بەرپرسێكی دەستەی دەستپاکی ڕای دەگەیەنێت، یاسای چاكسازی دەچێتـە بواری جێبەجێكردن و هەر كەسێكیش ببێتە بەربەست، ئەوا تووشی سزای یاسایی دەبێت.
موشیر رەشید بەڕێوەبەری گشتیی یاسایی دەستەی دەستپاکی ،ڕاگەیاند، یاسای چاكسازی بۆ بەرەنگاربوونەوەی سەرجەم سێكتەرەكانی وەك ئابووری، سیاسی و وەبەرهێنان و.. هتد گرنگە.
باسی لەوەش كرد، یاسای چاكسازی گرنگی زۆری بۆ فەرمانبەران هەیە، بەتایبەت ئەو فەرمانبەرانەی كە دامەزراون لە هەقی خۆیان زیاتر پۆست و پلەیان پێ دراوە.
ڕوونی كردەوە، هەزار و 557 كەس بەدەر لە ڕێنوێنییەكان پلەیان بەرز كراوەتەوە پێویستە پێداچوونەوەیان بۆ بكرێت، هەروەها 464 كەس بە پلەی وەزیر و ڕاوێژكار و بڕیكاری وەزیر و.. هتد خانەنشین كراون، بۆیە پێویستە بۆ ئەوانیش پێداچوونەوە بكرێت.
ئەوەشی باس كرد، چاكسازی لە خانەنشینی نایاسایی و خانەنشینی پلەباڵاكان دەكرێت، هەروەها لە ڕابردوودا بەربەستی زۆر هەبوو لە چاكسازی، بەڵام لە كابینەی نوێی حكوومەت گوڕوتینێكی زۆر خرایە سەر جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە و ئێستە بڕگە بڕگە جێبەجێ دەكرێت.
ئەوەشی ڕاگەیاند، لە مانگی تەمووز بە تەواوەتی دەست بە جێبەجێكردنی یاساكە دەكرێت، هەركەسێكیش بەربەست دروست بكات، ڕووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە.