
داواكاری گشتیی هەرێمی كوردستان، بەمەبەستی داخستنی كەناڵی ئێن ئاڕ تی، نووسراوێكی فەرمیی بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بەرز دەكاتەوە.
بەپێی نووسراوێكی ئازاد حەسەن سەرۆكی داواكاری گشتی بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، داوا کراوە لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی گیان و تەندروستیی گشتی، هەڵسن بە داخستنی یەكجارەكی كەناڵی ئێن ئاڕی تی كوردی و عەرەبی.
لە نووسراوەكەدا باس لەوەش كراوە، هۆكاری داواكارییەكە بەهۆی ئەو هەواڵ و ڕاپۆرتانەیە كە هاندانە بۆ خەڵك و پێشێلكردنی سەرجەم ڕێكار و رێنوێنییەكانی وەزارەتی تەندروستی.
باس لەوەش كراوە، هەواڵەكانی ئەو كەناڵە دەبێتە هۆی شڵەژانی باری دەروونی هاووڵاتییان لە سات و كاتێكی وا هەستیار و ترسناك.
لە كۆتایی نووسراوەكەدا داوا لە وەزارەتی ڕۆشنبیری كراوە لە ئەنجامەكەی ئاگەدارییان بكەنەوە.
كەناڵی ئێن ئاڕ تی پێشتر بەهۆی دەرچوون لە ڕێنوێنییەكانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و پێشێلكاری كاری ڕۆژنامەنووسی چەندان جار سزا دراوە و پەخشەكەی وەستێنراوە.
شاسوار عەبدولواحید خاوەنی کەناڵی ئێن ئاڕ تی، لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی بوونی سكاڵایەكی زۆر لەسەری كە خواردنی مافی هاووڵاتییانە، چەندان جار گیراوە.