
ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ی 4ی 2025، پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: “لە سەر فەرمانی سەرۆک بارزانی سەرجەم تیمەکانی بەرگریی شارستانی و تیمی فڕۆکەوانیی فریاگوزاریی هەولێر بەشدار دەبن لە گەڕان بەدوای تەرمی ئاڤێستا یوسف.”
ئاماژەی بەوەش دا، كە “بەمەبەستی چڕکردنەوەی هەوڵەکانی دۆزینەوەی تەرمی ئاڤێستا سەید یوسف، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ی 4ی 2025، مەلا مستەفا مەسعود بارزانی، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، وێڕای سوپاس و دەستخۆشی لە سەرجەم تیمەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە ماوەی چەند ڕۆژێکە بەردوامن لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی تەرمی ناوبراو، بۆ بەجێگەیاندنی ڕاسپاردە و فەرمانی سەرۆک بارزانی، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا بەڕێزیان، پارێزگاری هەولێری ڕاسپارد، کە تیمەکانی بەرگریی شارستانی و تیمی فڕۆکەوانیی فریاگوزاری شاری هەولێریش، لە سنووری (بێخمە تا قەزای خەبات) بخرێنە ئەرک و هەوڵەکان چڕتر بکرێنەوە بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئاڤێستا یوسف.”
ئەوەشی خستووەتە ڕوو، كە “ڕۆژی شەممە 5ی نیسانی 2025، خانەوادەی سەید یوسف بۆ گەشتکردن چوونەتە سنووری قەزای مێرگەسۆر، لەو کاتەدا یەکێک لە کچ و کوڕەکانی سەید یوسف بۆ وێنەگرتن دەچنە لێواری زێی گەورە کوڕەکەی دەکەوێتە نێو ڕووبار و خوشکەکەی بە ناوی ئاڤێستا یوسف هەوڵی ڕزگارکردنی براکەی دەدات، براکەی بە سەلامەتی دەردەچێت، بەڵام ئاڤێستای خوشکی، کە تەمەن 27 ساڵ بوو دەکەوێتە ناو زێی گەورە تاوەکوو ئێستا بێسەروشوێنە و تیمەکانی فریاگوزاری و هاووڵاتییانی دەڤەرەکە بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی سۆراغی تەرمی ناوبراو