
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی لەبارەی ڕووداوەكانی حەلەب و بەئامانجگرتنی كورد بڵاو كردەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 8/1/2026، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی بڵاو كردەوە و دەڵێت: “ڕووداوەکانی حەلەب و بە ئامانجگرتنی کورد لەپێناو گۆڕینی دیموگرافیی ناوچەکە و دروستکردنی مەترسی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییانی سڤیل، دەسەڵاتی دیمەشق و ویژدانی کومەڵگەی نێودەوڵەتی دەخاتە ژێڕ پرسیارەوە.”
سەرۆكی حكوومەت ئەوەشی خستووەتە ڕوو: “شەڕ و توندوتیژی، چارەسەری بنەڕەتیی هیچ کێشەیەک ناکات، هیچ بیانوو و پاساوێک نابێت ڕێگە بە پاکتاوی ڕەگەزی بدات، پەلاماردانی گەڕەگە کوردنشینەکانی شاری حەلەب، ئێمەی بە قووڵی نیگەران کردووە.”
مەسرور بارزانی هەر لە پەیامەكەیدا ڕایگەیاندووە: “هیوادارین هەموو لایەک، دان بە خویاندا بگرن و ژیانی هاووڵاتیان بپارێزن، بۆ چارەسەری کێشەکانیش، پەنا بو دیالۆگ و گفتوگۆ ببەن، هەروەها هیوادارین سیستەمی حوکمرانیی ئێستای سووریا، لە ئاستی بەرپرسیاریەتیی دەسەڵاتێکی دیموکرات و گشتگیر بۆ هەموو خەڵکی سووریا بێت.”
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە