د.ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان كه هاوكات ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتیشه ڕه‌خنه له‌حزبه‌كه‌ى ده‌گرێت‌و له دیدارێكی رۆژنامەوانیدا له‌گه‌ڵ دیجیتاڵ میدیاى (واضح) ده‌ڵێت،”حزبه‌كه‌م وه‌كو حزب پشتیوانیم ناكات، ڕاگه‌یاندنى حزبه‌كه‌م به‌هه‌مانشێوه”.
باس له‌وه‌شده‌كات، “كاتێك كه ڕوبه‌ڕوى هێرشى ناڕه‌وا ده‌بمه‌وه ئه‌وان داكۆكیم لێناكه‌ن، زۆركاتیش كاراكته‌ر له‌ناو حزبه‌كه‌ى خۆم به‌شێكه له‌وه‌ى كه په‌لامار ده‌درێم، ڕوئیام ناده‌نێ كه چۆن له‌په‌رله‌مانى كوردستان كاربكه‌م”.
د.ڕێواز ته‌ئكیدده‌كاته‌وه له‌وه‌ى، “ئێستا به‌هێز بووم زۆر زۆر به‌هێز بووم، ئه‌گه‌ر ئێستام به‌راورد بكرێت به‌ساڵێك یان زیاتر پێش ئێستا، ئه‌و پشت به‌خۆبه‌ستنه‌م كردومى به‌مرۆڤێكى جیاواز‌و به‌هێز، من سوپاسى حزبه‌كه‌م ده‌كه‌م كه به‌ته‌نها به‌جێیان هێشتم”.
ئه‌و ده‌ڵێت،”له‌هه‌رێمى كوردستان دونیاى سیاسه‌ت دونیایه‌كى پیاوانه‌یه، ئه‌وان پاره‌یان لایه هێزیان لایه نفوزیان لایه‌و بڕواشیان به‌به‌كارهێنانى هه‌یه، هه‌رچى ژنه‌كانیشن ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌شیان لابێت، بڕوایان به‌به‌كارهێنانى نییه”.
جه‌ختیشده‌كاته‌وه، “حزب‌و تاكى كوردى نه‌یتوانیوه به‌ته‌واوى خۆى دابماڵێت له‌عه‌قڵیه‌تى پیاوسالارى له‌مه‌یدانى سیاسه‌ت”.