
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەنیگەرانییەوە چاودێریی ئەو لێکتێگەیشتنانە دەکات کە حکومەتی فیدراڵ سەبارەت بە دۆخی شنگال، بەشێوەیەکی تاکلایەنە و بەبێ ڕاوێژ لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامیان دەدات. لێرەوە جەخت دەکەینەوە کە هەر هەنگاوێکی لەم شێوەیە، پێچەوانەی ڕێککەوتننامەی شنگالە کە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠دا بە سەرپەرشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆ کراوە.
بە بیر هەمو لایەک دێنینەوە کە شنگال و چیای شنگال بە خوێنی ئاڵی ٥٠٠ شەهید و ٣٠٠٠ برینداری پێشمەرگە قارەمانەکان ئازاد کراوە و دەبێ ڕێز لەو قوربانی و تێکۆشانە بگیرێت.
سەپاندنی واقیعێکی ئەمنی و کارگێڕیی نەخوازراو لە دەرەوەی دامەزراوە شەرعییەکان، دۆخی دەڤەرەکە ئاڵۆزتر دەکات و پرۆسەی ئاساییکردنەوە لەبار دەبات.
تاکە ڕێگەچارەی دروست، جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتننامەی شنگالە؛ چونکە تاکە زامنی پێکهێنانی ئیدارەیەکی شەرعی لەلایەن نوێنەرانی ڕاستەقینەی ناوچەکە، دەستپێکردنەوەی ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیرکردنی ئاسایشە، کە ئەمانەش مەرجی سەرەکین بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و شکۆمەندانەی سەدان هەزار خوشک و برای ئێزدی بۆ سەر زێدی خۆیان.
داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکەین پابەندی ڕێککەوتننامەی شنگال و سەرجەم ئەو ڕێککەوتنە سیاسی و بەرنامەی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی فیدرال بێت کە لە بوارەکانی ئیداری، ئەمنی و ئاوەدانکردنەوەدا ئەنجامی داون. ئەگەر جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنانە ئەستەمە، با بگەڕێنەوە بۆ ڕا و ئیرادەی خەڵکی شنگال بەتایبەتی ئێزدییەکان؛ کێیان پێ باشە و چییان پێ باشە با بڕیاری لەسەر بدەن و هەمووان پابەند و پشتیوان بن بۆ هەڵبژاردەکەیان، چونکە سەقامگیریی دەڤەرەکە و ئارامیی خەڵکەکەی لە سەرووی هەموو بەرژەوەندی و ئامانجێکی ترەوەیە.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان



























