده‌كشێنه‌وه‌.

ڕه‌گی داعش به‌ نێو خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ قووڵبووه‌ته‌وه‌ و هزر و ئایدلۆجیاكه‌یان بوونی ماوه‌ و كۆتایی نه‌هاتووه‌، ئه‌مه‌یش هانده‌ره‌ كه‌ هه‌موو كات ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌بێ، ژماره‌ی چه‌كدارانی زۆر ببێته‌وه‌ و مه‌ترسی گه‌وره‌ له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ دروست بكاته‌وه‌، به‌ تایبه‌ت به‌هۆی ئه‌وه‌ی هیچ هیوایه‌ك بۆ ژیان له‌ عێراق و سووریا بوونی نییه‌ و خه‌ڵكی له‌وپه‌ڕی هه‌ژاری و بێكاریدان، به‌ تایبه‌ت له‌و ناوچانه‌ی كه‌ پێشتر له‌لایه‌ن ڕێكخراوه‌كه‌ كۆنتڕۆڵكرا بوو.

به‌ گوێره‌ی ڕاپۆرتی تیمێكی چاودێری سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، كه‌ هۆشداری به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌دات له‌وه‌ی هه‌میشه‌ مه‌ترسی هه‌یه‌ كه‌ ڕێكخراوه‌كه‌ له‌ عێراق و سووریا چالاك ببێته‌وه‌ و كێشه‌ و گرفتی گه‌وره‌ دووباره‌ دروست بكاته‌وه‌.

ڕاپۆرته‌كه‌ به‌ پشتبه‌ستن به‌ زانیاری ده‌زگه‌ی هه‌واڵگری زۆرێك له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ بوونیان هه‌یه‌ و له‌ دژی داعش شه‌ڕ ده‌كه‌ن، ڕاستییه‌كانی خستووه‌ته‌ ڕوو و تێیدا هاتووه‌، كه‌ ڕێكخراوه‌كه‌ به‌ ته‌واوی خۆی حه‌شارداوه‌ و سه‌رجه‌م خاڵه‌ لاوازه‌كانی هێزه‌كانی ته‌ناهی عێراق و سووریایشی دۆزیوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ به‌ ئاسانی مۆڵگه‌ی ئارام بۆخۆی ده‌دۆزێته‌وه‌ و هه‌ر كاتیش مه‌به‌ستی بێت، ئه‌وا ئۆپراسیۆن له‌ دژی هێزه‌كان ئه‌نجام ده‌دا و كێشه‌ له‌ گوند و ئاوایی و ناوچه‌ دووره‌ ده‌سته‌كان ده‌نێته‌وه‌.

ئاماژه‌ به‌وه‌یش دراوه‌، كه‌ هێرش و كرده‌ تیرۆریستییه‌كانی به‌غدا له‌ كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری ئه‌مساڵ و نیسان/ئه‌پریل و ماوه‌ی ڕابردوو، ئاماژه‌ی ڕوون و سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕێكخراوه‌كه‌ دووباره‌ خۆی ڕێكخستووه‌ته‌وه‌ و به‌ به‌هێزی سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌ و ده‌توانێ سه‌رجه‌م خاڵه‌ ته‌ناهی و بازگه‌كان تێپه‌ڕێنێ و خۆكوژ بگه‌یه‌نێته‌ ناو جه‌رگه‌ی به‌غداوه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ له‌ ڕووی ته‌كنه‌لۆجیا و مه‌شقه‌وه‌ هێزه‌كانی عێراق چه‌ندان ساڵه‌ له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ كۆمه‌ك ده‌كرێن و هیچ كات پێشبینی ئه‌وه‌ نه‌كراوه‌، ئه‌و جۆره‌ دزه‌كردنه‌ ئاشكرا و گه‌ورانه‌ دروست ببێته‌وه‌، ڕێكخراوه‌كه‌ له‌ ناوجه‌رگه‌ی به‌غدا ته‌قینه‌وه‌ی خۆكوژی ئه‌نجام بدات.

