
د.چنار سەعد عەبدوڵڵا
مرۆڤی ئەم سەردەمە بۆ هەموو پرس وبابەتێک پرسیار لە ئەی ئای دەکات ، منیش پرسیاری ئەگەری دابەشکردنی هەرێمی کوردستان وهەوڵدان بۆدامەزراندنی هەرێمی سلێمانیم ڕووبەڕووی ئەی ئای کردەوە،
پوختەی وەڵامەکە بەم شێوەیە بوو:
داواکردنی هەرێمی سلیمانی وهەڵەبجە پێشهاتێکی سیاسی هەستیارەو کاریگەری دەخاتە سەر داهاتووی ئەزموونی بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان وپەیوەندی نێوان هەردوو حزبی سیاسی، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان.
ئەی ئای لەوباوەڕەدایە کە؛ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ دەسەڵات وپشکی زیاتر لە ئیدارە، هەوڵی دامەزراندنی هەرێمی سلێمانی دەدات، لەوبارەوە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ناکۆکن .
سەبارەت بەوەی تاچەند ئەم داواکارییە لە دەستوری عێراق ڕێگا پێدراوە ، وەڵامی یاساییەکان بەم شێوەیەیە : بەپێی دەستوری عێراق (ماددە١١٧) هەرێمی کوردستان هەرێمێکی فیدرالی دان پێدانراوە. لە(ماددە١١٩)ی دەستوردا ڕێگا بەیەک یان چەند پارێزگایەک دەدات داواکاری بۆ بەهەرێم بوون پێشکێش بکەن، بەمەرجێک لەپارێزگاکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بن و دوای ئەنجام دانی ڕاپرسی.
لەبەرئەوەی پارێزگای سلێمانی بەشێکە لەهەرێمی کوردستان،کەواتە ماددەی ١١٩ ڕێگا بەهەرێم بوونی ئەم پارێزگایە نادات .
هەروەها بە بۆچوونی ئەی ئای، مەترسی داواکردنی هەرێمی سلێمانی، تەنها لە گۆڕینی پەیوەندی نێوان هەولێر و سلێمانی کورت نابێتەوە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر :
– داهاتووی سستمی فیدرالی هەرێمی کوردستان
– یەکگرتوویی دامەزراوە ئیداری وئەمنیەکان
– دابەشکردنی سەرچاوەکانی داهات
– پەیوەندی نێوان هەرێم وبەغدا
– داهاتووی شوناسی سیاسی کوردستان.
بەبۆچوونی من، دواخاڵ کە پاراستنی شوناسی سیاسی کوردستانە وەکو هەرێمێکی دیموکراسی ٣٥ساڵەی ناوچەکە، وێڕای کەموکوڕیەکان، گرنگترین بەرپرسیاریەتی مۆڕاڵی سەرشانی خەڵکی تێکۆشەر، ڕۆشنبیرو هێزەسیاسیەکانی کوردستانە.





























