
ئەمڕۆ چوارشەممە 18/11/2026، بەشی ڕاگەیاندنی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دراوە، دادگاکە سکاڵای ژمارە (211/فیدراڵی/2026)ـی ڕەت کردووەتەوە، ئەم سکاڵایە لە 26ی تشرینی یەکەمی 2026 تۆمار کرابوو و تێیدا داوای بڕیاردان لەسەر نادەستووریبوونی بەردەوامبوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرابوو، دادگاکە هۆکاری بڕیارەکەی بۆ نەبوونی تایبەتمەندی گەڕاندووەتەوە.
دانیشتنی دادگا بە سەرۆکایەتیی مونزیر ئیبراهیم حوسێن، دادوەر و سەرۆکی دادگاکە و بە ئامادەبوونی هەموو دادوەرەکان بەڕێوە چوو، لە دانیشتنەکەدا چاو بەو سکاڵایەدا خشێنراوەتەوە کە سکاڵاکار لە دژی سەرۆکی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان تۆماری کردبوو.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، سکاڵاکار لە سکاڵانامەکەیدا داوای کردبوو بەردەوامبوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە نادەستووری بناسێنرێت و ڕ ێکارە یاساییەکانی دوای ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێن.
بەپێی بەندی (93/یەکەم)ـی دەستووری ساڵی 2005ـی عێراق، دەسەڵاتی دادگای فیدراڵی تەنیا بۆ چاودێریکردنی ئەو یاسا و رێسایانەیە كە ئێستا کاریان پێ دەکرێت، بۆیە پرسی بەردەوامبوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە سنووری دەسەڵاتی ئەو دادگایەدا نییە.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا یاس لەوەش كراوە، دیاریکردنی سنووری دەسەڵاتی دادگا، کارێکی گشتییە و دادگا خۆی بڕیاری لەسەر دەدات، تەنانەت ئەگەر لایەنەکانی سکاڵاکەش باسیان نەکردبێت، بەو هۆیەشەوە سکاڵاکە رەت کرایەوە و بڕیارەکەش بە کۆی دەنگ دەرچووە، بەپێی بەندی (94)ـی دەستووریش هەموو دەسەڵاتەکان دەبێت پێوەی پابەند بن





