ده‌زگه‌ هه‌واڵگرییه‌كان پێشبینی ده‌كه‌ن، كه‌ پاشماوه‌كانی داعش به‌رده‌وام ده‌بن له‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر خه‌ڵكی مه‌ده‌نی و گونده‌كان و ناوه‌ ناوه‌یش خاڵی هێزه‌كانی ته‌ناهی و به‌ زۆریش ئامانجه‌كانیان له‌سه‌ر به‌غدا چڕ ده‌كه‌نه‌وه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ دیاله‌ و سه‌ڵاحه‌دین و كه‌ركووك زۆرترین چالاكیان هه‌یه‌ و زۆربه‌ی ڕێگه‌ سه‌ره‌كییه‌كان له‌ شه‌ودا له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌واندایه‌.

له‌ ڕاپۆرته‌كه‌ هاتووه‌، توانای داعش له‌ كۆنتڕۆڵكردنی نێوان پارێزگه‌كان و تێپه‌ڕین به‌ نێو بازگه‌كان به‌ ته‌واوی هه‌واڵگری وڵاتانی هاوپه‌یمانی نیگه‌ران كردووه‌ و گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌ ڕێكخراوه‌كه‌ به‌ ته‌واوی به‌سه‌ر پلانی ته‌ناهی و ته‌واوی هێزه‌كانی عێراق له‌ پارێزگه‌ جیا جیاكان سه‌ركه‌وتوو بووه‌، كه‌ ئه‌مه‌یش كارئاسانی گه‌وره‌یان بۆ دروست ده‌كات، تا له‌ دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و زۆربوونی ململانێ و گرژی سیاسی ده‌ست به‌ هه‌ڵمه‌تی گه‌وره‌ و فره‌وانتر بكات.

به‌ گوێره‌ی خه‌مڵاندنه‌كان ئێسته‌ ژماره‌ی چه‌كدارانی داعش به‌ ته‌نیا له‌ عێراق زیاتر له‌ هه‌شت هه‌زار چه‌كدار ده‌بێت، ئه‌مه‌یش له‌ كاتێكدایه‌ له‌ 2017 ژماره‌ی چه‌كداره‌كانی به‌ 34 هه‌زار ده‌خه‌ملێنرا، ڕاپۆرته‌كه‌ ئه‌وه‌یشی خستووه‌ته‌ ڕوو، كه‌ به‌شێك له‌ شاره‌دێ و گونده‌ دووره‌ ده‌سته‌كان له‌ عێراق له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌ڵمه‌تی سه‌ربازیشی لێ ئه‌نجام ده‌درێ، به‌ڵام دوای ته‌واوبوونی هه‌ڵمه‌ته‌كان جارێكی تر چه‌كدارانی داعش بۆ ناوچه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و وه‌ك مۆڵگه‌ی گرنگی خۆیان سه‌یری ده‌كه‌ن.

شوێنگره‌وه‌ی به‌غدادی كه‌ ناوی ئه‌بو ئیبراهیم ئه‌لهاشمی ئه‌لقوڕه‌یشییه‌ و ناسناوی خه‌لیفه‌ی داعشی پێدراوه‌، ده‌زگه‌كانی هه‌واڵگری ڕایانگه‌یاندووه‌، كه‌ تا ئێسته‌ ئیبراهیم هاشمی هیچ سه‌ركرده‌یه‌كی ڕێكخراوه‌كه‌ی نه‌بینیووه‌، له‌ ترسی ئه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ر شوێنی مانه‌وه‌ی ئاشكرا بكرێت و چاره‌نووسی هاوشێوه‌ی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی بێت.

بەپەلە

وەهاب هەڵەبجەیی چۆن هەوڵى نانەوەى شەڕى هەورامى و سۆرانى دەدات لەژێر ناوى کوڵەباڵەکەدا

وەرن لە کۆمێنت زیاتر لەوبارەوە بخوێنەرەوە بەرپرسە هەورامیەکانیش هاتنەسەر خەت حاجى تاهیر هەورامیی پیاوێکى سەرمایەدارى …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *