موزەفەر ئهحمهد عهباس
مێژووی پەیوەندیی نێوان کورد و دەسەڵاتە عەرەبییەکان بەتایبەتی لە ئێراقی عەرەبیدا، پێویستی بە خوێندنەوە و تێرامانێکی جدی هەیە. چونکە کێشەکە تەنها ناکۆکییەکی سیاسی نەبووە، بەڵکو لە زۆر قۆناغدا بۆتە ملمڵانێ لەسەر ناسنامە، خاك ، ماف و بوونی نەتەوەیی کورد
ئەوەی جێگەی نیگەرانییە ، ئەو سیاسەتەیە کە کاتێک دەسەڵاتە ناوەندیە عەرەبیەکان پێویستیان بە هاوکاریی کورد بووە ، زمانی برایەتی و هاوچارەنووسییان بەکار هێناوە، بەڵام کاتێك هەستیان بە هێز و دەسەڵات کردووە، هەوڵیان داوە ماف ودەنگی کورد بە سنووری بەرژەوەندیی خۆیان ببەستنەوە و لەژێر هەرەشەی شمشێرو کوشتن وسەربرین هەوڵی قرکردنی کوردیان داوە
مێژووی ئێراق نموونەی زۆری لەم جۆرە سیاسەتەی تێدایە لە سیاسەتی عەرەبایەتی سەردەمی بەعس جینۆساید و ئەنفال و کیمیابارانکردن و راگوستن ، تا ئیستاش هەوڵی لاوازکردنی دەسەڵات و دەستکەوتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەدەن
بەڵام تا ئەمڕۆش پرسیارەکە هەر بەردەوامە: ئایا برایەتی نەتەوەیی لە دیدی هەندێك لە سیاسەتمەدارانی عێراقدا بنەمایەکی هاوبەشە، یان تەنها دروشمێکە بۆ ئەو کاتانەی کە پێویستیان بە کورد هەیە؟
کورد نابێت هەر جارێك بە دروشمی برایەتی و هاوچارەنووسی فری و بخوات، ئەگەر ئەو برایەتییە لە کاتی پێویستدا ڕێز لە ناسنامە، ماف و قەوارەی سیاسیی کوردستان نەگرێت چ مانایەکی هەیە
کورد داوای زاڵبوون بەسەر کەس ناکات، بەڵام قبووڵیش ناکات هیچ کەسێک بە ناوی برایەتییەوە مافی زاڵبوون بەسەریدا هەبێت.
ئەم ڕەخنەیە ئاراستەی سیاسەتی شۆڤێنیستی و ئەو دەسەڵات و لایەنانەیە کە مافی کوردیان پێشێل کردووە، نەك هەموو گەلی عەرەب؛ چونکە دادپەروەریی نەتەوەیی بە گشتگیرگرتنی تاوانی دەسەڵاتەکان بەسەر گەلاندا بەدەست نایەت































