هەروەها گوتیشی “داوامان لە سەرجەم وەزارەت و دام و دەزگاکان کردووە ئاستەنگ و رێکارە بیرۆکراسییەکان لەبەردەم کۆمیسیۆن لاببەن” و ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە بە درێژایی کاژێرەکان کاربکەن بۆئەوەی سەرکەوتنی هەڵبژاردن تۆماربکرێت.
دەقی قسەکانی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق:
ئێمە رامانگەیاندووە رۆژی 6/6/2021 رۆژی هەڵبژاردنی گشتیی پێشوەختە؛ هیوادارم کۆمسیۆنی بەڕێز هەموو پابەندی و پێویستییەکانی خۆی پێشکەشی حکومەت بکات. راستە هەندێکتان پێشکەشکردووە و کارمان لەسەر کردووە، جارێکی دیکە داوادەکەم، داواکارییەکانی کۆمیسیۆن پێشکەش بە حکومەت بکەن بۆئەوەی لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسندی بکەین و پێوەشی پابەندین، وادەی هەڵبژاردنەکە گرنگە و پێویستە لەو وادەی دیاریکراوە عێراقییەکان بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆئەوەی ئاییندەی ئەزموونی سیاسیی عێراق یەکلایی بکەنەوە.
ئێستا پرۆسەیەکی دیکەمان هەیە کە بریتییە لە پرۆسەی تۆماری دەنگدەران، ئاڵنگارییەکانی گەورەن و پێویستمان بەوەیە 24 کاژێر کاری لەسەر بکەین، بۆئەوەی دۆخێکی ئاسایی فەراهەم بکەین و ئاسانکاری بۆ دەنگدەران بکرێت لە پێویستی و بەڵگەنامەکان و پابەندبوونەکان. گفتوگۆمان لەسەر داواکارییە داراییەکانتان کرد، هیوادارین کۆمیسیۆن بە جیددی کار بکات بۆ کەمکردنەوەی بڕی پارەکە، تاوەکو بڕێکی بابەتیانە بێت.